کۆنتینیۆم لە (نەخێر)ى ڕەهاوە تاکو ( بەڵێ)ی ڕەها بۆ سەربەخۆیی کوردستان وەڵامێک بۆ بەڕێزان ئاراس فەتاح و مەریوان وریا قانیع

کۆنتینیۆم لە (نەخێر)ى ڕەهاوە تاکو ( بەڵێ)ی ڕەها بۆ سەربەخۆیی کوردستان وەڵامێک بۆ بەڕێزان ئاراس فەتاح و مەریوان وریا قانیع
یەکەم تێبینى لەسەر نووسینەکانى ئەم دوو وتارنووسە ئەوەیە، وتارەکانیان لەڕووی چەمک و رستە و ئەدەبیاتەوە، بە جۆرە نووسینێکی کوردی لۆکاڵییەوە بەندە، کە ئەگەر وەرگێڕانی بۆبکرێت بۆ نموونە بۆ زمانی ئینگلیزی بەشی زۆری هەر مانای نابێت.
دووەم خاڵ لۆژیکی نووسینەکانیان بە تایبەت لەسەر دژبوونیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بریتییە لە بۆچوونێکی زۆر کەموکورت و لاوازی - ئاکتۆر سێنتێریک-، بەم واتایەی جەختی سەرەکی نووسینەکانیان لە سەر ئاکتۆر و رۆڵی ئاکتۆرە وهەموو شەرەکەشیان لەگەڵ ئاکتۆرێکی تایبەت و دیاریکراوە کە بارزانییە و خۆیان لە قەرەی شیکرنەوەى ئاکتۆری سیاسی دیکەى کوردستان بە گشتی نادەن.
بۆیە، نووسینەکانیان لەسەر سەربەخۆیی کورستان، پرۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچە کەو جیهان کە کاریگەرییان هەیە لە سەر رەوتی رووداوەکانی کوردستان باس ناکەن و هەروەها باسی ئەو پەیکەرە بونیادییانەش ناکەن کە لە کۆمەلگادا کاریگەرى گەورەیان لەسەر ئەکتەر و پرسە سیاسییەکان هەیە، ئەمەش کێشەیەکى زانستییە.
ئەو نووسەرانە خۆیان وەک کورد باسی پرسەکان دەکەن و لەوانەشە بیانەوێت جۆرێک لە ڕووکەشی ئەکادیمی پیشان بدەن، بەڵام هەردوو لایەنەکە بۆ گفتوگۆى ئێمە پێویست دەبن. بۆیە لە وەڵامێکدا دەبێ باسێکی هەمەلایەنە لەمبارەیەوە بکەین تاکو ئەم نووسەرانە لە هەژاری بۆچوونی خۆیان تێبگەن.
ئەگەر بەشێوەیەکى بابەتییانە هەڵسوکەوت لەگەڵ قسەکانیاندا بکەین، باسی سەرەکیی ئەم بەرێزانە بریتییە لە دوو خال:
یەکەم، کوردستان کێشەى زۆرە.
دووەم، بارزانی هەوڵی ئەوە دەدات کە ریفراندۆم بکاتە شاگوتاریی کۆمەڵگا، راست دەکەن، بارزانی هەولی ئەوەی داوە و دەیدات. ئەی گرفت لە کوێدایە؟
ئەو نووسەرانە پێمان دەڵێن (بارزانی) ڕاست ناکات و هەروەها ئەم گوتارە لە ئاکامی نەبوونی گوتاری دیکەدا هاتۆتە پێش.
کە ڕەخنە لە گوتاری بەرانبەر دەگرێت، دەبێ دەستنیشانی ئەوەش بکەی کە گوتاری بەدیلی تۆ کامەیە؟ پێموایە ئەمە خواستێکی بە جێیە.
هۆکارەکە دەروونی یان مەعریفی بێت، ئەوان خۆیان لە پێگەیەکدا داناوە کە بە شێوەی رەها بە بێ بیر کردنەوە رێگا بە خۆیان دەدەن حوکم بدەن و هەموو جۆرە قسەیەک بکەن. بۆ نموونە بە شێوەیەکى خراپ باسی ئەو کەسانە دەکەن کە لایەنگری لە گوتاری سەربەخۆیی دەکەن.
لەم خاڵە دا پرسیارێک رووبەرووی ئەم دوو بەرێزە دەکەمەوە، ئەگەر گریمان گوتاری ئێوە گوتاری دیموکراسییە، ئایا لە دنیای دیموکراسی ئێوەدا کەس بۆی هەیە کە لایەنگری گوتارێکی دیکە بێ یان هەر کەس لەگەڵتان نەبێ پێی دەڵێن مەداحی سەدام؟ ئەگەر وا بێ بۆ چی گوتاری ئێوە دیموکراتییانەیە؟
بە گوێرەی بۆچوونی ئێوە لایەنگرانی گوتاری ریفراندۆم کارێکی خراپییان ئەوەیە هەوڵ دەدەن ئەم گوتارە بکەن بە گوتارێکی بەهەژموون و بەربڵاو، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە ڕووی گرنگییەوە پرسێکی دیکە هەیە بۆ کورد هەژموونی زیاتر بێت لە گوتاریی سەربەخۆیی؟!
بە گوێرەی بۆچوونی ئێوە ئەرکی گوتاری رێفراندۆم و سەربەخۆیی ئەوەیە کە ئەو بۆشایی گوتارییە پر بکاتەوە کە ئێوە باسی لێوە دەکەن. بۆ لە خۆتان ناپرسن لە (٢٠٠٣)ئەوە تاکو ئێستا ئەو هەموو دانووستان دارشتنی دەستوری عێراق و گەشەی ئابووری و چەسپاندنی دەسەڵات و سەروەری کورد بە سەر خاکی خۆیدا و کردنەوەی مەیدانێکی فراوانی دیپلۆماسیی کوردی و زیادکردنى کوردستان بۆ سەر نەخشەی وزەی جیهانی و تەنانەت گەیاندنی کورستان بەو ئاستە کە لە ناوچەیەکی وەک ناوچەی ئێمەدا کورد بوێرێ باسی رێفراندۆم و سەربەخۆیی بکات و پێشی وا بێ کە پێی دەکرێ و هیچ ریسکێک ناکات، ئایا ئەمە بۆشایی گوتارییە لە لایەن سەرکردایەتی کوردەوە؟ یان بەڵگەیەکی روونی بۆشایی تێگەیشتن و خۆێندنەوەی ئێوەیە لە بارو دۆخی وڵاتی خۆتان؟
چەند پرسیارێکی وەک خۆیان دەڵێن زانستی دێننە گۆڕێ و خۆشیان وەڵام دەدەنەوە:
١- کێن ئەوانەی ئەم گوتارەیان بەرھەمھێناوە؟ خۆتان وەڵام دەدەنەوە کە لاى زۆرینەى زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێم ئاشکرایە کە ھەڵگری ئەم گوتارە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئێوە خراپییەکانی مەسعود بارزانی بۆ گەنجان و میللەتی خۆتان ئاوا باسدەکەن:
(ئەم پیاوە دوجار بەنایاسایی تەمەنی سەرۆکایەتیی ھەرێمی بۆ درێژکراوەتەوە، نزیکەی چوار ساڵە وادەی سەرۆکایەتییەکەی بەسەرچوە، جگە لەحیزبەکەی خۆی کە سەرۆکێکی ئەبەدییەتی، لەڕوی یاساییو ئەخلاقییەوە مافی ئەوەی نیە بەناوی سەرۆکی ھەرێمەوە ھیچ بڕیارێک بۆ ھیچ کەسو دەزگاو لایەنێک لەھەرێمدا دەربکات).
هیچ بە خوێنەر ناڵێن کە بۆ وای کردووە؟ لە هەر قۆناغێدا بالانسی هێز و گفتوگۆکان چۆن بوونە؟ و هەڵوێستی بارزانی چ بووە ؟ و کامە شت لە کوردستاندا لە مەترسیدا بووە ؟ باسی ئەوە ناکەن کە زەمینەی سیاسەتی کوردی چۆن بەردەوام لە ژێر هەرەشەدا بووە، باسی ئەوە ناکەن کە ئەگەر ئەوەندە بە ڕوون و ئاشکرا ئەم سەرۆکەمان ناشەرعییە، چۆن دنیا و زۆر کەسانی عەقلانیتر لە من و ئێوەش مامەڵەی فەرمی لەگەڵدا دەکەن؟
ئەمەیان ستەمە، ئەگەر لەنەزانییەوە نەبێت، ستەمە پێش هەموو کەسیش لە خۆتان و لە ئارگۆمێنتەکەتان . پاشانیش حوکم دەدن کە بارزانی بۆی نیە هیچ بریارێک دەربکات، ئەمەشیان نیشانەی تێگەیشتنێکی لەرزۆکە لە سیاسەت. ئەوە نیە بریار دەردەکات و سیاسەتی ڕەسمی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەم سەرۆکە دا هەڵسوکەوت دەکات؟ لێرەدا دەبێ شتێکتان لێ ون بووبێت!
