دەوڵەت و دیموکراتی
May 30, 2017
وتار و بیروڕا
ئەو لایەن و دەستە و گرووپانە ئەگەر ئەوەندە دیموکراتخواز و بەڕاستی لە خەمی دیموکراتی دان؟! پێیان دەڵێم و لە منبش باشتر دەزانن تا ئەم چرکەساتەش دیموکراتی بەغدا لەژێر هەژموونی فتوای مەرجەع دایە، سەربڕین و سووتاندن و بە غەنیمەت بردنی سەروەت و سامان و ژن و کچی نەیارە سیاسی و جیاوازیە دینی و مەزهەبیەکانی یەکتری تاکە ستوونە و دیموکراتی عێراقی لەسەر بنیات نراوە، جا ئەگەر ئەوە دیدی عەرەب بێ بۆ دیموکراتی.. چۆن دەکرێ لەژێر سێبەر و باڵادەستی ئەوان کورد بە خەونی دیموکراتی بگات! یان دەپرسم: کام گەل و کام نەتەوە بە ژێردەستەیی و بەر لە رزگار بوون بە دنیای دیموکراتی گەیشتوون؟
بە هەموو تێبینی و سەرنجەکان لەسەر دیموکراتی لە کوردستان، هێشتا دیموکراتی لە کوردستان و دیموکراتی لە بەغدا ئاسمان و رێسمانیان بەینە، ئەی چی وایکردووە ئەو لایەن و دەستە و گرووپانە لە دیموکراتی کوردستان ناڕازی بن و حەسرەت بۆ دیمەکراتی بەغدا هەڵبکێشن؟ گومان لە هەڵوێستی ئەو لایەنانە لە وەڵامی ئەو پرسیارە دایە.
گریمان ئەوانە دیموکراتخوازن و لە خەمی دیموکرتی دان! بەڵام تاکە بنەمای دیموکراتی فەراهەم کردنی ئازادیەکانە، ئایا بە ژێردەستەیی دەتوانرێ ئازادیەکان فەراهەم دەکرێن؟! ئایا کاتێ وەک مافێکی سەرەتایی باس لە گشتپرسی و سەربەخۆیی بکرێ، رێگەت لێبگیرێ و هەڕەشت لێبکرێ دەتوانی بە کوێی دیموکراتی بگەی؟! ئایا تا بیرکردنەوە ئازاد نەکرێ بە دیموکراتی دەگەی؟! ئاخر ئەگەر بەغدا هێز و دەسەڵاتی هەبێ رێگە دەدات کورد وەک نەتەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بۆیە ناکرێ ژێردەستە بی و بەر لە رزگار بوون باس لە چەسپاندنی دیموکراتی بکەی، کەواتە ئەو لایەن و دەستە و گرووپانەی دیموکراتی پێش سەربەخۆیی و رزگاری دەخەن، بیانوو گرتنە بە ئیرادەی نەتەوەیی و جێبەجێ کردنی ئەجێندای داگیرکارانی کوردستانە و وەک ئەوە وایە نوێژ کردن پێش دەستنوێژ هەڵگرتن بخەی.