بۆچی گه‌شبینین؟

بۆچی گه‌شبینین؟
كۆبوونه‌وه‌ مێژووییه‌كه‌ی رۆژی چوارشەممە 7ـی حوزەیرانی 2017ـی حزبه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز مسعود بارزانی و دیاریكردنی 25ـی ئه‌یلولی 2017 بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، تا خه‌ڵكی كوردستان بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن بۆ(به‌ڵێ)ی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق. جگه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی بووه‌ هۆكاری به‌خشینی ئومێد به‌كوردستانیان، له‌ ئاستی میدیای جیهانیشدا كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، زۆربه‌ی میدیاكان ئه‌م بڕیاره‌یان به‌مانشێتی جیاجیا بڵاوكرده‌وه‌، راپرسیان له‌ ماڵپه‌ڕ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان له‌باره‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ داناوه‌.
گه‌شبینی ئه‌م حاڵه‌ته‌یش واتا بایه‌خ پێدانی ئاژانس و میدیا جیهانیه‌كان به‌م پرسه‌ له‌ چه‌ند روانگه‌یه‌که‌وه‌یه‌ وه‌ک:
یه‌که‌م: له‌ ناوچه‌یه‌کی پڕ له‌ ململانێی و شه‌ڕ و ناسه‌قامگیریدا پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێده‌وڵه‌ت به‌ ئیراده‌یه‌کی ناوخۆیی ده‌جوڵێندرێ.
دووه‌م: له‌ عێراقێکدا سه‌روه‌ری تێدا نه‌ماوه‌ و ساحایه‌کی کراوه‌ی شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، میلله‌تێک جیاواز سیاسه‌ت ده‌کات و خۆی ناخزێنێته‌ ناو به‌ره‌یه‌کی دیاریکراو دژ به‌ به‌ره‌یه‌کی دیکه‌.
سێیه‌م: له‌ ماوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی گروپی تیرۆریستی داعش کورد(پێشمه‌رگه‌) روانینی زۆر وڵاتی گۆڕی، هێزێکی به‌ئیراده‌ و به‌ پشتیوانیه‌کی که‌م و که‌می پێداویستی سه‌ربازی(چه‌ک) هه‌یبه‌تی هێزه‌ دڕنده‌ییه‌که‌ی داعشی تێک شکاند و بووه‌ پارێزه‌ری سه‌رجه‌م پێکهاته‌ جیاوازه‌کانی عێراق چ نه‌ته‌وه‌یی یا دینی یا مه‌زهه‌بی.
چواره‌م: زیاد له‌ توانای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رباری قه‌یرانی دارایی، زێده‌تر له‌ ٢ ملیۆن ئاواره‌ داڵده‌ بدات و ئیداره‌ی بکات.
پێنجه‌م: هه‌وڵه‌ دیپلۆماسیه‌کانی جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی له‌پێناو پێشخستنی پرسی کورد و پێداگیری سه‌خت و ره‌تکردنه‌وه‌ی جارێکیتر له‌ ژێر ده‌سته‌یی، پێگه‌یه‌کی به‌هێزی بۆ کورد دروست کرد.
شه‌شه‌م: دیفاکتۆی هه‌رێمی کوردستان له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ٢٠ ساڵ و سه‌لماندنی سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ و پێچه‌وانه‌ی زۆر لایه‌ن گره‌نتی سه‌قامگیرییه‌.
حه‌وته‌م: له‌ عێراقی دوای ٢٠٠٣ حکومه‌تی ناوه‌ند و هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار بوونه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی پێکه‌وه‌یی و له‌ هه‌رێمی کوردستانیش پێکه‌وه‌یی و موماره‌سه‌کردنی تایبه‌تمه‌ندی سیاسی و ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی بووه‌ سیمایه‌کی گه‌ش و پڕ شانازی.
ئه‌مه‌ به‌شێکه‌ له‌و هۆکارانه‌ی کورد ده‌توانێ بۆ پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم وه‌به‌رهێنانی تێدا بکات.
Top