یەکێک لە گرفتەکانیان لەگەل بارزانی ئەوەیە کە بە بۆچوونی ئەوان:
(ئەو ھەموو قەیرانانەی هەن لە سایەی حوکمڕانی ئەودا دروستبوون).
خودی ئەم ڕستەیە نیشاندەری بێ ئاگایی نووسەرانە لە قەیرانەکانی کوردستان، بەشێکی زۆری قەیرانەکانی کوردستان لەبەر هۆکاری مێژوویی و پێنەگەیشتوویی کۆمەلگای کوردییەوەیە و بەهۆى بونیادى مێژووییەوەیە. دیارە ئەم جۆرە گفتوگۆیانە ، باس و خواستی ئەم بەرێزانە نیە. کوالیتی هێزی کار، ئاستی تەمەدون و بەشارستانیبوون، گەشەی سەرمایەی مرۆیی، گۆرانکارییەکانی پەیکەر، نەبوونی بنەما ی پێویست بۆ دامەزراندنی سیستمی بانکی، لەبەر ئەم هۆکارەش نەبوونی کەرتی تایبەتی چالاک، نەسوڕانی پارە لە بازاردا، نەبوونی بانکی ناوەندی، نەبوونی سەروەریی نەتەوەیی بۆ چارەسەری بەشێکی زۆری ئەم گرفتانە، تێکچوون و گۆرانکاریی مێژوویی گەورە لە کشت وکاڵدا لەبەر رەوتی بەشارستانیبوون و هەروەها بەرنامەی تێکدەرانەی نان بۆ نەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارتێکەرییەکانی لە سەر ئەم کەرتە، و دەیان خاڵی دیکە... دیارە ئەم بابەتانە بۆ ئەم بەڕێزانە جێی بایەخ و بیر کردنەوە نین، بۆیە هۆکاری قەیرانەکان لاى ئەوان بارزانییە، ئەمە چ جۆرە شیکردنەوەیەکە؟
بەڵام خودا هەڵناگرێ ئەوەش دەڵین کە ئەوەی بارزانی لە مەیدانی ئابووریدا تا ئێستا، پاراستووە ئەوەیە :
( کۆنترۆڵکردنێکی سەرتاسەری ئابوریی ھەرێمە، بەتایبەتی ئابوریی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی و داھاتی کۆمەڵگایە).
وادیارە ئەوە قبوڵ دەکەن و دەیسەلمێنن کە نەوت و سیاسەتی نەوتی هەرێم بووە بە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی و داهاتی کۆمەڵگا. دیارە سیاسەتی هەرێم دەتوانێ سەرچاوەی داهات و بژێوی بە دوور لە دەستەڵاتی مالیکی و بەغدا بۆ خەڵک و کۆمەڵگا دابین بکات، ئەگەر وایە بۆ ئەوەندە دژن براینە؟
بەراوردی رێفراندۆمی ٢٠٠٥ و ٢٠١٧
ئەوان وەکو مەبەستێک کە پێیانوایە ریفراندۆم دەمێکە ئەنجامدراوە و ئەوەى ئێستا زیادە دەڵێن :
(بارزانی لەمڕۆدا خستونیەتە بەردەم بژاردەی دوو پرسیارەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە ھەڵمەتێکی بەرفراوانی نووسەران و رۆشنبیران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا بۆ پرسی ریفراندۆم، ٩٨%ی دەنگەکان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی وەڵامیانداوەتەوە).
