کورد لە پرۆسەی هەنگاونان بەرە و ڕیفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی

کورد لە پرۆسەی هەنگاونان بەرە و ڕیفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی
لە بنەڕەتدا کێشەی گەلی کوردستان ونەتەوەی کورد کێشەی گەل وخاکێکە کە سەربەخۆیی و ئازادی لێ زەوت کراوە و بەھۆی ئەوەش تووشی کارەسات و کۆکوژی و تراژیدیای ئەوتۆ بووە کە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا کەم وێنەیە، ھەر بۆیە چارەسەری بنەڕەتی ویەکلاکەرەوە بۆ کێشەی کورد لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە ببێتە خاوەن سەربەخۆیی سیاسی وئابووری و دەوڵەت نەتەوەی خۆی دامەزرێنێ، بۆیە ھەر حزب ولایەنێکی سیاسی لە کارنامەوپرۆگرامی خۆیدا ئەمە بکاتە ئامانج و خەباتی بۆبکات بێ گومان سەروەری نەتەوەیی ونیشتیمانی ومێژوویی بۆخۆی تۆمار دەکات.لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی تا ئێستا 30 قەوارە لە جیهان لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاندووە و بوونەتە دەوڵەتی سەربەخۆ. یەکێک لەو وڵاتانە جەزائیرە کە لە 1/7/1962 ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا. دانیشتوانی جەزائیر بە ڕێژەی 99.72% بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی جەزائیر دا و تەنها دوو ڕۆژ دواتر فەرەنسا ناچار بوو دان بە سەربەخۆیی جەزائیردا بنێ.لە هیچ یەک لەو وڵاتانە پرۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی پێشنیارێکی دەرەکی نەبووە، بەڵکو سەرکردایەتی سیاسی ئەو قەوارانە بە پشتبەستن بە خواستی زۆرینەی دانیشتوان ئەو پرۆسەیەیان دەستپێکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا کۆنتێکستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە پرۆسەی سەربەخۆیی دا گرنگە و پێویستی بە جۆرێک لە گرەنتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.ماوەی پرۆسەی ئەنجامدانی ڕاپرسی تا جاڕدانی سەربەخۆیی ئەو 30 وڵاتە ساڵێک و سێ مانگ بووە. واتە بەگشتی وڵاتان لە پاش ئەنجامدانی ڕاپرسی لانی کەم ساڵ بۆ ساڵ و نێوێکیان پێویست بووە بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی پراکتیکی.سکۆتڵەندا لە مانگی 3ی 2013 بڕیاری سازدانی ڕاپرسی دا بۆ سەربەخۆیی و لە مانگی 9ی 2014 ڕاپرسییەکەی ئەنجامدا کە بە ڕێژەی 55% لە لایەن دانیشتوانەکەیەوە ڕەتکرایەوە. لە نەخشەڕێگای سەربەخۆییدا، سەرکردایەتی سیاسی سکۆتڵەندا ماوەی ساڵ و نیوێکی دانابوو، واتە تا مانگی 3ی 2016، بۆ جیابوونەوەی یەکجارەکی لە شانشینی بەریتانیا. مەرج نییە هەموو کات ڕیفراندۆم وەک میکانیزمێک شەرعیەت بداتە سەربەخۆیی و دانپێدانانی نێودەولەتی. هەرێمی کۆسۆڤۆی یوگسلاڤیا لە ساڵی 1991 ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و تێێدا دانیشتوانەکەی بە ڕێژەی 99.98% بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دابوو. بەڵام بە هۆی بارودۆخی ئەو کاتەی یوگوسلاڤیا و بایکۆتی سربەکانی دانیشتووی ناو کۆسۆڤۆ کە (10%)ی دانیشتوانی کۆسۆڤۆ پێکدەهێنن، ئەو کات جگە لە ئەلبانیا هیچ وڵاتێک دانی بە سەربەخۆیی هەرێمی کۆسۆڤۆ-دا نەنا. هەمان کۆسۆڤۆ لە ساڵی 2008 بە بێ ئەنجامدانی ڕاپرسی، سەربەخۆیی ڕاگەیاند و لەئێستادا 111 وڵاتی جیهان دانی پێداناوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە جگە لە ویستی زۆرینەی دانیشتوان، بارودۆخی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لە پرۆسەی سەربەخۆیی دا گرنگە و پێویستی بە جۆرێک لە گرەنتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.لە پرۆسەی سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ-دا سەرکردایەتی سیاسی ئەو وڵاتە نەخشەڕێگایەکی دانابوو کە تێیدا ئاماژە بە جاڕدانی سەربەخۆیی نەکرابوو، بەڵکو تەنها باس لە دەسەڵاتی خۆیی بۆ بەڕێوەبردن کرابوو. ئەوەش وەک تاکتیکێک بۆ سەرخستنی ئامانجی سەرەکی کە سەربەخۆیی بوو. ڕێگایەکی دی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و سەروەری بریتیە لە ڕەتکردنەوەی (هەمواری) دەستووری ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژی لە ڕیفراندۆمێکدا. بەو جۆرە دەنگی نەخێر وەک ڕاپرسییەک بۆ سەربەخۆیی وەردەگیرێ، بە مەرجێک کە دەستوورەکە بڕگەیەکی لەو جۆرەی تێدابێ. بۆ نمونە لە دەستووری هەموارکراوی فەرەنسادا لە ساڵی 1958 دا 19 وڵاتی ئەفریقا کە کۆڵۆنی فەرەنسا بوون دەستووری فەڕەنسایان ڕەتکردەوە و لەو ڕێگەیەوە سەروەرییان بەدەستهێنا.پاش ئەوەی بەریتانیا بڕیاری وازهێنانی وەک ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا دا، حکومەتی سکۆتڵەندا بیرۆکەی سازدانی ڕیفراندۆمێکی دیکەی بۆ سەربەخۆیی زیندووکردەوە بە پاساوی ئەوەی کە گەلی سکۆتڵەندا خوازیارە وەک بەشێک لە یەکێتی ئەوروپا بمێنێتەوە. هەرچەندە لە پرۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستاندا باس لە ئەندامبوونی عێراق لە (کۆمکاری عەرەبی) نەکراوە و ئەندامبوونی عێراق لەو کۆمکارە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراوە (مادەی 3)، سەرەڕای ئەوەش ئەزموونی سکۆتڵەندا دەریدەخات کە کورد دەتوانێ لە ئایندەدا وەک نەتەوەیەکی جیاواز، پرسی بە ئەندامبوونی عێراق لە جامیعەی عەرەبی بوروژێنێ و وەک یەکێک لە کارتەکانی دانووستاندن لەگەڵ بەغدا بەکاری بهێنێ.
Top