قارەمانێتی پێشمەرگە و كاریزمای سەرۆك بارزانی رۆژە سەختەكانی گۆڕی بە رۆژی دەركەوتنی خۆری سەربەخۆیی كوردستان
May 29, 2017
وتار و بیروڕا
لەمانگی ئابی 2014 بەدواوە كاتێك داعش هەموو زەبرو قین و هەڕەشەی خۆی رووی لەكوردستان كردو كوردستان بۆ چەند مانگێك بەدۆخێكی زۆر ئاڵۆزو ناهەموار تێپەڕی كاتێكیش هەڕەشەكانی داعش بە چەك و جبەخانەی پێشكەوتووی ئەمەریكی چەندین فیرقەی عێراقی رووی لەدەشتی نەینەواو كردو كارەساتی شنگالی لێكەوتەوە، ئەو كات نائامادەییەكی تەواو لەكۆی كایەی كوردستان لە بواری سیاسی و سەربازی و ئیداری و كۆمەڵایەتی و ئابووری هەبوو، ئەم نائامادەییە وایكردبوو بەگشتی بێ ئومێدییەك بەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستاندا باڵ بكێشێت، لەو سەردەمە سەخت و قۆناغە ناهەموارەدا دوای ئەوەی جەنابی مسعود بارزانی شەڕی كوردستان یان نەمانی لە دژی تیرۆریستانی داعش راگەیاندو بە قارەمانێتی پێشمەرگەو شەهیدبوونی پۆلێك لە رۆڵە نیشتمانپەروەرەكانی كوردستان توانرا سەنگەرەكانی بەرگری بەهێز بكرێت. رۆڵی جەنابی سەرۆك لەم سەرەتایەوە زۆر بەجوانی خۆی پیشان دەدا، تەنیا سەرۆك بوو توانی سەرپەرشتی ئەو سەنگەرە فراوانەی پێشمەرگە و هێرشە دڕندەیەی تیرۆرستان بكات، دواتر جەنابی سەرۆك بوو كە توانی بۆ جارێكی تر ئەو ئەندازیارە بێت كە پلانی رزگاركردنی هەرێمی كوردستان لەو شەڕە نەگریسە دابڕێژێت و سەرپەرشتی بكات، راگرتنی تیرۆریستانی داعش و شكستهێنانی هێرشەكانیان و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی سەرۆك بارزانی وایكرد كوردو پێشمەرگە بچنە ناو هاوپەیمانێتیەكی نێودەوڵەتییەوە. بەمشێوەیە هاتن و پاڵپشتیكردنی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ وجوود و كاریزما و دیپلۆماسیی سیاسی و سەربازی خودی جەنابی سەرۆك دەگەڕێتەوە و دواتر تا ئەم قۆناغە سەرپەشتیكردنی تەواوی سەنگەرەكانی پێشمەرگە و بەڕێوەبردن و رێكخستنی میحوەرەكان و سەرپەرشتیكردنی دیپلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن جەنابی سەرۆك بارزانی وایكردووە، سەرۆك و سەرۆك وەزیران و ئەو ژمارە زۆرەی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سەربازیی وڵاتان و گەورە ژەنەڕاڵە سەربازییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمانان سەردانی كوردستان كوردستان بكەن، واتە سەرۆك بارزانی توانیویەتی لەخراپترین قۆناغی سیاسی و سەربازیدا ئاراستەی مێژوو و سیاسەتەكان بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردستان بگۆڕێت.
بە قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و كاریزمایەتی سەرۆك بارزانی لەسەرپەرشتیكردنی هێزی پێشمەرگە و هاوكارییەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، رۆژە سەختەكان گۆڕان بۆ رۆژی سەركەوتن و دەركەوتنی خۆری سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان.
قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگەی كوردستان
لەئێستادا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەقۆناغی وەرچەرخانی مێژووییدایە كە جگە لەوەی تیرۆرستانی داعشی لەناوچەكەدا تێكشكاندووە، هاوكات گەورەترین دەستكەوتی بۆ كوردو كوردستان بەدەستهێناوەو بووەتە سیمبولێكی جیهانی و ناوی پێشمەرگە لەسەر زاری زۆرینەی سەركردە سیاسییەكانی جیهان بە دۆست و دوژمنەوە دەنگی داوەتەوە، لەلایەكی ترەوە رزگاركردن و ئازادكردنی بەشێكی زۆری ناوچەكانی خاكی كوردستان و پاراستنی خەڵكی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەستكەوتێكی تری مێژوویی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەیە.