خەڵکی بێ وڵات و ئەو خەڵکانەن کە بەرپرسیارن و وڵاتیان هەیە جیاوازییەکی بەرچاویان هەیە لە یەک خاڵ ئەوەی وڵاتی نەبێ و سەر بە میللەت و کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو و بەلەنگاز بێ، قسەکانی ( ١٩٨٠ و ١٩٩٠و ٢٠١٠و ٢٠٢٠ ) یشی ،هەر وەک یەک دەبن، ئەوەی وڵاتی هەبێ بەرژەوەندی میللی و وڵاتەکەی دیار بێ قسەی هەفتەی داهاتووی لەم هەفتەیەدا ناکات. سەرۆکایەتی هەرێم لە ( ٢٠٠٣)ەوە لە نووسینی دەستوری عێراقییەوە تاکو ئێستا، بە دەستووریکردنی فێدرالیزم، بەپێداگری لە سەر گەڕانەوەی کەرکوک لە ناو گوتاری کوردییدا، لە پرۆسەی گەشەی پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتیدا بە پاراستنی جیاوازی نێوان خۆی و بەغدا، دیسکۆرسی نەتەوەیی خۆی هەم پاراستوە و هەمیش بە هێزتر و بە هێزتری کردووە، بۆیە قسە لە بۆشایی گوتار کە دەکەن لە جێی خۆیدا نیە و دەبێ بە نووسینەکانتان دا بچنەوە و ئارگیومێنتی خۆتان بە هێزتر بکەن.
بارو دۆخ بۆ پرسی سەربەخۆیی لە هەموو کاتێکدا هاوشێوە نیە، جیاوازی نێوان سەرۆک و خەلکانێک کە بەرپرس نین لە بەرەوپێشبردنی ژیان و چارە نووسی میللەتدا ئەوەیە. ئەوەی کە بەرپرس نەبێ ساڵی ( ١٩٨٠ و ٢٠٠٠) هیچ جیاوازییەکی بۆی نییە.
لە (٢٠٠٥)ەوە تاکو ئێستا زۆر شت گۆڕدراوە، هەلومەرجی فیدراڵی لەڕووی سیاسییەوە بۆ کورد دەستبەرکرا، گەشەی کۆمەڵگای کوردی لە ژێر سایەی ئەم فێدرالیزمەدا هەنگاوی گەورەی بەرەو پێش هەڵێناوە، و داڕمانی بەغدا (کە شکستی بەغدا خۆی هۆکار و بەڵگەیەکی گرنگە لە سیاسەت و یاسای نێودەوڵەتیدا ) ڕێگای بۆ کورد کردەوە تاکو هەنگاوی گەورەتر بنێت. ئێوە ئەم دینامیکە نابینن.
یەکانگیریی خاک و نەتەوە
باسی ئەوە دەکەن:
( بارزانی هەموو هەولەکانی بۆ ئەوە بووە کە ئێستا بەوە ڕازیبێت بەھەرنرخێک بووە سەرۆکی دوو شار لەشارەکانی ھەرێم بێت).
ئەمە دانپێنانە لە سەر نەنگی و لایەنێکی لاوازی کۆمەلگای کوردی وەک نەتەوەیەک، ئێوە و گشت خەلکیش دەزانێ کە تا گەیشتووینە ئێرە بە دەیان فشار و شەری ناوخۆییدا تێپەریوین، هەموومان ئەوانە دەزانین بەڵام پرسیار ئەوەیە کە لە کات و دەمی ئێستادا، کێ چ دەڵێت؟ بارزانی و لایەنگرانی رێفراندۆم و سەربەخۆیی پێشنیاریان یەکانگیرکردنی خاک و خەڵکە لە هەرێم و گشت ناوچەکانی دەرەوەی هەرێدا ، بەڵام بە داخەوە گوتاری ئێوە بریتییە لە ساز کردنی زیندانێکی تەریک و تاریک بۆ بەشێک لە خەڵکی شاری سلێمانی و سەنگەر گرتنەوەیە لە دژی ناوچەکانی تر، باشە کام لەم ئالتەرناتیڤانە شەرافەتمەندایە؟ کوردانەیە؟ خێری میللەتی تێدایە؟ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەنگاوێکی گرنگی مێژوویی دەبێ لە پێناو یەکانگیریی خاک و نەتەوەدا. نە لەبەر خواستی ئەم و ئەو بەڵکو جەوهەر و ناوەرۆکی دامەزراندنی دەوڵەت ئەمەیە.
با هیچ نەگۆرێ
ئێوە بە ئاشکرا دەستی خۆتان ئاشکرا دەکەن و دەڵێن:
(ریفراندۆمی ئەمجارە نەک ھیچ بەرھەمێکی کۆنکرێتی نوێی نابێت، بەڵکو سەرجەمی پەیوەندییەکانی ھەرێم لەناوخۆ و بەناوچەکە و دونیاوە بەفۆرمی جیاواز دەشێوێنێت).
ئەرێ کاکە ئێوە باسی چ دەکەن؟ ئەرێ پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناوچە لە گۆراندایە یان نا؟ ریزبەندی و جەمسەرگیری تازە و تازە لە ئارادایە یان نا؟ رۆژانە لە سیاسەت و لە مەیدانی شەردا و لە مەیدانی ئابوورییدا گۆرانکارییەکان دەبینن یان نا؟
ئەرێ ئەوە کامە پێوەندی ناوچەییە کە ئێوە نیگەرانن ریفراندۆم تێکی بدات؟ لەگەل بەغدا؟ یان ئێران؟ یان تورکیا؟ باسی کام پەیوەندی دەکەن کە پێتانوایە حەیفە تێک و پێک بدرێت؟ لایەنگری کامە بارودۆخی کۆنن؟ گوتارەکەتان لەم پێوەندییەدا زمانحاڵی کامە لایەنە؟
زەمینەی مێژوویی گوتاری سەربەخۆیی
نووسەران پرسیارێک بەم جۆرە ئاراستە دەکەن:
(لە چ سیاق و رەوتێکی مێژووییدا ئەم گوتارە بەرھەمدەھێنن)؟
کە بە ناو نووسینەکەیاندا دەڕۆی زۆرشت لە سەر ژیانی سیاسی و ئابووریی کوردستان دەڵێن بەڵام قەت ئەم پرسیارە تەنانەت بۆ وەڵامدانەوەی گریمانەکانی خۆشیان ناخەنە بەرچاو، کە بۆچی وایە ؟ ئەگەریش هەوڵ دەدەن وەڵام بدەنەوە دیسان دادەبەزنە سەر کاراکتەرێکی سیاسی وڵات. بەم جۆرە بار و دۆخی وڵات شی ناکرێتەوە.
پرسێکی گرنگ کە لە بنەمادا لە شیکردنەوەکانیاندا نیە، بریتییە لەم راستییە کە هەلومەرجی سیاسەتی کوردی بەردەوام لە ژێر هەڕەشە وهێرشدایە، ئەوە دەبینن؟ یان نا؟ بۆیە سەربەخۆیی و ریفراندۆم دەکەین کە ئەم هێرشە نەمێنێ و ئەم دەستێوەردانە نەمێنێ تاکو بتوانین میللەت و خاک بپارێزین.
ریفراندۆم و سەربەخۆیی
کە چاو لە ئەزموونی چەندین وڵات کە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا ریفراندۆمیان کردووە و سەربەخۆییان راگەیاندووە، دەکەین نیشانی دەدات کە وڵات هەیە دوا بە دوای ریفراندۆم، سەربەخۆیی راگەیاندوە و ڵاتیش هەیە چەند مانگ و تەنات چەند ساڵی پێچووە تاکو سەربەخۆیی رایگەیاندووە، ئەمەیان گرێدراوی بار و دۆخی جیۆپۆلەتیک و پێگەی ئەو وڵاتەیە. گرنگ بۆ کورد ئەوەیە کە خۆی ساغ کردوتەوە کە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە و پرسیاری ریفراندۆمیش ڕوون وئاشکرایە، هەروەها بەشێکی تری گرنگیی پەیامی کورد ئەوەیە کە کورد ئارەزوومەندە و نییەتییەتی کە پرۆسەی سەربەخۆیی نەک بە شەڕ و ئاژاوە بەڵکو بە دانوستان و گفتوگۆ و ئاشتیانە بەرێوەبچێت.
گوتارێک کە پێشنیاری دەکەن
ئەو نووسەرانە دەنووسن :
(گەر تاوەکو دوێنێ ”وشیاریی بەرەنگاری“ کردەیەکی گرینگی سیاسەتکردن بووبێت لەھەرێمی کوردستاندا بۆ بەگژاچوونەوەی نادادیی کۆمەڵایەتی و گەندەڵی و چەوسانەوەی ئابووری و سیاسی، ئەوا لەدوای بڕیاردانی بارزانی و پاشکۆکانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەبێت باس لە”وشیاری نەخێر“یش بکەین بۆ پەردەھەڵماڵین لەسەر پۆپۆلیزمی سیاسیی.ئەوەی مرۆڤی ئێمە لەھەموو کاتێک زیاتر پێویستی پێیەتی بریتییە لەبەھێزکردنی ”وشیاریی بەرەنگاری“ و داھێنانی ”وشیاریی نەخێر“).
بۆ وەڵامدانەوە و دەرخستنی شکستی ئەم بیرۆکەیە با بگەرێینەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی (٢٠٠٩)، لەو هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی پارتەکان و پێگەیان بەم جۆرەی خوارەوە بوو:
ئەم وێنەیە چیمان پییشان دەدات؟
١-لایەنی ئیسلامی لە سلێماندا بە رێژەی دەنگی %٢٢ پێگەیان هەیە.
٢-بزووتنەوەی گۆران % ٣٥ دەنگەکانی هەبووە.
٣- هیچ هێزێک هەژموونی تەواوی نیە و نەخشەی سیاسی پارتەکان پارچە پارچە بوونێکی ڕوون دەرخات.
هەر کەسێک چاو لەم نەخشەیە بکات و بیر لە بەرژەوەندییە گشتییەکان بکاتەوە بەسانایی دەتوانێ دوو ئالتەرناتیڤ لە بەرانبەر ئەو شارەدا دابنێت، یەکەمیان ستراتێژی هاوکاری و دووهەمیان ئالتەرناتیڤی رکەبەرایەتییە، بە واتای دژایەتی یان ئەوەی ئەم نووسەرە بەرێزانە ناوی دەنێن ستراتیژی بەرەنگار بوونەوە.
ئەگەر ستراتیژی هاوکاری پەیڕەو کرابا ئەمانەمان دەست دەکەوتن:
١-بار و دۆخی ئەمنی و ئاسایش لەم شارەدا باش دەبوو.
٢-کەش و هەوایەکی باش بۆ سەرمایە و سەرمایەگوزاری دابین دەکرا.
٣-کەشێکی باش ساز دەبوو بۆ ریفۆرمی بار و دۆخی یاسایی و ئیداریی.
٤-لایەنی بیروکراسی دەیتوانی گەشە بکات و خزمەتگۆزاری پێشکەشی میللەت بکات.
٥-هەنگاوی گەورە هەڵبێنین لە سیاسەتی گەشەی ئابوورییدا.
٦-دەستپێکێکی باش دەبوو بۆ ژیانێکی دیموکراسیتر.
بەڵام وەک هەموومان دەزانین کە ئەم ستراتیژی هاوکارییە پەیڕەو نەکرا و بە پێچەوانەوە ستراتیژی- بەرەنگار بوونەوەی- ئەم برادەرانە پەیڕەو کرا، لە سەر ئەنجامی ئەم ستراتیژییەش پێموانییە کەس گومانی هەبێ کە بەرەو کوێ رۆیشت و خەڵک و شار چەندە زەرەرمەند بوون.
سەرەرای ئەو ئەزموونە تازە بە تازە لە جیاتی گوتاری سەربەخۆیی و یەکریزیی بارزانی، ستراتیژی بەرەنگاربوونەوە پێشنیار دەکەن و بۆ ئەوە کە ڕووی ئەو بەرەنگاربوونەوەیەش دیار و کۆنکرێت بێ ، پێشنیاری (نەخێر)دەکەن بۆ خەلک لە ریفراندۆمی سەربەخۆییدا.
