گشتپرسی و دیاریكردنی چارەنووس

گشتپرسی و دیاریكردنی چارەنووس
ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە(2631) دووشەممە 19ی حوزەیرانی 2017، لاپەڕە(14)
پاش ڕزگاركردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، وەكو كورد، هەوڵی زۆرماندا، هەرچی لە تواناماندا بوو ئەنجاماندا، هەموو ڕێگەكانمان تاقیكردەوە، بۆ ئەوەی عێراقێكی نوێ دروست بكەین، عێراقێك كە ئەرك و مافی هەموو لایەكی تێدا ڕۆشن و دیاریكراو بێت، تاكو ببێتە دەوڵەتێكی دیموكراسی، فیدراڵیی، فرە حیزبی. بەڵام بە داخەوە نەكرا.
بۆ ڕزگاربوون لە عێراق، كاتی ئەوە هاتووە، بۆ لەمەودوا كورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، مێژوو شاهیدە، ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا، بینیمان و بیستمان، عێراق نەیتوانی هیچ یەكێك لە بەڵێنەكانی بباتە سەر و پتر لە نەوەدوشەش ساڵە، دەسەڵاتدارەكانی یاری بە چارەنووسی ئێمە دەكەن، ئەمەیش ناكرێت چیتر قەبووڵ بكرێت، بۆیە دەبێت هەموو لایەك لە پێناو بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەكانمان، پاڵپشتی لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین. هەرچەندە دەوڵەت و سەربەخۆیی لە ئاست خەبات، قوربانیدان، تڕاژیدیا، جینۆساید و چەوسانەوەی بێ هەژماری حەشیمەتی كوردستان نییە و قەرەبووی ئەم ستەمە ناكات كە بە درێژایی مێژووی دوور و نزیك، وڵاتانی داگیركەر دەرهەق بە كورد كردوویانە، بەڵام دەرفەتێكە بۆ ئەوەی هەوڵ و كۆڵنەدانی بەفیڕۆ نەچێت و بە سادەترین و ئاسایترین مافی خۆی بگات.
كۆدەنگیی و كۆبونەوەی هێز و لایەنە سیاسیەكانی گۆرەپانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، لە ڕۆژی7 ی حوزەیرانی2017دا، بەڵگەیەكی زیندووە كە جیاوازی بیروڕای سیاسی، هەرگیز ناتوانێت پاشەكشێ بە فیكری سەربەخۆیی ئەو خەباتگێرانە بكات كە ئێستا و ڕابردوویان بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە تەرخان كردووە، هەروەها سەلماندی كە هیچ پاساوێك ناتوانێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم گشتپرسی كوردستان.
وا پێویستە، هەمووان لە 25ی ئەیلوولی 2017دا، بە بەڵێ دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەین، ئەو "بەڵێ"یەی كە لە ڕابردوودا كورد هەزاران هەزاران شەهید و قوربانی لە پێناو داوە، دانانی وادەیەك بۆ ڕیفراندۆم كە كەمتر لە 100 ڕۆژی ماوە، بە واتای نزیكبوونەوەیە لە دەوڵەت، دەنگی هەر یەكێك لە ئێمە، دەتوانێت ببێتە بڕیارێكی چارەنووسسازی وەها كە چیتر لەژێر سێبەری عێراقدا نەمێنینەوە و بگەین بەو ڕۆژەی كە ئاواتی هەموومانە و سەدەیەكە خەباتی بۆ دەكەین.
Top