وێستگەی سەربەخۆیی

وێستگەی سەربەخۆیی
لەم بارودۆخەی کە کوردستانی تێدایە، لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە تەبایی، یەکڕیزی نیشتمانی و یەک گوتاری ھەیە. ئایا ئامانجە ڕاستەقینەکە کە مەبەست لێی سەربەخۆیی کوردستانە، ئەوەندە ناھێنێت چەند پرسێکی‮ ‬لۆکالی‮ واز لێ بێنین و بەیەکەوە بکەوینە گفتوگۆ، بە ھەموو لێکدانەوەیەک وا پێویست دەکات پرسی سەربەخۆیی و ڕاپرسی کۆمان بکاتەوە و ببێتە کلیلی چارەسەری ململانێ ناوخۆییەکان، نەوەک پێش مەرج و پاش مەرج بۆ یەکتر دابنێین، ئەگەر لەسەر چۆنیەتی پیادەکردنی مافی چارەی خۆنووسین رێکەوتین، ئیتر کێشەکانی دیکەی پەیوەست بە کارا کردنەوەی پەرلەمان و بنەمای یاسایەکانی ئەنجامدانی ڕاپرسی و وردەکاریەکانی دیکە زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەبن، بە دڵنیاییەوەیش وا پێویست دەکات ھەمووان لە پێناوی ئەم ئامانجە پیرۆزە، سازش بکەین و نەرمی بنوێنن.
ئەوەی‮ ‬جێگەی‮ ‬مەترسی‮ ‬و نائومێدییە، دابەشبوون و لێکترازانی‮ ‬ھێزەسیاسیەکان و ناوماڵی‮ ‬کوردە،‮ ‬کە خەریکە ھەڕەشە لە گەییشتن بە ماف و ئاواتەکانمان دەکات،‮ ‬لە کاتێکدا، ‬ڕۆژھەڵاتی‮ ‬ناوەڕاست بەگشتی‮ ‬و کوردستان بەتایبەتیی‮ ‬پێی‮ ‬ناوەتە قۆناغێکی ‬ئێجگار ھەستیار و ئالۆز،‮ زۆرینەی‮ ‬چاودێرانی‮ ‬ناوخۆیی‮ ‬و بیانی‮، ‬گۆڕانکارییە ھەرێمی‮ ‬و نێودەوڵەتییەکان ‬بە دەرفەتێکی چارەنووسساز بۆ میللەتی کورد ‬دەزانن، بۆیە دەتوانین بڵێین کورد لە ئامانجێکی لە مێژینەی نزیک بووەتەوە، کورد لەوەتەی ھەیە بە ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، لەو ڕەوشەی عێراق باشترین و نزیکترین شت کە پێی بگات جیابوونەوە و سەربەخۆییە.


کورد و سەربەخۆیی دوو دەستەواژەی بەیەکەوە گرێدراون، لە ماوەی رابردوودا، ھەرێمی کوردستان لەژێر سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەباشترین شێوە ھەرێمەکەی بەڕێوە بردووە و حەکیمانە سیاسەتی کردووە، ئەزموون ئەوەی سەلماندووە، بیست و شەش ساڵە ھەرێمی کوردستان لە دۆخی ئازادیدا دەژیت، خاک، ئاڵا، مارش، ئاسایش و ھێزی پێشمەرگە، پەرلەمان و حکوومەتی ھەیە، باشووری کوردستان بە دیفاکتۆ لە ناوچەکە و جیھان ناسراوە.
گەلی کورد، گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لەسەر ڕووی زەمین، شەمەندەفەری کوردستان و سەرنشینانی کورد، سات لە دوای سات، لە وێستگەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نزیکتر و نزیکتر دەبنەوە.
کورد بەبێ خاتر گرتن، بێ ئەملا و ئەولا، بە ھەموو پێوەرێک شایەنی سەربەخۆییە.
Top