میللەتی كورد بەرەو بەدیهێنانی مافی سەربەخۆیی كوردستان
May 29, 2017
وتار و بیروڕا
مێژوو و رابردوو ئێستامان سەڵماندوێتی كە لە بنەرەتدا خاكی هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە لە عێراق و بەزۆر بە عێراقەوە لكێنراوە، ئەوا سەرچاوەی هەموو ئەو نەهامەتی و دەردەسەریەی بەسەر كوردستاندا هاتووە ئاكامی ئەو غەدرە بووە كە بەزۆر كوردستان بەعێراقەوە لكێنراوە، ئەم پێكەوە لكاندنە زۆرە ملێ یەش هەموو كات سەرچاوەی هەموو كێشەكانی كوردستان بووە و هەتا ئەم غەدرەش راست نەكرێتەوە ئەوا نە عێراق ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت و نە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.لەناو ئەو هەموو زوڵمەی لە كوردستان كراوە، بەڵام كوردستان توانیوویەتی لە چوارچێوەی حكومەتی كوردستاندا، نموونەیەكی تازە و جوان پیشانی جیهان بدات و هەروەها توانیوویەتی چەندین خاڵی بەهێز دروست بكات كە سەرنجی جیهان رابكێشێت و لە بەرامبەریشدا جیهان بە شێوەیەكی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ حكومەتی كوردستاندا دەكات، بۆیە ئێستا كوردستان خاوەنی پەیوەندییەكی دبلۆماتی زۆر فراوانە لەگەڵ زۆربەی زۆری دەوڵەتانی جیهان و هەمووشیان بەچاوی رێز و سۆزداری مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكەن، هەروەها ئێستا كوردستان خاوەنی هێزێكی قارەمانی وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستانە كە توانیوویەتی لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش سەركەوتنی گەورە تۆمار بكات و هەر ئەم هێزەش ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی كوردستانی پاراستووە و، لەسەر ئاستی رێكخستنەوەی ژێرخانی ئابووریش؛ لەگەڵ ئەوەی گەندەڵیەكی زۆر لە كوردستاندا هەیە و سەرباری ئەوەش ئەوە چەندین ساڵە حكومەتی بەغدا بودجە و مووچەی لە كوردستان بڕیووە، بەڵام هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە دەستكراوە بە ریفۆرمێكی سەرتاسەری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ ئەوەی بتوانرێت سیاسەتێكی ئابووری ئەوتۆ دابرێژرێتەوە كە ژێرخانی ئابوری كوردستان ریكبخاتەوە، ئەمانە هەموویان خاڵی گرنگن بۆ سەربەخۆیی كوردستان و كوردستانی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی كە پێی بگوترێت دەوڵەتی ئەمری واقیع ....
سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرێز مەسعوود بارزانی جارێكی دیكە جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە هێزە سیاسییەكانی كوردستان كار لەسەر ئەوە دەكەن كە بگەنە رێكەوتن بۆ بەرێوەچوونی ریفراندوم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە عێراق.ئەم لێدوانەی بارزانی بەتایبەتی لە كاتی بەرێوەچوونی كۆنگرەی رۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سیگمار گابریل لە هەولێر هات كە تێیدا بارزانی رایگەیاند هەرێمی كوردستان گشتپرسی بۆ جیابوونەوە لە عێراق ئەنجام دەدات سەرباری ئەوەی كە بەغدا و هێزە هەرێمییەكان نارەزایەتی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوەی هەرێمی كوردستان نیشان داوە.بارزانی هێمای بۆ ئەوەی كردووە ئەوانەی ڕەخنە لە ریفراندوم دەگرن باش لە دۆخەكە تێناگەن چونكە ئەم دەنگدانە گوزارشت لە گەیاندنی دەنگی خەڵكی كوردستان بۆ جیهان دەكات. كوردكان لە هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكەن بۆ راگەیاندنی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە عێراق ئەویش دوای ئەوەی كە داعش لە مووسڵ تێكبشكێندرێت، هەوڵەكانی ریفراندومی سەربەخۆیی كوردستان لە عێراق دەبێتە هۆی خێراتركردنی كۆتایی هێنان بە عێراقی هاوچەرخ.لەمبارەیەوە ، هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق بە زی تایمزی راگەیاندووە كە ئەوان لە كاتێكی زوودا وادەیەك بۆ بەرێوەچوونی ریفراندومی سەربەخۆیی لە بەغدا ڕادەگەیەنن كە ئەمەش قازانجێكی گەورە بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت بەو پێیەی توانیویەتی سنوورێكی بەرفروان لە داعش پاك بكاتەوە و كۆنترۆڵی بكات.هەروەها هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوە داوە كە ئێمە هیوامان بە عێراقی تازە نەماوە ، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە كە پاییزی ئەمساڵ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەرێوە بچێت