عەلی باپیر چۆنی بوێ ئاوای دەڕێسێ

عەلی باپیر چۆنی بوێ ئاوای دەڕێسێ
عەلی باپیر لە مەراسیمی بە خاک سپاردنی کاک نەوشیروان مستەفادا دەڵێ: لە ساڵی ١٩٨٧ لە بەرگەڵو چوومە لای کاک نەوشیروان و لێی پرسیم: مامۆستا ئیسلام تا کوێ بڕوای بە مافی گەلان هەیە؟ منیش دوای ئەوەی بۆم روون کردەوە کە ئیسلام بڕوای بە تەواوی مافی گەلان هەیە گوتی: مامۆستا ئەگەر ئیسلام ئاوا بڕوای بە مافی گەلان هەبێ، من بە دەوڵەتێکی کوردی ئیسلامی رازیم.
لە هەمان کاتدا لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا باس لەو سەردانەی دەکا و دەڵێ: من لە یادمە ساڵی ١٩٨٧ ــ ١٩٨٨ بەر لەوەی سەرکردایەتی یەکێتی لە سەرگەڵو و بەرگەڵو و ئەوانە بگیرێت و کۆتاییان پێبێت، ئێمە لەگەڵ لێپرسراوێکی بەرزی کۆماری ئیسلامی ئێران دانیشتین، ئێمە سەرەتای خەباتی چەکداریمان بوو، کاتێک دانیشتین داوای لێکردین کە یەکێک لە پاسدارەکان، یەکێک لە برادەرانی ئەوان لەگەڵ خۆمان بەرین بۆ بنکە و بارەگاکانی خۆمان کە ئەوکات لە بناری قەندیل بووین، دیارە من ئەوکات لێپرسراوی ئەو شوێنە بووم، فەرماندەی هێزی هەمزە بووم، گوتم: بە چاکی نازانین و وە پێویستیشی نازانین، وە ئامادەش نین لەگەڵ خۆمانی بەرین.
دیارە ئەو بەڵگە و دەلیلێک کە بۆ منی هێنایەوە و منی پێ ئیقناع بکات، ئەوە بوو کە گوتی: باشە چۆن یەکێتی ئامادەیە پاسداری ئێمە بە رەتڵ بەرنە خوار کەرکوک و نەوشیروان لە گەڵیان چووە، وە بە حەقیقەت کاک نەوشیروان لە زستانی ١٩٨٧ کە من بینیم لە بەرگەڵو، بۆ خۆی بۆی گێڕامەوە کە چۆن لەگەڵ برادەرانی پاسدار چووە، وە چۆن کڵاشینکۆفێکی سینی بە شاندا کردووە بۆ ئەوەی نەیناسن، وە چۆن لە نەوتی کەرکوکی داوە، جا ئەو لێپرسراوە ئێرانیە منی بەوە ئیقناع دەکرد، بەوە دەیویست من ئیفناع بکات، کە چۆن یەکێتی ئامادەیە پاسدار بەرێتە خوار کەرکوک، وە لە نەوتی کەرکوک دات، وە ئێوە ئامادە نین یەک پاسدار لەگەڵ خۆتان بەرنە بارەگایەکی خۆتان.
ئەوەی لیرەدا پرسیارە و پێویستە عەلی باپیر وەڵامی بداتەوە، بە دوو شێوەی جیاواز باس لە یەک دانیشتن لەگەڵ کاک نەوشیروان مستەفا دەکات، لە مەراسیمی بە خاک سپاردنی کاک نەوشیروان دەڵێ، بە شێوەک بڕوا بوونی ئیسلامم بە مافی گەلان بۆ کاک نەوشیروان روون کردەوە، کە وام کرد بە دەوڵەتێکی کوردی ئیسلامی رازی بێت، وەک لە گرتە ڤیدۆییەکەشدا کە وەک خۆی نووسیومە، باس لەوە دەکات کاک نەوشیروان بە کڵانشینکۆفی سینی چالاکی بردنی پاسدار و لێدانی نەوتی کەرکوکی بۆ عەلی باپیر باس کردووە، هەر لە گرتە ڤیدۆییەکەشدا موزایەدەی ئەوە دەکات کە ئەوەی کاک نەوشیروان بۆ ئێرانی کردووە کە بردنی پاسدار و بێدانی نەوتی کەرکوک بووە، ئەو ئامادە نەبووە یەک پاسدار بەرێتە بارەگایەکی خۆیان، دە وەڵڵا خۆم پاسدارم لەگەڵ عەلی باپیر دیوە کە هێناویەتی بۆ بارەگای خۆی لە قەڵاتووکان و بارەگای هێزی حەمزە.
بە راستی عەلی باپیر لە رستن شارەزایە و هەر رۆژە و بە بارێکدا دەیڕێسێ، کورد کاتێ بیەوێ وەڵامی ئەو دوو روویی و شارەزاییە لە رستندا بداتەوە دەڵێ، کەر لە کوێ کەوتووە و کوندە لە کوێ دڕاوە، ئەرێ جەنابی مەلا کامیانت راستە؟؟؟
Top