دیداری تەمەن و ھەڵوەستەیەک

دیداری تەمەن و ھەڵوەستەیەک
دیداری تەمەن کتێبێکە لە ماوەی ١٥ ساڵدا، ساڵی ١٩٩٠ بۆ ساڵی ٢٠٠٥، تۆمارکراوە، دیدارەکە وەک بیرەوەرییەکانی مام جەلال وایە لە شێوەی پرسیارو وەڵام، کتێبەکە لەسەر حسابی تەندروستی خراپی مام جەلال بڵاوکراوەتەوە، لە ناویشیدا سەرباری وروژاندنی ھەندێ بابەت کە گومانی زۆر ھەڵدەگرن بەوەی لە ڕاستیەوە دووربن.
قۆستنەوەی نەخۆشی مام جەلال و بڵاوکردنەوەی کتێبێک بە ناویەوە کە نە دیویەتی و نە پێیداچووەتەوە و نە ئیجازەی داوە، لە حاڵێکدا کە مام نەتوانێت ڕوونکردنەوەی لەسەر بدات و ناڕاستییەکانی بەدرۆ بخاتەوە، ڕەنگە پڕ بێت لە ناوزراندن و قسە ھەڵبەستن بە دەمیەوە، ھیچ کەسیش نەتوانێت دڵنیایی بە خوێنەر بدات کە ئایا ئەمەی لەم کتێبەدا تۆمارکراوە، بۆچوونی ڕاستەقینەی تاڵەبانین یاخود نا، ھەر بۆیە ئەم ٩٠٠ لاپەڕەیە گومانی زۆر ھەڵدەگرێت.
سەلاح ڕەشید، لەو کتێبەدا لەچەند شوێنێکدا، بەناوی مام جەلال بۆختان و تەشھیر بە باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد، مەلا مستەفای بارزانی دەکات، چاوپێکەوتنەکە بووەتە کەرەستەیەک بۆ لێدانی کەسایەتییەکان، لەجیاتی ئەوەی ببێتە دۆکیومێنتێکی جێی متمانە.
ئەمە لە کاتێکدایە، مام جەلال لە نامەکەیدا، کە بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی ناردووە، نووسیویەتی: "براگیان دوا بریاری ژیانم ئەمەیە کە تا مابم لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دۆست و ھاوخەبات و تەبا دەبم، بە ھیچ شێوەیەک نایەڵم تێکبچێت. کە ھەندێ قسەی جەنابتم دەبیستەوە، بە ھەڤاڵانم دەگوت گەر کاک مسعوود ئیعلانی ھەلوەشاندنەوەی ھاوپەیمانی ستراتیژی بکات، من ئیعلانی نوێ کردنەوە و بە ھێزکردنی دەکەم، گەر دەرکەمان لێ داخات لە پەنجەرەیەکەوە دەچینە لای.!"
بەداخەوە لەم رۆژانەدا دوو بەرگ بەناونیشانی (مام جەلال – دیداری تەمەن) بڵاوکراوەتەوە کە ھەر لە ناونیشانەکەیەوە غەدرێکی گەورە لە مام جەلال کراوە، لەبەر ئەوەی مێژووی سیاسی مام جەلال لە ٢٠٠٥ کۆتایی نایەت، بەڵکو لەدوای ٢٠٠٥ ەوە بەھاری تەمەنی سیاسی مام جەلال دەست پێدەکات.
کتێبەکە جگە لەوەی خەڵکی نیگەران کردووە، بەبێ ئاگاداریی و مۆڵەتی تاڵەبانی چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لە کتێبەکەدا شوێن و کاتی چاوپێکەوتنەکانی مام جەلال و ئامادەکاری کتێبەکە دیار نییە. ئامادەکاری کتێبەکە ھیچ بەڵگەیەکی لەبەردەستدا نییە کە سەڵمێنەری ئەوە بێت قسەکان ھی مام جەلالن. نەخۆشییەکەی ئەو، دەرفەتی بە ئامادەکاری کتێبەکەدا، چۆنیان مەبەست بێت وتەکانی بشێوێنن و دارێژنەوە، لەم ڕێگەیەوە بە مەرامی خۆیان بگەن، ھاوکات یەکێتی و خەڵکی دیکەیش ئازار بدەن. تاڵەبانی تەمەن ٨٤ ساڵ کە ئێستا بەھۆی نەخۆشییەوە لە سیاسەت دوورکەوتوەتەوە، لە دۆخێکی تایبەتدایە، بۆچی غەدری لێ دەکەن.

Top