ئایا دەزانن بۆ دانانی سیمفۆنیای ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان زۆر درەنگە؟

ئایا دەزانن بۆ دانانی سیمفۆنیای ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان زۆر درەنگە؟
ئەو کاتەی لە زانینگەی حکومی پەروەردەیی مۆسکۆ قوتابی بووم، لە سۆنگەی بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆم زانین، ھەوڵی ئەوەم دەدا زیارترین مرۆڤی بێگانە بناسم و بۆیان باس لە مێژوو و کەلتوور و فەرھەنگ و نەھامەتییەکانی نەتەوەکەم بکەم. زۆر کەسم دۆاند. لەگەڵ مامۆستا و پزیشک و قوتابیەکی دۆکتۆرا لە وڵاتی مغۆلستان ئاشنا بووم. زۆر شەیدای کوردستان ببوو. تەنیا چەند جاری یەکەم نەبێ کە ناوە نەحسەکەی " ئێراقی" بەکار ھێنا دواتر تا چۆار ساڵی بەردەوام، و ئێستاشی لەگەڵ دا بێ ناوی کوردستانە پیرۆزەکەمانی زۆر بە جوانی و ڕێزەوە دەھێنا و باس دەکاتن. بۆ زانین ھەر چەندە ئەو وڵاتە وڵاتێکی ھەژار و کەم دەرامەتە و پەترۆلی لێ نیە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە زۆر سەقامگیرەَ و تاڕادەیەک دیمۆکراسیانە بەڕێوە دەبردرێتن، و دوور نیە لە کاریگەرییەکانی ڕووسیا. یەکەم وڵاتیشە لە ساڵانی دوای جەنگی جیھانی دووھەم بۆ یەکەم جار لە (UN) ی ئەو کات باسی لە نەھامەتییەکانی کوردستانیان کردووە. ئەم قوتابیە ناوی نیاما جانتسان (Нямя Жантсан) خەڵکی پایتەختی ئەو وڵاتە بوو. جارێکیان داوای لێکردم (CD) یەکی مۆسیقای کوردی بیدەمێ. خۆشبەختانە ماوەیەک پێش ئەو کات شڤانپەروەر کۆنسێرتێکی لە مۆسکۆ ھەبوو و (سی دی) یەکەی ھێشتان لام بوو، بۆیە منیش پێم دا. دوای یەک دوو ڕۆژ کە منی بینی ھەر لە دوورەوە ھاواری دەکرد:" کۆڕە! ئەوە چی بوو؟ پیاو ھەر لە خۆیە ھەڵدەپەڕی!" و لەگەڵ ئەم قسانە زۆر بە کۆمێدی شانەکانی دەھێنا و دەبرد و دەجوڵاند و بەرز و نزم و سەمای دەکرد ! زۆر پێکەنینم پێی ھات و لە ھەمان کاتدا خۆشحاڵ بووم کە پێی خۆش بووە. لە بیرمە زۆر جار دەیووت گۆێی لێدگرێ.
ڕاستی دەگۆت. دەنگە زۆڵالەکەی شڤانپەروەر و جوان حاجۆ و مەحەمەد جەزا و ... ھتد، ئەو دەنگە خۆشانە و بە گۆڕ و تین و نەمرانە بوون کە لە قۆناغەکانی شۆڕەشەکانی کوردستانیان و بە تایبەت ڕاپەرینی مەزنی گەلەکەمان لە بەھاری ( ٩١) لە دژی ڕژێمی بەعسی شۆڤینی عەرەبیی ناسیۆنالیزم ھێشتان تام و چێژەکەی ھەر ماوە و ھەر کەس و پێشمەرگەیەکی قارەمانی بەشداری ئەم ڕاپەرینە ھەتا دوایین ساتەکانی ژیانی لە یادی ناکات.
لەوانەیە ھەندێ کەس لە دوای ئەو ڕاپەرینە دڵی شکابێ و بەھۆیەک لە ھۆکارەکان خۆزگەیەک نەڕەوا بخوازێ، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ ئەوە ڕێڕەوەی سروشتە و مەرج نیە ھەموو شت و ڕووداو و سەرھاتەکانی ژیان، بەتایبەت ناخۆشەکانی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەم ڕاپەرێنەوە ھەبێ تاوەکو وەک کەسانێک بێزی لێ بکاتەوە. ئەوە شتێک و ڕەفتارێکی ناوازە و ناسروشتییە و لەگەڵ پێوەرە ئاساییەکانی دەرووندروستی و کەساتییەکێ ئاسایی ناگۆنجێ. دوور نیە ئەگەر ڕاپەرینیش ڕووی نەدابایە ھەمان ئەو کارەسات و نەھامەتییە و بە شێواز یان ھۆکارێکی تر بەسەری ئەو مرۆڤ یان بنەماڵەیە بھاتبایە. بۆیەش بێزکردن لێی ھیچ دەردێک دەرمان ناکاتن بەڵکۆ لەگەڵ ڕووداو و پێشھاتی تریش مەرجیمان دەکات و ھەمان ئەو مەرجیبوونەمان دەبێتە خوویەک و بەھایەک ھەمیشەیی، و ئەو فێر دەبێ بەسەر زۆر ھەڵوێستی تر، کە بێگۆمان ھەمووی ھەر ڕاپەرین نین، جێبەجێ دەکاتن و دەبێتە ھۆکاری زۆر کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی. جا چ جای ئەوەی کە ڕاپەرینێکی بەدواوە بێت و چارەنووسی ئێستا و ئاییندەی خۆت و خێزان و نەتەوەکەت بەند و پەیوەست بێ بەو ھەڵسوکەوتە. ئەگەر وەھا قێزەوەنانە بیری لێبکەیەوە و بێزت لێی ببێتەوە، ئەوە واتە بڕیارێکی ھەڵە دەدەی و دوور نیە دەرگا بۆ ژیانێکی ناخۆشتر لە جاران بۆ خۆت و کەس و کارەکەت بکەیەوە. بۆیە ڕاھێنانێکی نەرێنی لەسەر ئەم سیمفۆنیا و بیرۆکەیە مەترسی گەورەی بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگامان ھەیە، و بە پێچەوانەوە ڕاھێنانێکی ئەرێنی ئەنجام و بەرھەمی باشتری لێدەکەوێ.
کۆرت و کوردی، ئەوەتا ڕاپەرینێکی زۆر گەورەتر بەڕێوەیە و ئەم ڕاپەرینە مەزنە پێویستی بە مارش و سیمفۆنیا و گۆرانییەکی تری ھاوشێوەی ئەو کەڵە پیاوانەی سەرەوەی گۆڕەپانی مۆسیقا ھەیەـ تا جارێکی تر لە جیاتی وشەی " پێشمەرگە " لە ڕستەکانی " بژیت پێشمەرگـــــــــە ............."، و " واھاتن پێشمەرگێن مە ....... شال و شەپک بەژنا وان ..........."، و " پێشمەرگەنــــــــــــــــــــــــــە........ پێشمەرگەنــــــــــــــــــــــــــە........"، وشەی " دەنگدەر" بەکاربێتن، نەک چونکە ئیتر ئەرکی پێشمەرگەی بۆێری کوردستان تەواو بووە، بە پێچەوانەوە ( ٥-٦ ) مەلیۆن کوردستانی و دەنگدەری کوردستان ھەن، کە ھەمووی پیشمەرگەن، بەڵام سەنگەرەکانی ئێستا لەسەر سندۆقەکانی دەنگدانە نەک شوێنێکی تر. چەک و تفەنگ و گۆللەکان ئێستا دەنگەکانی ھەر یەکەمانە. ئەوەی کە دەنگی " بەڵێ " بداتن ئەوەتا ناوێکی پیرۆز بۆ خۆی تۆمار دەکاتن چونکە گۆللەیەکی بە سینگی ئەو دوژمنە ناوە کە تاوانەکانی ئەنفال و حەلەبچە و ... ھتدی، ئەنجام داوە و لە داھاتووش دووبارەی دەکاتن، و ئەوەشی کە وا نەکاتن وەک ئەوەیە بە سەرشۆڕی خۆی تەسمیلی دوژمن بکاتن و ڕێگەی تاوانکردنی بۆ خۆش بکاتن، جگە لەوەی کە ناوێکی خراپی بۆ خۆی تۆمار کردووە و ئەوش نەنگێکی گەورە و ھەمیشەییە و مێژوو ھەرگیز لە یادی ناکاتن و نەوەکانیشی بەھۆیەوە شەرمەزار دەبن.
بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ زۆر درەنگە و دەبۆایە ئەو سیمفۆنیا ئەوە چەندین ساڵ و مانگ ڕۆژانە لە ھەموو شاخ و دەشت و کێو و شار و گۆندەکان لێدرابایە و ببیسترابایە ! دەرنگە درەنگ. دەبێ زۆر بە پەلە و خێرا و بێ دواکەوتن خەمێکی گەورەی لێ بخوین، بەتایبەت ئەوانەی کە کاریانە. کۆا شڤانپەروەر و جوان حاجۆ و مەحەمەد جەزا و ... ھتدەکانی ئەو کات و ئێستا ؟؟!!بۆچی بێدەنگن؟ *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top