ڕیفراندۆم وەک گۆرزێکی کۆشندە دژی گەندەڵی

ڕیفراندۆم وەک گۆرزێکی کۆشندە دژی گەندەڵی
سەیرە لە وەڵاتەکەمان کەسانێک ھەبن گلەیی لە گەندەڵی بکەن و نەک تەنیا ھەوڵی نەھێشتنی نەدەن، بەڵکۆ لەمپەر و ئاستەنگیش بخەنە بەردەم چارەسەرکردنی. ساڵەھای ساڵە ھاوارھواری "گەندەڵی...گەندەڵی..." یان لێ دەبیسترێ کەچی ئێستا ناڕاستەوخۆ ھەوڵی پەسندکردن و ھێشتنەوەی دەدەن. ئەوەتا دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان دیارترینی ئەو ئاماژەیەن.
ئەو کەسانەی کە تۆزقالێک شارەزای ھاوکێشە سیاسیەکانی کوردستان و ناوچە و جیھانن، باش دەزانن کە لە سەرھڵدان و بەردەوامی ھەبوونی گەندەڵی دا، نەبوونی قەوارە و کیانێکی سەربخۆی دەوڵەت، پشکی شێری بەردەکەوێ. بەشێکی زۆری ئەو ڕەفتار و ھەوڵانەی کە لە کۆتاییدا لە شێوەی گەندەڵی دەردەکەون بەرھەمی دەستوەردانی وڵاتانی دەوروبەر و دراوسێ و دەرەکین، کە بە ھۆی نەبوونی سنوورێکی دیاری سیاسی و جۆگرافیاییەوە ڕووی دەدەن.
بەڵام دیسانەوەش سەرگرتنی ڕیفراندۆمی سەربخۆیی، و دروستبوونی کیانێکی سیاسی و جۆگرافیایی بەناوی دەوڵەتی کوردستان لە قۆناغە ئاڵۆزەکانی دواتری دا، ھەلێکی زێڕینە بۆ کەمکردنەوەی سنووری دیاردەی دزێوی گەندەڵی، کە پەتایەکی کۆشندەی پێشکەوتن و داھێنانە لە نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا.
لەکاتی بوونی ئەو کیانە، ئیتر دەرفەت بۆ بەھێزکردن و بوونی یاسا و سەروەرییەکەی زیاتر، و لە ھەمان کاتدا ئاستی زیادەڕۆیی و قۆستنەوەی دەرفەت بۆ گەندەڵی لەبەردەم کەس و لایەن و پارت و وڵاتان کەمتر، دەبێ.
بۆیە ئەوانەی دەیانەوی ڕەگ و ڕیشەی گەندەڵی وۆشک بکرێ، دەبێ لە جیاتی بوون بە بەربەست لەبەردەم ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان، زیاتر لە ھەر کەس و لایەن و پارتێکی تر بۆ سەرکەوتنی بە پەرۆش بن و بە جۆش و خرۆشێکی زۆرتر لە ھەوڵی سەرگرتنی دا بن، چونکە تا کوردستان ئەوھا بێ گەندەڵی بەردەوامی دەبێ. *بسپۆرێ زانستێن پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتییا پەروەردە/ زانینگەھا زاخۆ
Top