سـەربـەخـۆیی و بـوێـری

سـەربـەخـۆیی و بـوێـری
گەر ئاوڕێکی خێرا لە ڕابردووی گەلەکەمان بدەینەوە، ئەوا بۆمن دەردەکەوێت بەپێی رۆژگار ‌و سەردەمە جیاوازەکان ئامانجی سیاسەتکردنی کورد گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، بە جۆرێک ئامانجەکان لە قۆناغی بەرگریکردنەوە دەستی ‌پێکرد و لە ئێستاشدا لە قۆناغی ئامانجی گەورەتردایە. نەتەوەی کورد بەر لەھەر نەتەوەیێکی سەر رووی ئەم زەمینە زیاتر پێویستی بە خوێندن و شرۆڤکردنی زانستی سیاسەت و تێگەیشتن لە کۆدی دیاردە سیاسیەکانی دەوروبەر و جیھان ھەیە، چونکە ئێمە خاوەن پرسێکی سیاسی گەورەین مەگەر بەھۆی سیاسەتێکی حەکیمانە و ئەکادیمیەوە بتوانین بەدەستی بھێنین ئەگینا دەروازەیەکی دیکە نییە تێیدا بچینە ناو مێژووەوە.
ھەموو فاکتەرەکان لە بەرژەوەندی ئەوەدان لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە ئامادەباشی ئەوەدا بێت کە سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەنێت، بە درێژایی ئەم سەدەیەی بووری ھەرچی بۆ کورد بە دەست ھاتووە لەسەر دەستی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بووە، ھەنووکە، لەم قۆناغە ھەستیارەشدا بەوپەڕی بوێرییەوە ئاڵاھەڵگری بیری سەربەخۆییە، سەرکەوتووەکان بوێرن، بە بوێرییەوە شوێن خواستەکانیان دەکەون و پێی دەگەن، وەکو نەتەوەی کورد دەیانجار بارتەقای ئەم سەربەخۆ بوونە، خوێنمان بەخشیوە، جینۆساید، کیمیاباران و ئەنفال کراوین، گوند و شارۆچکەکانمان وێران کراون، بۆیە بە دایکی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەڵێم: نیشتیمانیک خاوەنی ئەم پێشمەرگە و سەرۆکە بێت ھەمیشە لە لووتکەدا دەمینیتەوە. ھەموو گەل و نەتەوەیەک بە دوای ھەلێکی مێژووییدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی ئامانجە مێژووییەکانی خۆی بە دەست بھێنێ، بۆ ئێمەی کوردیش ھەلی لەوە باشترمان دەست ناکەوێت، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە بە دیالۆگ بەرگری لەو ئایندە رووناکە بکەین. دژایەتی کردنی سەربەخۆیی، وەک مەلەکردن وایە بە پێچەوانەی ئاراستەی ڕووبار، ئەمەش جگە لە ماندووبون و ھەوڵێکی بێھوودە ھیچی تر نییە!!
دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی مافێکی رەوایە و بەشێکە لە پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، کارکردن بۆ بەدەست ھێنانی ئەم مافە، زیاتر رەوایە بۆ گەلی کورد، ئەو میللەتەی بیەوێت رێگەیەکی دوور و درێژ ببڕێت، ھەوراز و نشێو، کۆسپ و تەگەرەی زیاتری دێتە رێ، بەڵام گەر ئیرادەی بەھێز بێت و بڕوا و متمانەی بەخۆی ھەبێت سەرەنجام ھەر دەگات بە سەربەخۆیی، ئیتر کاتی بڕیاردان و بوێرییە بۆ گرتنەبەری بژاردەیەکی نوێ لەپێناو بەرژەوەندی کۆمەڵگەی کوردی.
Top