دوو ناو، ھاوتای یەکتر

دوو ناو، ھاوتای یەکتر
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و کوردستان، دوو ناون، بوونەتە ھاوتای یەکتری، ئەمەش واتا ئەوەیە کاتێک باسی کوردستان دەکرێت، مانای ئەوەیە باسی سەرۆک بارزانیشە، کاتێکیش باسی سەرۆک بارزانیش دەکرێت، مەبەست کوردستانیشە، کەواتە بارزانی تەنیا کەسێک نییە، بەڵکو ھێمایە بۆ دەوڵەتێک کە ناوی کوردستانە، ئەمە وایکردووە کە ببێتە گرنگترین و کاریگەرترین کەسایەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەم واقیعە لەسەر ئاستی ئەو پێشوازییانەی لێی دەکرێت، ڕەنگدانەوەی تەواوی ھەیە.. کاک مەسعود جیا لەوەی لەسەر زەوی سەرکردایەتی بەرەیەکی گەورەی شەڕی دژی داعش دەکات و توانیویەتی ئەفسانەی داعش بەتاڵ بکاتەوە، لەھەمانکاتدا رێبەرایەتی دەوڵەتێکیش دەکات کە سەلماندوویەتی دەتوانێت دیموکراسی و پێکەوەژیان لەناوچەیەکی وەک رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە سەرکەوتوویی پیادە بکات.
ڕێزدار بارزانی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخوییدا خاوەن پێگەێکی سیاسی زور بە ھێزە، وەک سەرۆک کۆماری وڵاتان پێشوازی لێ دەکرێت و جێگەیێکی تایبەتی داگیر کردووە لەنێو گوڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتیدا بە گشتی، ھەر لەم ماوەی دواییدا بەڕێزیان سەردانی چەندین وڵاتی کرد لەوانە تورکیا، فڕەنسا، دواجاریش عەمان، لەسەر ئاستی لوتکەدا پێشوازی لێکرا بە ھەڵکردنی ئاڵای پیروزی کوردستانەوە لە تەک ئاڵای وڵاتانەدا ئاماژەیە بو ئەو پێگە بەھێزەی بەڕێز بارزانی و باشووری کوردستان ھەیانە. پێشوازی کردنی جەنابی بارزانی لەم ئاستە بەرزەدا شتێک نییە لەخوڕا ھاتبێتە ئاراوە، بەڵکو ئەوە ڕەنگدانەوەی ئەو دیبلوماسیەتە حەکیمانەو سەرکەوتووانەی بارزانییە کە توانیویەتی لە میانەی ڕەفتاری سیاسی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشھاتە سیاسییەکاندا سیمایێکی جوان و شارستانی پیشانی ھەمو جیھان و ناوچەکە بدات و ھاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوان باشوری کوردستان و وڵاتە ھاوسنوورەکانمان، ھاوکات وەکو کەسایەتیەکی بەرزو بە ھێز دەرکەوێت ھاوشانی خوڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لە بەرەی دژی تیروریزمی نێودەوڵەتی دا بو بەرگری کردن لە نەتەوەی کورد و مروڤایەتی لە یەک کات دا. دەکرێت بڵێین ئەو پێشوازییەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە سەرۆک دەکرێت، ھاوتای پێشوازیکردنە لە سەرۆک و پادشای دەوڵەتە گەورەکانی ناوچەکە و زیاتریش، گەورەیی سەرۆک لە بیرتیژی و خەمخۆری بۆ نەتەوەکەیەتی و ھەموو کاتیش بۆتە مایەی ئاسودەیی وئارامی، بۆیە ئێمە دەبێت ھەمووان لە نزیک و دوور، لەو راستییە تێبگەین کە بارزانی پێشمەرگە و سەرۆک و خەمخۆری کوردستانە. پەنجاو پێنج ساڵ پێشمەرگایەتی و خەبات (٢٠\٥\١٩٦٢ - ٢٠\٥\٢٠١٧) شەرەفێکە، جگە لە سەرۆکی کوردستان، ھیچ سەرۆک وڵاتێک پێی نەبڕاوە.

Top