کۆنتینیۆمێک لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی کوردستان دا هەیە کە لایەکی (نەخێر)ێکی رەهایە و لایەکەی دیکەی بەڵێیەکی رەهایە، گوتارێک کە ئێوە پێشنیاری دەکەن لە پاڵ نەخێری رەهادایە، دەبێ چاوبخشێننە نەخشەی سیاسی ناوچە و بزانن کە ئەوانەی لە سەنگەری نەخێری رەهادان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ئێران و مالکی وەک پەرچەمداری یەکەمی ئەو بەرەیەن، ئایا ئێوە حەز دەکەن لەو بەرەیەدا بن؟ عەیب نیە مرۆڤ کورد و کوردستانی بێت و لەو بەرەیەدا خۆی ببینێتەوە؟
خۆیان لە قەرەی گفتوگۆی ئابوری داوە:
ئەو نووسەرانە دەنووسن :
(چارەکە سەدەیەکە ئەم دەسەڵاتە توانای دروستکردنی سیستەمێکی بانکی و ئابوورییەکی نیشتیمانیی نەبو، شتێک لەم ھەرێمەدا نییە ناوی سیاسەتی نەختیی نیشتیمانیی کوردیی بێت.ھەر ئەمەشە وادەکات گەر دیناری عێراقیی نەبایە کە ئابووری کوردستان مامەڵەی پێدەکات و بەبۆنەی سیاسەتی بانکی نێوەندیی عێراقییەوە بەھاکەی ڕاگیراوەو کەم تا زۆر جێگیرە، ئەم دەسەڵاتە کوردییە ھەر دراوێکی کوردیی دروستبکات، بێگومان نرخی کاغەزێکیشی نابێت و ئابوریی ئەم ھەرێمە ڕو لەداڕمانێکی بێوێنەو ھەمەلایەنەتر دەکات).
باسی دامەزراندنی سیستمی بانکی دەکەن وەک یەکێک لە کێشەکانی سەرۆکایەتی وڵات، ئەگەر سیستمی بانکی بە خواستی سەرۆکایەتی وڵاتان دابمەزرابا ئێستا دەبوایە گشت وڵاتانی هەژار و دواکەوتووی جیهان وەک یەمەن و زۆر وڵاتی تر سیستمی بانکیان هەبایە بە تایبەت کە سەروەری نەتەوەییان هەیە و دەتوانن بانکی ناوەندی دابمەزرێنن. ئەمە گرفتێکی بنەرەتی بۆچوونی ئەم نوسەرانەیە کە گشت شیکردنەوەکانیان لە سەر بنەمای بۆچوونی ئاکتۆر سێنتریک ( بەسەنتەر زانینی تاکەکەسێک) ساغ دەبێتەوە، گەشەی سیستمی بانکی گرێدراوە بە ئەوەی پێیدەگوترێ قوڵایی یان پانتایی کرێدیت، کە خۆی پرۆسەیەکی مێژووییە لە گەشەی وڵاتاندا.ئەم گەشەیە گرێدراوە بە بار و دۆخی پەیکەری دێمۆگرافی، گەشەی جۆرێتی هێزی کار، گەشەی کەرتی گشتی کە بەرپرسی سەرەکییە لە بەرز کردنەوەی خواست بۆ هێزی کاری پسپۆر و زۆر شتی تر و گرنگتر لە هەموویان سەروەریی نەتەوەیی. بۆیە ئازیزانم سیستمی بانکی بە خواست و ئیرادە و خۆش نییەتی سەرکردەکانەوە دانامەزرێت. باشترە لەم باسانەدا وردتر ببنەوە.
پاشان پەسنی دراوی عێراقی دەدەن وەک ڕۆڵی ئەم دراوە لە ئابووریی کوردستاندا، دیارە دیناری عێراقی لە ژێر سایەی سەروەریی عێراق و بانکی ناوەندیدا بەشی خۆی جێی متمانەیە و رەسمییە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ خۆمانی لێ رزگار کەین، ئێوە دەڵێن نا هەر ئەم پێوەندییە با بمێنێت، کۆیلەتی و رزگار بوون لە کۆیلەتی یەک لە میکانیزمەکانی خۆ رزگارکردنە لەو پاشکۆیەتییە ئابورییە، بەڵام سوربوونی ئێوە بەردەوامیدانە بەو وابەستەییە، بۆچی نازانم؟!
گوتاری ئێوە دوژمنکارانەیە، جارێ کەس جگە لە ئێران باسی هێرش بۆ سەر کوردستانی نەکردووە ئەوە تەنیا لە زمانی هەندێک کەسی لابەلاوە و نەک وەک سیاسەتی رەسمی وڵات، بەڵام پەیامی ئێوە بۆ میللەت نە بەرگرییە لە ئازادی و نە رزگارییە بەڵکو پڕە لە ترساندن و تۆقاندن، پاشان حوکمیش دەدەن کە ئەگەر هاتوو و شەر ڕوویدا ئەو سەرکردایەتییە خەڵک بە تەنیا بەجێ دەهێلێت، ئایا ئەمە ویژدانە؟ ئەوکاتەى هێرشی داعش هاتە سەر کوردستان بۆ ئەوەی کە ئەو میللەتە کش و مات بکەن سەرۆکایەتی کورد چی کرد؟ خەڵکی بە جێ هێشت؟ یان دنیای کۆ کردەوە بۆ بەرگری لە میللەت؟ کەوایە خوێندنەوەی دادگەرانە لەلایەن نووسەرانەوەى شتێکی باشە.
