دەبێ سەربەخۆیی كوردستان ئامانجی ستراتیژی هەموو لایەك بێت
June 17, 2017
وتار و بیروڕا
ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە رووی بەرێوەبردنی سیستەمی حوكمرانی سەڕەرای دروستكردنی دەیان كێشە و ئاستەم لە بەردەم پێشكەوتنی دۆزی رەوامان بە تایبەت دوای روخانی رژێمی بەعسی و دواتر هاتنەئارایی رژێمی مالیكی و تا ئێستاش ، بەڵام بە شێوازێكی زۆر سەركەوتووانە لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی و ئێستاش هەنگاویی گەورەی ئابووری ناوە و متمانەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە .پرسی دەوڵەتی كوردستان وەك دەوڵەتی دیفاكتۆ و وەك ئەوەی ئێستا هەیە كەوتۆتە ئاستی دەوڵەتی دیفاكتۆی تایوان، راستە تایوان لە رووی فەرمییەوە وەك بەشێك لە چین حیساب دەكرێت، بەڵام لە رووی مامەڵەكردن و بەڕێوەبردن و سیستمی حوكمڕانییەوە، نەك هەر لە چین ناچێت، بەڵكو سیستمی سیاسیی تایوان تەواو تەواو دژی سیستمی كۆمۆنیستی كۆماری چینی میللییە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەماوەی نزیكەی 46 ساڵی رابردوودا تایوان نەیتوانیوە خۆی لە پاشكۆیەتی چین رزگار بكات، ئێستاش كە پرسەكە دێتە سەر ئەوەی وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری مامەڵە لەگەڵ تایوان بكرێت، یاسای نێودەوڵەتی پشتی چین دەگرێت، بۆ كوردستانیش كە ئێستا لە هیچ روویەكەوە لە عێراق ناچێت و سیستمی سیاسی كوردستانیش نەك هەر لە سیستمی سیاسیی ئێستای عێراق ناچێت، بەڵام لەبەر ئەوەی نەبووینە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی، ئەوا لەزۆر حاڵەتەدا هاوپەیمانەكانمان ناچاردەبن لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا نەتوانن وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی مامەڵە لە كوردستاندا بكەن.ئەركە سەختەكەی كوردستان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەو ئاسۆیە گەشەشی لەبەردەمە و تا راددەیەكی زۆر بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەو ئامانجە رەوایەی كورد، جۆرێك لە رەزامەندی لێ دەخوێندرێتەوە كە پێمان دەڵێن: ئەگەر بە ئاشكراش پشتگیریتان نەكەین، بەڵام دژایەتی دەوڵەتی كوردستان ناكەین، سەرۆكی كوردستانیش چەندین جار لەسەر ئەم پرسە رایگەیاندووە، "گرنگ ئەوەیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی دەوڵەتی كوردستان رانەوەستن"، بۆیە لە كاتێكدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان رانەوەستن، ئەوا پرسەكە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی چۆن لە ناوخۆی كوردستاندا خۆمان كۆدەكەینەوە و بۆ ئەم هەنگاوە چارەنووسسازە خۆمان ئامادەكەین و نێو ماڵمان یەكریز بكەین و بەیەكهەڵوێست پشتیوانیی هەنگاوەكانی سەرۆكی كوردستان بین بۆ بەدیهێنانی ئاواتی لە مێژینەمان كە ئەویش دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانە ..