بریاڕی ریفراندۆم رێگەی كوردستان بۆ سەربەخۆیی

بریاڕی ریفراندۆم رێگەی كوردستان بۆ سەربەخۆیی
مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەرواری 25ی ئەیلوولی 2017ی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان راگەیاند. ئەم ریفراندۆمە لە هەموو ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها ئەو ناوچانەش كە لە رووی مێژووییەوە كوردستانین و لەلایەن بەغداوە داوادەكرێن، ئەنجام دەدرێت.
گومانی تێدا نییە كە زۆرینەی رەهای كورد سەربەخۆیی دەوێت. لە مانگی تەمووزی 2003، گرووپێك لە رۆشنبیرانی سلێمانی كەمپینێكیان بەناوی بزووتنەوەی ریفراندۆم راگەیاند، لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی30ی كانوونی دووەمی 2005 ریفراندۆمێكی نافەرمی ئەنجامدرا، كە دوو پرسیاری ئاراستەی دەنگدەران كردبوو، یەكەم: ئایا دەتەوێت لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە، دووەم: یان دەتەوێت سەربەخۆ بیت، لەكۆی 1،998،061 كەس كە دەنگیان دابوو، بە رێژەی 98.8% پشتگیری سەربەخۆیی كوردستانیان كردبوو.
لەو كاتەدا كورد هەندێك لە ئومێدە نەتەوەییەكانی هاتەخوارەوە و داوای سەربەخۆییان دواخست و پشتگیری دەستووری 2005ی عێراقیان كرد، كە بەپێی ئەو دەستوورە عێراق وەك دەوڵەتێكی كۆماری و فیدڕاڵی و دیموكراتی راگەیەندرا. وێڕای ئەوەی لێدوانی برایانە سەبارەت بە (برایەتی عێراقییەكان) بوونی هەیە، بەڵام كورد هیچ متمانەیەكی بە بەغدا نەماوە.
ماددەی 140ی دەستووری عێراق كە داوادەكات لەكۆتایی 2007 ریفراندۆم لەسەر چارەسەركردنی بارودۆخی كەركووك ئەنجام بدرێت، بەڵام بەغدا چەندین جار بەرواری ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمەی لەبیرخۆی بردەوە، هەر بۆیە شكستهێنان لەچارەسەركردنی كێشەی كەركووك بووە هۆكاری ئەوەی مەترسییەكانی كورد لەسەر پرسەكانی دیكەش وەك خاوەنداریەتی سەرچاوە سرووشتییەكان و كۆنتڕۆڵكردنی داهاتی نەوت و پێشمەرگەش بەسەر یەكدا كەڵەكە بن.
ئێستا عێراق تەنیا بەناو بوونی هەیە، كوردستانی عێراق هەموو مافەكانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ پیادە دەكات، تەنیا شتێك كە نییەتی كەسایەتی نێودەوڵەتی یاسایی نێودەوڵەتی (الشخصیة القانونیة الدولیة)ـە.
گومانی تێدا نییە ئەو دەوڵەتانەی كە هاوسنوورن لەگەڵ كوردستان بە بڕیاری ریفراندۆمەكەی بارزانی رازی نابن، بەڵام كاردانەوەكانیان زۆر لەوە هێورتر بوو كە چاوەڕوان دەكرا. حكومەتی عێراق لە بنەڕەتدا ناڕازی بوو لەسەر كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە، هەروەها ناڕازی بوو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركووك و ناوچە جێ ناكۆكەكانی دیكە.
حكومەتی عێراق پێویستی بە پشتگیری كوردە، لەبەر ئەوەی پشتی بە بەشداری كورد بەستووە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان كە لە كۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوە دەچێت، هەروەها هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە لە ساڵی 2018 ئەنجام دەدرێت. تاران-یش ناڕازیبوونی خۆی بۆ ریفراندۆم پیشان دا، بەڵام ناڕازیبوونەكەی هێورتر بوو لەوەی چاوەڕوان دەكرا، پاش ئەو هێرشەی داعش كردیە سەر ئێران. هەر بۆیە كاتێك بەرپرسانی هۆشدارییان دا بەكورد سەبارەت بە هەڵوێستیان دژ بە (یەكپارچەیی عێراق)، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێی گوتن: دەستتێوەردان رابگرن.
هەروەها بنیاڵی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا لەگەڵ ئەوەی ریفراندۆمەكەی بە (نابەرپرسیارانە) پێناسە كرد، بەڵام سەرۆك ئەردۆگان بێدەنگی نواند، بێگومان لە توركیاش تەنیا بۆچوونی ئەردۆگان بە پرسێكی گرنگ دادەنرێت.
سووریا بە رادەیەك بارودۆخی لەبەریەك هەڵوەشاوە كە نایەوێت لەسەر باردۆخی كوردستانی عێراق باجی زیاتر بدات، لەگەڵ ئەوەی كوردی عێراق و سووریا بەراورد ناكرێن، بەڵام دیمەشق دەترسێت كە كوردانی رۆژئاواش لە (عەفرین و كۆبانی و جەزیرە) هەوڵ بۆ سەربەخۆیی بدەن.
هەڵوێستی ئەمریكا زۆر گرنگە، ئەمریكا و حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونەتە دوو هاوبەشی ستراتیژی، ئەمەش نەك تەنیا لەبەر ئەوەی كوردەكانی عێراق و ئەمریكا بەهای هاوبەشیان هەیە، بەڵكو لەبەر ئەوەی لەنێوان كوردستان و ئەمریكادا هاوكارییەكی فراوانی ئاسایشی و ئەمنی هەیە، پێشمەرگە بۆتە هێزی سەرەكی لەدژی داعش، هەروەها پێشمەرگە رووبەرێكی گەورەی خاكی لە باكووری عێراق ئازادكردووەو زۆر قارەمانانەش لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ بەشداریی كردووە.
ئیدارەی ترەمپ هەوڵیداوە كە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە بكات، ئەو پابەندە بە (یەكپارچەیی و سەقامگیری و دیموكراتی و عێراقی فیدڕاڵەوە) لە هەمانكاتدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە كە تێگەیشتنیان بۆ تێڕوانینە مەشرووعەكانی گەلی كوردستان هەیە.
خواستی سەرەكیی ئەمریكا تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشە، لە ئێستادا ئیدارەی ئەمریكا هەر بەناو دژی سەربەخۆیی كوردستانە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەترسێت كە سەربەخۆیی كوردستان لە ئەولەوییەتی سەرەكیی تێكشكاندنی داعش بێنێتە خوارەوە. بەرپرسانی ئەمریكا دەزانن كە كوردستانی عێراق تازەترین دەوڵەتی ئایندە دەبێت، بۆیە ئەوان لەوە ناپرسن كە ئایا كوردستان سەربەخۆ دەبێت، یان نە، بەڵكو پرسیاری ئەوان ئەوەیە كە كەی و چۆن سەربەخۆ دەبێت؟
هەر بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە پلانێكە بۆ رۆژی دوای ریفراندۆم، پێویستە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەلە لە راگەیاندنی سەربەخۆیی بكەن، لەبری ئەمە دەبێت دەست بە دانوستاندنێكی تێروتەسەل بكەن لەسەر وردەكارییەكانی جیابوونەوەی دۆستانە لەگەڵ بەغدا، هەروەها دەبێت دەست بە كاری هەماهەنگی بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشە هاوبەشەكان كە ئەوانیش بریتین لە: (هەڕەشەكانی داعش، گێڕانەوەی ئاوارەكان و هەروەها بەڕێوەبردنی تەنگژەی ئابووری لە ناوچەكەدا).
من سەرپەشتی تاسكفۆرسی (بونیادنانی دەوڵەت لە كوردستانی عێراق)ـم لە زانكۆی كۆلۆمبیا كردووە، كوردستانی عێراق لە 2015 رووبەڕووی گەردەلوولێكی تەواو بووەوە، ئەوە بوو داعش هێرشی كردە سەری، هاوكات دەرگای ئاواڵا كرد بۆ نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە، لەمەشدا توانی ئەو حاڵەتە فریاگوزارییە مرۆییە ئیدارە بدات. كەڵەكەبوونی كورتهێنانی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هۆی ئەو بڕیارە خراپەی بەغدا بە بڕینی بودجە و دابەزینی نرخی جیهانیی نەوت، بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەكە زۆر سەقامگیرە.
راگەیاندنی بەرواری ریفراندۆم هەنگاوێكی گەورەیە لەسەر رێگەی سەربەخۆیی، لە ئایندەشدا دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان دانوستاندنێكی ئارام لەگەڵ بەغدا بكات، بەڵام ئەم دانوستاندنە نابێت كراوە بێت و كۆتایی نەبێت. دوای 12 مانگ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم (واتە لە ئەیلوولی 2018) حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنێت، ئەوجا لەگەڵ بەغدا گەیشتبێتنە رێككەوتن، یان نەگەیشتبن.
ئەم ماوەیە كاتێكی نموونەیی نییە بۆ ئەوەی یەكێك بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاكامێكی حەتمی بەغدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هەروەها پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوماڵی خۆیدا نیزام دروست بكات، دیموكراتی بچەسپێنێت، دامەزراوە دیموكراتییەكان پتەوبكات و كۆتایی بە دابەشبوونی نێوماڵی كورد بهێنێت.
دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی پابەند بكات بە مافی كەمینەكان و ئافرەتان، ئێزیدییەكان كە پێویستیان بە ئیمتیاز و پارێزگاری تایبەتی هەیە.
سەربەخۆیی كوردستانی عێراق دەبێتە رووداوێكی گرنگ بۆ یەكڕیزی و دەبێتە یارمەتیدەری نەهێشتنی پەرتەوازەیی لەنێوان گرووپەكاندا، هەروەها سەربەخۆیی رووداوێكی گرنگە و دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە یەكڕیزی لە ناو كوردی ناوچەكە بێنێتەئاراوە.
ئەمریكا لەم پرۆسەیەدا دوورەپەرێز راناوەستێت، لەمبارەوە پەندێكی كوردی هەیە كە دەڵێت: (كورد بێجگە لە چیاكان دۆستی دیكەی نییە)، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبیشدا، ئەمریكا دۆستێكی باشتری لە كوردەكان نییە.



* بەرێوەبەری پرۆگرامەكانی بونیادنانی ئاشتی لە زانكۆی كۆلۆمبیا و ئەم وتارەی رۆژی 14ی حوزەیرانی 2017 لە هەڤیگتۆنپۆست بڵاوكردۆتەوە
Top