ئێران لە دوای هەڵبژاردنەكان رۆحانی شەڕی حكومەتی سێبەر دەكات

ئێران لە دوای هەڵبژاردنەكان رۆحانی شەڕی حكومەتی سێبەر دەكات
ئەم وتارە لە گۆڤاری فۆرێن ئەفێرز و لە رۆژی 26ی ئایاری ساڵی 2017دا بڵاوكراوەتەوە.
لە 19ی ئایاردا، ئێران هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجامدا. حەسەن رۆحانی كە پۆستی سەرۆكایەتی بەدەستەوە بوو، سەركەوتنێكی گەورەی تۆماركرد و خولێكی چوار ساڵی دیكەی سەرۆكایەتی بردەوە. رۆحانی لەسەر بنەمای كرانەوە بە رووی جیهاندا، لە نێویاندا ئەمریكا و دەوڵەتە عەرەبییەكانی كەنداوی دراوسێی و لەسەر بنچینەی ئەنجامدانی چاكسازیی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لە ناوخۆدا، هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی بەڕێوەدەبرد. پاڵێوراوە سەرسەختەكان بەرنامەیەكی پۆپۆلیستی و گۆشەگیرانەیان هەڵگرتبوو و بە رێژەیەكی گەورە هەڵبژاردنەكەیان دۆڕاند، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە شەڕەكە كۆتایی هاتووە، ئێستا ئەو كەسایەتییە سەرسەختانە هەوڵی ئەوە دەدەن لە رێی دروستكردنی حكومەتی سێبەرەوە بەرهەڵستییەكی توندتری رۆحانی بكەن.
لە رابردوودا بیرۆكەی حكومەتی سێبەر لە ناوەندە سیاسییەكانی ئێراندا باس و خواستی لەبارەوە دەكرا. لە ساڵی 2005دا، ئەو ریفۆرمخوازانەی كە هەڵبژاردنەكەیان لەبەرامبەر ئەحمەدی نەژادی سەرسەختدا دۆڕاندبوو، ئەم ئەگەرەیان ورووژاند، بەڵام هەرگیز ئەمە بەدی نەهات، زیاتر لەبەر ئەوەی رژێمەكە تەفزیڵی سەقامگیری و بەردەوامبوونی دەكرد و خوازیاری ئەوە بوو وەك وڵاتێكی یەكگرتوو وێنەی ئێران بنەخشێنێت. هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لە ئێراندا، ئەگەرچی كورتن، بەڵام دەكرێت دڵڕەقانە بن. خەڵكی بە ئاشكرا گفتوگۆ لەبارەی ئایندەی وڵاتەكەیانەوە دەكەن، ئەو پاڵێوراوانەی كە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور پەسەندی كردن لە تەلەفزیۆنی نیشتمانییەوە مشتومڕیان لەبارەی بژارەكانەوە دەكرد. رەنگە بتوانین بڵێین ئەوە شتێكی حەتمی بوو كە رابەری باڵا، ئایەتوڵا خامنەئی، كە هەوڵی دەدا وا خۆی پیشان بدات كە لە سەرووی سیاسەتەوەیە، پاڵێوراوەكانی ئاگادار دەكردەوە كە دەبێت رەچاوی ئەوە بكەن سنوورەكان نەبەزێنن و هێرش نەكەنە سەر كەسایەتی یەكتری. لە دەرئەنجامدا، سیستمەكە جەخت لەسەر یەكێتی دەكاتەوە لە دوای هەڵبژاردنەكەوە، ئەگەرچی دەتوانێت لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا دابەشبوون دروست بكات، یاخود قووڵی بكاتەوە.