قۆناغی دوای شەڕی داعش
ئەمڕۆ قۆناغی دوای شەڕی داعش هاتۆتەپێشەوە، وەكو هێزی پێشمەرگەش پێویستی بەدووبارە خۆڕێكخستنەوە هەیە، لەسەر ئەم بۆچوونە وەزارەتی پێشمەرگە پلانی هەبووە بەوەی بەخۆداچوونەوەیەك بكات و تەرشیقی دیوانی وەزارەتی بكات و هەندێك پلانی هەبێت بۆ لیواكانیشی، لەچەند مانگی رابردوودا بەجددی كار لەسەر ئەم مەسەلەیە كراوە، دەرئەنجام كاتی ئەوە هاتووە كە وەزارەتی پێشمەرگە بەرەو هەشتەمین ساڵی یەكگرتنەوەی دەچێت و خاوەنی ئەزموونێكە گۆڕانكاری بەسەر وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت، ئەم رێكخستنەوەیەش دوو پاكێجە، پاكێچێكیان تایبەتە بەخودی ناوخۆی وەزارەت و فەرمانی وەزارەتیشی بۆ دەرچوو، پاكێجی دووەمیش پێشنیازی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییە كە تایبەتە بۆ یەكخستنەوەو رێكخستنەوەی جارێكی تری هێزەكانی پێشمەرگەو وەزارەتی پێشمەرگەش پێشوازی لێكردووە چەند ئەفسەرێك وەكو لێژنە دیاریكراون بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەفسەرانی باڵای هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی وەكو لێژنەیەكی هاوبەش كار بكەن بۆ داڕشتنەوەی 35 خاڵ كە خۆی لە بیروباوەڕی یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی جارێكی دیكەی وەزارەتی پێشمەرگە دەبینێتەوە، ئەم پێشنیارانەش لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی لێژنەی هاوبەشی وەزارەت و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران خاڵەكان جارێكی دیكە خرانەوە گفتوگۆ و حكومەت دوای دیراسەكردنی پەسەندی كرد، بەمەش پڕۆژەكە دەچێتە سەرۆكایەتی هەرێم و دوای دیراسەكردنی فەرمانێكی هەرێمی پێدەردەچێت و دووبارە ئاراستەی حكومەت و وەزارەتی پێشمەرگەو لایەنی پەیوەندیدار لەوەزارەتی پێشمەرگەو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەكرێت. ئەم لێژنە هاوبەشەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی كۆمەڵێك پێشنیاریان كردووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی جددی وەزارەتی پێشمەرگە گۆڕانكاری بەسەردا بێت، یەكێك لە پێشنیارەكانیان دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەكی تایبەت بە چاكسازییە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەكەوە ئەركی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بریتی دەبێت لە كاركردن لەسەر یەكخستن و رێكخستنی وەزارەت و هێزەكانی 70 و 80و تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەناویشیدا كار لەسەر ئەوە بكرێت بوارەكانی مەشق و راهێنان رێكبخرێتەوە، ئەمە جگە لەچەندین خاڵی تری، كە خاڵی بنەڕەتی ئەوەیە: ریزبەندی زۆر دراوە بە باڵی سەربازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە و لەوەشدا هەوڵ دراوە هێزەكانی 70 و 80 رێكبخرێن بە هاوشێوەی ئەو 14 لیوایەی كە هەمانە لە وەزارەتی پێشمەرگە و لەسەر ئومرەی ئیدارەدانی وەزارەتن، هەروەها خاڵێكی تری گرنگ ئەوەیە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەڵێنیان داوە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا هاوكار بن. خاڵەكانی تر وردەكاری كاری وەزارەتەكەیە لە ئایندەدا كە رەنگە لەداهاتوودا لە رووی پراكتیكییەوە گۆڕانكاریشی تێدا دەكرێت، لەیەكێك لەو 35 خاڵەدا داوا كراوە مووچەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەكو هێزەكانی ناوخۆ، یاخود هێزەكانی عێراقی لێبكرێت، هەروەها ئێستا كار لەسەر ئەوەش كراوە كە هەموو ئەو پێشمەرگانەی بەناوی پێشمەرگە خانەنشین كراون، لەدوای فیلتەردان كە لە ماوەی رابردوودا چاكسازی تێدا كرا، بێتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لەچوارچێوەی ئەو وەزارەتەدا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، سەرجەم خاڵەكانی ناو پڕۆژەكەش لەبەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.
عەمید هەڵگورد حیكمەت
بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و
رۆشنبیری و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە