مام، جەلالییەکی تەنیا

مام، جەلالییەکی تەنیا
دوو ڕووداوی چەند ڕۆژی ڕابردوو، کە هەردووکیان پەیوەندییان بە بەڕێز جەلال تاڵەبانییەوە هەبوو، دەنگوباسی جیای لێ کەوتەوە. کاتی بڵاوبوونەوەی کتێبی دیداری تەمەن، ئەو ڕاستییەی دووبارە کردەوە کە ئێستا لەبازنەی بچووکی دەوری مام جەلال، دوو هێڵی تێکەڵ بەڵام دژبەیەک هەن.

هێڵی ماڵی برایم ئەحمەد و هێڵی مام جەلال. پێشیتریش ئەوم نووسی کە ئەو کارە نوێیە، دیسان ئیستغلالکردنی مام جەلال بوو لەلایەن خەتی برایم ئەحمەدەوە. ئێستا کوڕانی مام، بەڕێزان پاڤێڵ و قوباد، لەو بەینەدا مەست و حەیرانن. ئاخۆشوێنگرەوەی باوکیان بن، یان باپیر؟ لەو بەینەدا، برازایەکانی مام، بێ کاریگەری نین، بەڵام ئەوەی تا ئێستا دیارە، ئەوانیش مامیان بە تەنیا بەجێ هێشتووە و کەوتوونەتە ژێر هەژموونی کچانی برایم ئەحمەد. ڕووداوی دووەم، کە بڵاوبوونەوەی نامەیەکی تایبەتی مام جەلال بۆ سەرۆک بارزانی بوو، دیسان کاریگەریی لەسەر هەردوو هێڵەکەی دەوروبەری تاڵەبانی هەبوو. ڕەنگە هێڵی برایم ئەحمەد، بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیەی مام جەلال، دڵی خۆش کردبن و پێیان وابێت نامەکە خزمەت بەوان دەکات. چونکە بنچینەی کاری ئەوان لە دژایەتیکردنیان بۆ مام ئەوە بوو کە گوایە مام جەلال تەواو کەوتۆتە ژێر هەژموونی بارزانی.

بەڵام لەلایەکی دیکەش، پەیڕەوانی مام باش دەزانن کە دۆستایەتی و نزیکیی مام لە سەری بڵند، چەندە قازانجی بۆ یەکیتی و هەموو کوردستان هەبوو. بۆچی لەو نامەیەدا مام وا بە خاکەڕاییەوە هەوڵی چاک کردنەوەی دڵی سەرۆک بارزانی دەدات و داوای لێبوردنی لێ دەکات؟ حیکایەتی نامەی بەڕێز مام جەلال بۆ سەرۆک بارزانی بۆ مەسەلەی متمانە سەندنەوە لە مالکی دەگەڕێتەوە. ئەوکاتەی لەسەر پێشیاری خودی مام جەلال، ئیمزا بۆ لەکارلادانی مالکی کۆ کرایەوە کەچی دواتر مام پەشیمان بۆوە و پشتی مالکی گرت. مام جەلال بەو نامەیە کارێکی باشی کرد، ئەو دەیزانی لە بەغدا هەر پۆست و پایەیەکی هەبێت، ناگاتە پێگەی خۆی لەناو خەڵکی کوردستان و بۆ پاراستنی ئەو پێگەیەش پێویستی بە پشتیوانێکی بەهێزی وەک بارزانی هەیە.

بەڵام بەداخەوە دوژمنانی برایەتی وتەبایی، کە زۆریش لە مام نزیک بوون، نەک هەر نەهاتنەوە سەر هێڵی تەبایی و وەک مام لە پشتیوانیی مالکی پەشیمان نەبوونەوە، بەڵکوو کارێکیان کرد کە تائێستاش کوردستان باجەکەی دەدات. لەلایەک، زاواکەی برایم ئەحمەد و عادل موراد، گوایە بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر بارزانی، پێشنیاری بڕینی بودجەی کوردستانیان خستە بەردەم مالکی و ئەویش بەقسەی کردن و تا ئێستاش ئاسەواری ئەو نامەردییە لەسەر هەموو کوردستان و خودی یەکێتییش بە زەقی دیارە. لەلایەکی دیکەش، بەناوی ئاشتبوونەوە لەگەڵ گۆڕان، بەڵام دیسان بەنیەتی دژایەتیکردنی پارتی و بارزانی، شەڕی پڕۆژە و هەوڵی کودەتایان دا و ئێستا کاری نەزانانەی ئەوان بۆتە کێشە و کورد گووتەنی: بەردێک نەزانێک بیخاتە گۆمەوە، بە دە زانا، دەرنایەتەوە. ئێستا ئەوەی ڕوونە ئەوەیە، دڵسۆزانی ناو یەکێتی، ئەوانەی ئاواتیان گەڕانەوەی ئارامی و بووژانەوەی کوردستانی سەردەمی هاوکاریی بارزانی و تاڵەبانییە، دەبێ نەهێڵن مام جەلال ئاوا تەنیا بێت. چونکە ئێستا مام، وەک تەنیاترین جەلالی لەناو خانەوادەکەی خۆشیدا دەردەکەوێت.

دەبێ ڕێگە لەو پیلان و کۆنەقینانە بگرن، کە هێشتا زوڵم لە مام جەلال دەکات. دەبێ ئەو ئیستغلالە ڕابگرن کە لە مێشکی نەخۆشی هەندێ کەسی نزیکی دەوری مامدا هەیە، کەسانێک کە تا مام بەپێوە بوو، زاتی نزیکبوونەوە لە مامیان نەدەکرد. پێویستە لە ماوەیەکی نزیکدا خەڵک بەگشتی و یەکێتییەکان بزانن، ئەرێ خانەوادەی مام کێن؟ کوڕانی مام لەسەر ڕێی خەبات و ماندووبوون و دەستکەوتەکانی باوکیان دەڕۆن، یا وەدوای خەیاڵ و ئاواتە جیاوازەکانی باپیریان و گرێیە دەروونییەکانی پوریان دەکەون؟
Top