پارسەکان دوو جار قەرداری دەوڵەتی کوردستانن با جارێک ئەو قەرزە بدەنەوە

پارسەکان دوو جار قەرداری دەوڵەتی کوردستانن با جارێک ئەو قەرزە بدەنەوە
دوای ھێرشەکانی زۆھاک بۆ سەر ئارییە پارسەکان، ئێتر جەمشید پاشای پارس ھێز و توانایی بەرگری نامێنێ و دەستھەڵاتی وڵاتانی ئاریایی دەکەوێـتە دەست یەکێک لە زۆردارترین مرۆڤەکانی ھەموو مرۆڤایەتی و ئەم قۆناغەی ستەمگەری زۆھاک، کە بە ڕەگەز عەرەبێکی خۆپەرێست بووە، و نزیکەی ھزار ساڵی پێچووە، بە یەکێک لە ناخۆشترین قۆناغەکانی ژیانی ئارییەکان، و بە تایبەت پارسەکان ھەژمار دەکرێت. چێڕۆکەکەی لە زۆربەی پەرتووکەکانی ئایینی و سانسکریت و لەوانەشە لە ئاڤێستا و شاھنامەی فیردەوسی دا بە درێژایی ھاتووە.
ئەگەر کاوەی ئاسنگەر، شێرەکۆڕەکەی کوردی ئەسفەھانی نەبوایە، و بەھەڵگرتنی ئاڵای درەفشی کاویانی خەڵکی ھان نەدابایە لە دژی زۆھاک ڕاپەرن لەوانەیە ئەو قۆناغە ناڵەبارەی زۆھاک زۆر زیاتری بخایاندبایە و قۆربانیی زیاتری لێکەوتبایە. کەچی کاوە بە ھاوکاریکردنی فەرەیدوون شاە، کە خۆی بە یەکێک لە پەیڕەوانی ئایینی نۆح(س) ھەژمار دەکرد، توانی زۆھاک بکۆژن و ئێرانییەکان لە ستەمەکەی قۆرتاڵ بکاتن و جارەکی دیتر سەروەری بۆ ئارییەکان و پارسەکا بگەڕێنێتەوە و سەردەمێکی زێڕینیان بۆ دابین بکات.
جاری دووھەمیش، کاتێک کە پارسەکان بەتایبەت و ئارییەکان بە گشتی لەپەڕی دڵسۆزییەوە تەنھا و تەنھا لە بڕی ئەوەی کە ببوون بە مۆسڵمان، لە لایەن چەندین خەلیفەی خۆپەرێستی عەرەبی بەناو مۆسڵمان بەو پەڕی نامرۆڤایانەوە زۆردارییان لێدەکرا و لە لایەن ئەوانەوە بە چاوێکی سووکەوە تەماشە دەکران و ھەر جۆرە ڕەفتارێکی ناشیاو و نەشرینییان لەگەڵدا دەکرا، بەڵام دیسانەوەش، ئەبوو مۆسلمی خۆراسانی، وەک کۆڕە کوردێکی ڕەسەن لەم کوردستانە ڕەنگین و جوانە، ئاڵای ڕاپەرین لە دژی ئەو خۆپەرێستانە ھەڵدەگرێ و لەناویان دەباتن. ئەو کات و جارێکی تریش، و ھەرچەندە کاتیش بووبێ، شکۆ و پرستیژی پارسەکان بۆیان دەگەڕێنێتەوە.
بەڵێ ئەو دوو جارە و زۆر جاریتر کوردەکان ئەو شۆڕە پۆڵاینە بوونە کە پارسەکانیان لە ناخۆشترین قۆناغەکانیان دەرباز کردووە و ئاسوودەیی و سەقامگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییان بۆ دەستەبەر کردووە، کەچی ھەر ئێمڕۆ ھەمان ئەو کوردانە تەنھا و تەنھا بۆ ھەمان مەبەست و کۆتاییھێ،ان بە نەھامەتیەکانان و ڕزگاربوون لە ئەنفال و کێمیاباران و زۆر تاوانی تری ناسیۆنالیستەکانی ھەندێ لایەنی عەرەبی ناوچەکە، نیازیان وایە دەوڵەتێک بۆ خۆیان دابمەزرێنن، بەڵام ئەو پارسانە ئەم دەستکەوتەیان پێناخۆشە. ئەوان بە دەردی دەڵێن:" لە دز وابێ ھەموو کەس دزە"، وادەزانن کە ئێمەیش وەک ئەوان و ( مەلکەکانی ) عەرەبی شۆڤینی تووشی خۆبایبوون و لووتبەرزی دەبین یان لە دژی ئەوان دەبین. بەڵام ئەوان لە بیریان چووە کە ئێمە ھاونیشتمانیانی کەریمخانی زەندی لۆری کوردستانین، کە بە پەروەردەیەکی باش و جوان و مرۆڤدۆستانە گووشکرا بوو، و ھەموو بەھا مرۆڤدۆستانە و جوانەکانی کوردەواری، بە جوانترین نموونەی دەستھەڵاتی کورد لە جیھان دەژمێردرێتن، کە تەنانەت ئێوەی پارسیش سەرسۆڕماوی ئەو خەسڵەتە جوانانەن، و شایەت و گەواھیدەرن کە کریمخان لە لووتکەی دەستھەڵاتدا، لەوپەڕی خاکیبوون و سادەیی دا دەژیا و ڕووی نەدەھات ناوی شاە لە خۆی بنێ.
بۆیە ئەی برا پارسە ئارییەکان پێویستە ئێوە پرسیار لە دەستھەڵاتدارنی وڵاتی خۆتان، ئەو کەسانەی کە ئێستاشی لەگەڵدابێ ڕەسەنایەتی و نەژاد و ڕابردووی نەتەوەییان ھێشتان جێگەی گۆمانە، بکەن و بپرسن بۆچی و لەبەر چی و کێ ئێوە کۆسپ و تەگەرە دەخەنە بەردەم ئەو مافە ڕەوایەی برا کوردەکانتان، و ھەر ئێوەن دەتوانن ڕێگە لە ئەوان بگرن تا چیتر ستەم لە برا کوردەکانتان نەکەن، چونک ئێوە قەرداری ئێمەن و با جارێکیش ئەو قەرزەتان بدەنەوە.






Top