ئەمجارەیان و بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست نەبێت، ركابەری سەرسەختی رۆحانی، ئیبراهیم رەئیسی، پیرۆزبایی لە سەرۆك كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. بەڵام ئەمە دوای ئەوە بوو كە لەسەرەتادا گومانی لە دەرئەنجامەكان كردو، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە نابێت خواستی لایەنگرەكانی فەرامۆش بكرێن. رەئیسی توانی سوود لەو ناڕەزاییەتە هەڵكشاوە ببینێت كە لە ئاست جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا هەیە، هێشتا زۆرێك لە ئێرانییەكان كاریگەرییەكی زۆر بەدی ناكەن لە دەرئەنجامی هەڵگرتنی سزاكان و بووژاندنەوەی ئابووری. رەئیسی 15.5 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، واتە لە سەدا 38.5ی سەرجەم دەنگی ئەو هاونیشتمانییانەی دەنگیان دابوو، ئەمە لە كاتێكدا رۆحانی 23 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، واتە لەسەدا 57ی دەنگەكان. رەئیسی و هاوپەیمانە ئوسووڵگەراكانی، ئەوانەی باوەڕیان بە پشتبەخۆبەستن و گەڕانەوە بۆ بەها بنەڕەتییەكانی شۆڕش هەیە، دەرئەنجامەكە بە سەرچاوەی شەرعیەت و سەرمایەی سیاسی دەزانن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەجێندەی بەرزەفڕانەی رۆحانی. ئەوان دەیانەوێت رێگری لە سیاسەتەكانی بكەن، وەك كرانەوە بە رووی رۆژئاوادا، كرانەوەی كۆمەڵایەتی و چاكسازیی ئابووری، ئەویش لە رێی دەسەڵاتی یاسادانانەوە و لە رێی پشتبەستن بە دەزگای هەڵنەبژێردراوەكانەوە، كە پتر مەیلێكی موحافیزكارانەیان هەیە.
دوای هەڵبژاردنەكان مەسەلەكان پتر ئاڵۆز بوون، كاتێك سەعید جەلیلی كە ناوێكی ئاشنایە لە ناوەندە سیاسییەكانی رۆژئاوادا، كە گەورە گفتوگۆكاری ئەحمەدی نەژاد بوو بۆ پرسی ئەتۆمی و پاڵێوراوی سەرۆكایەتی بوو لە ساڵی 2013 رایگەیاند كە حكومەتێكی سێبەر دروست دەكات. ئەم پلانە، هەروەك لەلایەن جەلیلییەوە روونكرایەوە، كۆمەڵێكی شارەزا لە خۆدەگرێت كە كاردەكەن بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەددی و كێشانەی كە وڵاتەكە رووبەڕووی دەبێتەوە. كە پرسەكانی سیاسەتی دەرەوە بۆ مەسەلە كۆمەڵایەتییەكان و هەروەها بواری پیشەسازی و ئابووری و گەندەڵی و شەفافییەت و تەندروستیی گشتی لەخۆدەگرن. ئەم جووڵەیە پشت بە بانگەشەی ئوسووڵگەراكان دەبەستێت بۆ بەكارهێنانی ئەو ژمارە زۆرەی دەنگەكان كە لە بەرژەوەندیی رەئیسی دران. جەلیلی كەسایەتییەكی لاوەكییە لە سیاسەتی ئێراندا. بەڵام ئەم جووڵەیە گرنگە و دەكرێت كاریگەری هەبێت لەسەر خولی دووەمی سەرۆكایەتی رۆحانی و لەسەر كرانەوەی لە ئاست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لەم ساڵانەی دواییدا كەسایەتیە سەرسەختەكان و موحافیزكارەكانی ئێران تەواو دابەش بوون لە نێو خۆیاندا. زۆرێك لە كەسایەتییە ئوسووڵگەرا سەرەكییەكان، هەم سەرسەختەكان و هەم موحافیزكارەكان، لە نێویاندا جەلیلی، ناوبانگی پێویستیان نییە، ئەمە لێگەڕێ كە سەرمایەی كۆمەڵایەتی و پشتیوانی جەماوەریشیان نییە، بۆ ئەوەی ببنە سەركردەگەلێكی كارای بەهەڵستكار. بۆ نموونە، پێش ئەوەش ئەوەی ناوبانگ دەربكات لە دەرئەنجامی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكان لە ساڵی 2017 ، رەئیسی لای خەڵكانی ئاسایی ئێران نەناسرا بوو.
بەهۆی دابەشبوون و نەناسراوییانەوە، سەرسەختەكان تەنیا توانییان جار بە جار رێگری لە ئەجێندەكانی رۆحانی بكەن. ئەمە حاڵەتەكە بوو لە سەروەختی گفتوگۆكانی پەیوەست بە پرسی ئەتۆمییەوە، كە زۆرێك لە لایەنە سەرسەختەكان رەخنەیان لێگیرا لەلایەن خامنەئییەوە. بەڵام سەرسەختەكان سەركەوتوو نەبوون لە هەوڵەكانیاندا بۆ بەلاڕێدابردنی گفتوگۆكان و ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی بەدوایدا هات. لە ئێستادا، بەردەوام رەخنە لە رێككەوتنەكە دەگرن، ئەگەرچی دەزانن كە شەڕەكەشیان دۆڕاندووە.
بەڵام ئوسووڵگەراكان لە دوای ئەو ئەزموون و هەڵبژاردنانەوە، ئامادەن بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان و دروستكردنی حكومەتی سێبەریش ئەم ئەركە بەدی دینێت. ئەگەر بە باشی جێبەجێ بكرێت، ئەوا بوار بە ئوسووڵگەراكان دەدات بۆ ئەوەی هەوڵێكی درێژخایەنتر و چڕوپڕتر و بەرچاوتر بخەنەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی رۆحانی و لاوازكردنی ئەجێندەكەی. هەروەها بواریان پێ دەدات بۆ ئەوەی رۆڵێكی گەورەتر ببینن و بكەونە هۆنینەوەی بەیت و بالۆرە لەبارەی ئەجێندەی رۆحانییەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەكەدا بێ ئەوەی چاوەڕێی وەرزی هەڵمەت و هەڵبژاردنەكان بن.
لە دوای واژووكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە لە تەمووزی ساڵی 2015وە، خامنەئی خۆی بە دوورگرتووە لە رۆحانی و تەنانەت رەخنەی بەرچاوی لێگرتووە. لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا، ئەوە باوەڕە لە ئارادا بوو كە رەئیسی پاڵێوراوی خوازراوی ئەوە، بەڵام خامنەئی لەگەڵ سەقامگیریدایە. ئەگەر حكومەتی سێبەر بتوانێت توانای رۆحانی سنووردار بكات بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێندە بەرزرەفڕەكەی، بێ ئەوەی تەواوی كەشتییەكە تێكبشكێنن، ئەوا ئەگەری هەیە خامنەئی-یان لەگەڵدا بێت.
ئەگەر ئوسووڵگەراكان تێڕوانینێكی یەكگرتوو و ستراتیژی بخەنەڕوو بۆ ئایندەی كۆماری ئیسلامی و بتوانن لایەنە جیاوازە موحافیزكارەكان یەكبخەن، ئەوا دەتوانن بەر بە رۆحانی بگرن. ئەوان باوەڕیان وایە ئەمە گرنگترە لەوەی ئیرادەیەكی زیاتر بە رۆحانی بدەن بۆ لاوازكردنی سوپای پاسداران لە دەرەوەی كەرتی بەرگری، بوونی سوپای پاسداران و كاریگەری لەسەر بواری سیاسی و ئابووری وڵاتەكە، بەربەستی سەرەكییەكە لەبەردەم ئاوێتەبوونی ئێران لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، كە رۆحانی هەوڵ دەدات ئاسانكاری بۆ بكات لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا. تاوەكو ئێستا، سوپای پاسداران كاراترین هێز بووە لە دژی هەندێ لە ئامانجەكانی میانڕەوەكان.
هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكانی ساڵی 2017 بەڵێنێكی گەورە بوو بۆ ئەجێندەی میانڕەو و ریفۆرمخواز لە ئێراندا. دەرئەنجامەكە رەنگدانەوەی پەرۆشی دانیشتووانێكی شارنشین و گەنجە، كە ئاستێكی بەرزی پەروەردەیان هەیە، بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان لە رووی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە بكرێتەوە. پێگەی رۆحانی لە خولی دووەمدا بەهێزترە بە بەراورد بە خولی یەكەم، كە ئەمەش شتێكی نائاساییە بۆ سەرۆكێك كە دوو خول سەرۆك بێت. بەڵام ئوسووڵگەراكان هەوڵەكانیان خستۆتەگەڕ بۆ سنوورداركردنی ئەوەی رۆحانی دەتوانێت بەدەستی بهێنێت، حكومەتی سێبەریش دەتوانێت دەلاقەیەك بێت بۆ خستنەگەڕی هەوڵەكانیان و بواریان پێدەدات بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی كاراتر ئەو كارە بكەن كە پێشتر ئەنجامیان دەدا.

Top