سەبارەت بە کۆیلایەتی پێشتر ئاوایان دەگوت بەڵام ئێستا پێچەوانەکەی ...!
June 17, 2017
وتار و بیروڕا
هەر ئەو کەسانە ئێستا دژی ئەو قسەیەی پێشوی خۆیانن و چەتریان هەڵداوە ، ئەوان دژی ئازادین تا وەک کۆیلە بمێننەوە ، هەر ئەوان بوون دەیانگوت نانمان ناوێ ئازادیمان دەوێ ، ئێستاش نان بە ئازادی دەگۆڕنەوە .
کۆیلە تەنها نانی پێویستە ، خەمی ئەو تەنها ئەو لەتە نانەیە کە پێی دەدرێ لەلایەن گەورەکەیەوە ،،،
(ئاژەڵی ماڵی) ئازادی ناوێت ، ئەو بەس دەخوا و دەخەوێ و دەڕی، تەنها خەمی تێربونی سکی خۆیەتی بەڵام دواجار چارەنوسی سەربڕنە ، باڵندەکان هیچ کات ئازادی بە لەتە نان ناگۆڕنەوە کاتێک دەتەوێت پێیانی ببەخشی ، ئەوان رادەکەن و لەشەقەی باڵدەدەن و ئازادی خۆیان نادۆڕێنن .
پەیوەندیەکی پێچەوانە لە نێوان ئازادی و نان هەیە ، چەند بتەوێت ئازادانەتر بژیت ، هەوڵدانت بۆ (تێر)بون قورستر دەبێت ، چەندیش بتەوێت زیاتر (تێر) بیت، وەک دابەستە و بۆ قەڵەو بوون بەخێو دەکرێی، دواجار چارەنوست سەربڕینە .
ئەوانەی دژی ئازادین ، خۆیان کۆیلەن و مونەزیری کۆیلایەتین ، بۆئەوەی عەیبەی کۆیلایەتی خۆیان بشارنەوە ، کۆیلایەتی جوان دەکەن و ئازادی ناشیرین دەکەن هەوڵدان بۆ ئازادی بە تاوان وێنا دەکەن ، بەردەوام خەریکی زیادکردنی ژمارەی کۆیلەکانن تا خۆیان لەبەرچاوان ون بکەن .
ئەلیخاندرۆ جۆدۆرسکی دەڵێت " ئەو باڵندانەی کە لەناو قەفەس لەدایک دەبن، باوەڕیان وایە کە فڕین تاوانە"
ئەو جۆرە نوسەرانەی ئەمڕۆ دژی ئازادین، بیرکردنەوەیان لە دایکبوی دۆخێکی پڕ لە کۆیلایەتیە ، هەر بۆیەشە هەوڵدان بۆ ئازادی بە تاوان پیشاندەدەن .
(نیلسۆن ماندێلا) دەڵێت " کۆیلەکان تەنها داوای ئازادی دەکەن و هەوڵی بۆ نادەن ، بەڵام ئازادیخوازەکان دروستی دەکەن "
(ڤیکتۆر هۆگۆ)ش دەڵێت "ئەوکاتە ئازادی دەست پێدەکات کاتێک جەهل کۆتایی دێت " ئاخر ئەوانەی ئێستا دژی سەربەخۆی کوردستان دەنوسن تەنه ئامانجیان بڵاوکردنەوەی جەهلە وکۆیلەکانیش چەپڵەیان بۆ لێدەدەن .
مرۆڤ بیری ئازاد نابێ تا ژیانی ئازاد نەبێ ، (ولیام رالف) دەڵێت " دوژمنانی ئازادی جەدەل ناکەن بەڵکو دەقیڕێنن و هاوار دەکەن".
ئەوانەی دژی ئازادین گیرۆدەی نەخۆشی دەرونین بۆیە دەقیڕێنن ، ئازادی فەراهەمی جێگیربوون و تەندروستبوونی دەروون مسۆگەر دەکات.
رووبەری زەوی چەندە فراوان بێ هیچ سودێکی نیە کاتێک کەوشەکانمان بچوک بن ، ئێمەش داوا دەکەین بئەوەی کەوشەکانمان تەنگ نەبێ تا بتوانین لەسەر پێی خۆمان بەبێ ئازار بوەستین و رێگا بکەین ، تا ئێستا کورد خاوەنی کەوشی فەراح نەبووە بۆیە نابێ بڕیار لەسەر رۆیشتنی بدەی ئەگەر باش نەرۆیشبێت .
ئەوانەی دژی ئازادین تەنها حەزیان بە گەوارە و هەورەتریشقە و تۆزوبایە ، دژی بارانن ، ئازادی وەک باران وایە ژیان دروست دەکات بەڵام گەوارە و هەورە تریشقە و رەشەبا ژیان وێران دەکەن .
تەنها ئازا و چاونەترسەکان ئازادن ، هەڵبژاردنی کۆیلایەتی لە ترسەوەیە ، تا ترسیشت هەبێ هەر دبێ ژیانی ژێردەستەیی هەڵبژێریت.
#نیازحاجی