گرفتی نووسینەکە شتی دیکەشە، وەک شیکردنەوەی زەمینەی سیاسەت وئابووری لە کوردستاندا و باسی پرۆسەی سیاسی کوردستان بە بێ تێگەیشتن لە ڕەوتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای کوردی، تواناکانی کۆمەڵگای کوردی، دۆخی ناوچەیی پرسی کورد، بار و دۆخی جیهانی و گۆرانکارییەکانی ناوچە، لە دنیای ئەم بەرێزانەدا کە کەم دیقەت دەگرن، دەورانی ئۆباما و ترامپ هەر وەک یەکە، پێگەی ئێران لە دەورانی ئۆباما و ترامپ دا هەر وەک یەکە، مالیکی و عەبادی هەر وەک یەکن و پەیوەندییەکانیان لەگەل ئێران و ئەمریکا هەر وەک یەکە، لە ساڵی ( ٢٠٠٣) دا کە ٥٠٠ هەزار خوێندکارمان هەبوو و ئێستا ٢میلیۆن خۆیندکارمان هەیە لە چاوی ئەم نووسەرانەدا ئەمە هیچ ڕەچاو ناکرێت، مردنی منداڵی ژێر تەمەن پێنج ساڵان کە لە نەنجامی گەشەی باری تەندروستی وڵاتدا بە شێوەیەکی بەر چاو کەمی کردووە لای ئەوان جێی بایەخ نیە .
مرۆڤ هەر ئەوەندەی بۆ دێت کە بڵێت دروستە ئێوە کوردن و ئازیزی خۆمانن بەڵام ئینسافتان هەبێ کەمێک خۆتان ماندوو بکەن بۆ تێگەیشتن لە وڵاتی خۆتان.
نیەت لە سیاسەتدا زۆر گرنگە، لە ئەدەبییاتی دیموکراسیدا کە باس لە چەمکی دیموکراسی دلیبرێتیڤ، دەکرێت مەرج بۆ سەرکەوتوو بوونی پرۆسەکە ئەوەیە کە لایەنەکان خوازیاری گفتوگۆ بن.
لەم گفتوگۆیەدا ئەگەر نەتوانن نییەتتان پاکبکەنەوە، لە شیکردنەوەشدا تووشی هەڵەی مەرگبار دەبن. لە کۆنتینیۆمی بەڵێ و نەخێردا ئێوە لای (نەخێر) جێ دەگرن، بەڵام ئەو شوێنە جێی ناحەزانی بارزانی نیە بەڵکو شوێنی دوژمنانی کوردە. دەبێ ئاگاداربن.
نووسەران و بارزانی
نووسەران دیار و ئاشکرایە کەسانی دژی پارتی وشەخسی سەرۆکی کوردستانن، ئەمەیان مافی خۆیانە ، کەس ناتوانێ ئەو مافەیان لێ زەوت بکات، ئەوپەری ئەوەیە کە ئەو کەسانە کە پارتین و لایەنگری بارزانین بواری گفتوگۆیان هەبێ لە گەڵیان و بەرپەرچی ئەو قسە ناخۆشانەیان بدەنەوە. بەڵام مێژوو بە قەڵەم ناسرێتەوە و هیچ کاراکتەرێکی سیاسی بە قەڵەم لە مێژوو دەر ناکرێت. دەبێ بگوترێ، کە باسی بۆشایی گوتار لای سەرکردایەتی کورد بە گشتی و لای سەرۆک بارزانی بە تایبەتی دەکەن، هەژاریی نووسەران لە ناسینی مێژووی کورد دەردەخات.
ڕێبازی بارزانی نزیک زیاتر لە سەدەیەکە لە ناو بزاڤی رزگاریخوازیی کورددایە، لە ژ?
Top