لە دەرەوەی پارتی بوون
June 21, 2017
وتار و بیروڕا
کورد لە ئێستادا لە دووڕیانێکی چارەنووسساز دایە، بۆ هەڵبژاردنی یەکێک لەو رێگایانەش پێویستی بە بڕیارێکی کوردانە و بوێرانەیە، ئەویش یا ئەوەتا دەبێ خۆمان بڕیار بدەین، یا ئەوەتا چاوەڕوان بین و بڕیارمان بۆ بدەن، پرسیار ئەوەیە ئەگەر خۆمان بڕیار بدەین بە کوێ دەگەین و چی دەستینین و چی لە دەست دەدەین؟ ئەگەر بڕیاریشمان بۆ بدەن بە کوێمان دەگەیەنن و چیمان دەدەنێ و چیمان لێ دەستێنن؟
بۆ وەڵامی ئەو دوو پرسیارە ناکرێ نەگەڕێینەوە بۆ ئەو رووداوانەی لە نێوان ئێمە و داگیرکارانی کوردستان روویانداوە، ئەگەر رووداوەکانیش بکەینە بنەمای وەڵامەکەمان، گومان لەوەدا نییە ئەگەر بۆخۆمان بڕیار بدەین، بە سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردی دەگەین، ئەگەر بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردیش گەیشتین، ماف و ئازادیە زەوتکراوەکان دەستێنینەوە و دیلێتی و چەوسانەوە و کوشتوبڕیش لەدەست دەدەین.
ئەگەر بڕیاریشمان بۆ بدەن، گومان لەوەدا نییە دەمانبەنەوە ناو دۆزەخی داگیرکاری و ژێر نیری دیلێتی، وەک رابردووش چەوسانەوە زوڵم و ستەممان دەدەنێ و ئەو فیدراڵیەی ئێستاشمان لێ دەستێننەوە، دەبێ ئەوەش بگوترێ کە ئەنفال و کیمیاباران و راگواستنی کوردستان دەرهاویشتەی بڕیاردانی داگیرکارانی کوردستان بووە، جا بۆ ئەوەی جارێکیتر کورد نەکەوێتەوە ژێر غەزەبی بڕیاری داگیرکارانی کوردستان دەڵێم: ئەگەر پارتیش نەبام و هەر لایەنێک بام لەو لایەنانەی پێشتر ناوم بردن، لە رۆژی گشتپرسیدا دەمگوت، بەڵێ و هەزار جار بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، چونکە ئەوە پرسێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە و بڕیاردان لەسەری زۆر لە بڕیاری ئەو حزبانە گەورەترە کە بە هەر بیانوویەک بڵێن: نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان، چونکە نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان جگە لە ژێردەستە کردنەوەی کورد و بە کەڵەگا کردنەوەی عەرب هیچ مانا و لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێ. ئەوەش تاکی کورد دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و پێویستە هەموو لایەکمان کوردانە شان بدەینە بەر ئەو بەرپرسیارێتیە و بەرپرسیارێتی حزبی تووڕ هەڵدەین.