ڕیفراندۆمی جەماوەری لە نێوان بەلێ و نەخێر ی حزب دا

ڕیفراندۆمی جەماوەری  لە نێوان بەلێ و نەخێر ی حزب دا
لەگەڵ ئەوەی لە ئێستا دا کورد گەشتۆتە دوا ھەنگاوەکانی ھێنانەدی خەونی چەندین ساڵەی ، دوای ئەو ھەموو نەھامەتی و تاوانە مرۆڤایەتیانەی کە دووچاری بووینەوە و پێ ی چەوسێنراینەوە . لە کاتێکدا کە دەرەفەت ھاتۆتە پێش بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجەی کە بە درێژایی مێژوویی پڕ دەردەسەرییمان ھەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە قوربانیان بۆ داوە ، لەم قۆناغە گرنگ و ھەستیارە دا ھێشتا ھێزە سیاسیەکانی کورد خەریکی تۆمەت بەستن بۆ یەک و بەگژداچوونەوەی یەکترن .
لە جێ ی ئەوەی ئەمڕۆ کورد بەیکەوە ئامادەسازی و زەمیینە سازی بکردایە بۆ سەرخستنی پرۆسەی رَیفراندۆم و بە دەوڵەتبوون ، لە جێ ی ئەوەی کە دواجار ئەم پرسە بووبایە یەکخستنەوەی ماڵی کورد، کەچی لە ئێستا دا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کۆمەڵگەی دابەش کردووە بۆ دوو بەرە ، بە شێوەیەک کە لایەنێکیان نەوەک تەنھا لەگەڵ ئەنجامدانی نیە بەڵکو چەندین ئەگەری بێ ئومێدی خستۆتە ھزری ھاونیشتیمانەوە .
جێگەی داخە کە موزایەدەی حزبی لە واقیعی ئەم ساڵانەدا بووەتە فەرھەنگێکی پارێزراو لەلایەن پارتە سیاسیەکانی ھەرێم و لە ھەر بارودۆخێک دا بۆ گفتۆگۆکردن لەسەر پرسێکی نەتەوەیی یان پرسێک کە لە بەرژەوەندی گشتی میللەت دابێت سەر لە نوێ ئەم فەرھەنگە بەرھەم دەھێنرێتەوە و ئیتر جارێکی تر کۆمەلگەی کوردی دەخرێتە ژێر فشارێکی حزبی کە زیاتر لە قووڵ بوونەوەی کێشەکان و مانەوەی کێشەکان بە ھەڵپەسێردراوی چیتر بەرھەم ناھێنێت ، ئەم دۆخە وایکردووە نەوەک تەنھا پەیوەندی خەڵک بە حزبەکانەوە بشێوێت، بەڵکو بۆتە ھۆی نەمانی متمانە بە حزبەکانەوە بە شێوەیەک کە ئێستا خەڵک ناتوانێت بە ئاسانی بریار بدات لەسەر پرسێکی چارەنووس سازی وەک ڕیفراندۆم ، ئەو پرۆسەیەی کە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا خەونی ھەموو کوردێک بوو بەبێ جیاوازی .
گومانم نیە لەوەی کە ئێستاش تاکی کورد ھەڵگری ئەم خەونەن بەڵام درێژەپێدان و بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی بێ متمانەیی لای خەڵک دروست کردووە و بۆتە ھۆی پەرتەوازەکردنی کۆ دەنگی نیشتمانی لەسەر ئەم پرسە چارەنووس سازە .
ئەم دەرەفەتەی ئەمرۆ ڕەخساوە کە دەرەفەتێکی مێژووییە بۆ کورد ، بەڵام لای ھەندێک کەس و لایەن بە ئەجێندای حزبی و خەونی بنەماڵەیی شڕۆڤە دەکرێت . بەردەوام ئەو کێشە و قەیرانا نەی کە خۆیان بەشێکن تیایدا لە ھزری خەڵک زیندوو دەکەنەوە و بۆ مەرامی سیاسی خۆیان سوودی لێوەردەگرن تا دواجار خەڵک بخەنە گومان و دوو دڵیەوە .
لێرەدا ، دوای شکست ھێنانی ئەزموونی حکومەتی بنکە فراوان و سالێک زیاتر لە بارودۆخێکی پڕ قەیراناوی ، زەروورە خەڵک لە خۆی بپرسێتەوە کە شەڕی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ، ئاژاوەگێریی سۆشیال میدیا و لێدوانی توند دژ بە یەک ئێمەی گەیاندۆتە چ قۆناغێک ....؟؟!!
تەنھا دەسەڵاتداربوونی لایەنێک خەڵکی گەیاندۆتە ئەم قۆناغە یان کەلەرەقی و بێ باک بوونی لایەنەکانی تریش ..؟؟!!
ئیتر کاتییەتی لە ھەیقەتەکان تێبگەین ، عەقلَ دەبێت ئەوە ھەزم بکات کە ئەم زمانە زبرەی کە ناویان ناوە زمانی گفتوگۆ و بیڕورای ئازاد ، ئەو بەھەشتە بێ کۆتاییەی کە لە ھزری خەڵک چنیوویانە لە بە شەخسیکردنی کێشەکان و قووڵبوونەوەی قەیرانەکان و ناشرینکردنی سیمای حزب و بێ ئومێدبوونی خەڵک لە ھەموو ئەو دەستەواژانەی کە وتار و مێزگردەکانیان پێ ڕازاندۆتەوە كه بوونەتە خولقێنەری بارودۆخێکی سیاسی – ئابووری خراپ و بردنە دواوەی ئەزموونی سیاسی چیتریان بەرھەم نەھێناوە .
ئەگەرچی جیاوازیش ھەبێت لە تێروانیندا ،بەڵام بۆ ئێستا پێویستە ھێزە سیاسیەکان گفتوگۆبکەن لە پێناو رێک کەوتن ، نەوەک لە پێناو خۆ سەپاندن و مەرجدارکردنی پرسەکان . ، سەرخستنی ڕیفراندۆم پێویستی بە یەکڕیزی ھێزە سیاسیەکان ھەیە لە پێناو گوزارشت کردن لە کۆ دەنگی و نیشان دانی ئیرادەی میللەت بە جیھان . کاتی ھیوا ھەڵچنین و ساردکردنەوەی خەڵک نیە لەسەر پرسی جیابوونەوە و سەربەخۆیی راگەیاندن ، گوشار خستنە سەر میللەت و ھەراسانکردنی لە بەرژەوەندی ھیچ لایەنێکی حزبی نیە کە بەرژەوەندی کوردی بەلاوە باڵاتر بێت لە خواست و ویست و بەرژەوەندی حزبی .
ئەوەی ماوەتەوە بیلێم ئەوەیە ، بۆ بڕیار دان لەسەر ئەم پرسە خەڵک ناچار نیە پەیرەوی دید و بۆچوونە حزبیەکان و شةخسيەكان بکات و خۆی بخاتە ژێر سێبەری ویست و داخوازیەکانیان ، ھەر تاکێکی کورد مافی خۆیەتی ببێتە دەنگدەری بەڵێ یان نەخێر ، بەڵام مافی ھیچ کەس و لایەن و پارتێک نیە لەبەر قینە و بوخزی شەخسی یان حزبی ھەوڵ بدات کۆمەڵگا بۆ ئامانج و ویستەکانی خۆی بەکاربھێنێت، بە شێوەیەک کە ڕووداوەکان بەرەوە داھاتووێکی بێ دەسکەوت ئاراستە بکەن .
Top