نامەیەکی کراوە بۆ برا پارسە ئارییەکان

نامەیەکی کراوە بۆ برا پارسە ئارییەکان
لە ڕاستیدا ئەم بابەتەم بە زمانی فارسی و لە ژێر ناونیشانی ( نامە ای بە پارسیان آریایی نژاد: دولت کردستان چشم براە ھمت بازوان شماست ) نوسیبوو، چونکە پیتی ئەو زمانەم لە کۆمپیوتر دا نەبوو بۆ چەند کەسێکم نارد تا بۆم چاپی بکەن و بتوانم بۆ ئەوەی سوودمەند ببێ بڵاوی بکەم، بەڵام پاش چەند مانگ بێ ھیوا بووم، و نەچاربووم جارێکیتر ھەمان بابەت بە کوردی بنووسم. بۆیەش داوا لەو بەڕێزانە دەکەم کە کوردی و فارسییان باشە و توانای وەرگێڕانی ئەو بابەتەیان ھەیە، بۆ تێگەیاندنی نەتەوەی پارسی برامان و ئەو ڕۆڵانەی کە ھەڵخەڵەتێنراون و بەناوی ئیسلام، و بە تۆمەتی ئیسرائیلبوونی ئێمەی کوردستانی، خەڵکێکی فارسیان چەواشە و گەمژە کردووە و ھانیان دەدەن لە دژی کوردستانیان و خەونی بەدەوڵەتبوونیان بوەستن، بە بڵاوکردنەوەی بابەتی ھاوشێوەی ئەوە، ئەوان لە زۆر ڕاستی مێژوویی تێبگەینن. چونکە ئەمڕۆ دەستھەڵاتی بەناو ( آخوندی ) ئێرانی، کە لە ڕاستیدا کۆپییەکی ڕەسەنی عەرەبە شۆڤینییەکانن، گەورەترین کۆسپن لەبەردەم کوردستانیان. ھیوادارین ئەو دۆستانەمان بە تێگەیشتن لە ھەندێ لەو ڕاستیانە دەستی دۆستی و ھاوکاری بۆ برا کوردەکانیان درێژ بکەن و لە دژی مەلاکانی وڵاتی خۆیان بوەستن. تا چیتر نەبن بە لەمپەر لەبەردەم خەونە مێژووییە شیرینەکەمان، کە خەریکە دێتە دی.
***
چەرخی بیست و یەکەم وەک ھەمیشە بۆ کوردستانیان، چەرخی شادی و لە ھەمان کات دا خەم و نەھامەتیەکان بوو. کوردستانیان، نەوەکانی فەروەرتیش و دییۆکس و خشتریتێ و سیاگزارن، و ھەمان ئەو ڕۆڵە و برایانی ئێوەی پارس ( یان " فارس " وەک عەرەبەکان پێتان دەڵێن)، کە لەسەردەمی کیوومەرس، باوکی مرۆڤایەتی، و ھووشەنگ و تەھمۆرس و جەمشید و فەریدوون و مەنچێھر و نووزەر و زاب و کەیقۆباد و کەیکاووس و سیاوەش و کەیخەسرۆ و گەشتاسپ و شاھینشاھانی تری ئاریایی، کە لشاھنامەی فیردەوسی، دا ناویان ھاتووە، و بە یەکەوە گەورەترین ھێزی ئەم جیھانەیان پێکھێنا بوو، کە ئاریاییەکانن و بەشێکی زۆر گەورەی ئەم ناوچە و جیھان لەژێر سیبەری دادپەروەرانەی ئەوان دا دەژیان و بەختەوەر بوون.
ئەی برا پارسەکان: کوردستانیان نەوەکانی زەردەشتی میدی ( ماد) سپیتمانن، کە یەکێک لە کۆنترێن و گەورەترین زانا و مامۆستا و پێشمەرگە و فەیلەسۆف و پزیشک و پیامبەرانە، کە لە دژی داگیرکەرانی تۆرانی، ژیانێکی ئاسایی و دەوڵەمەندانەی ژێردەستی بەجێھێشت و لە پێناو پاراستنی ئاریییەکان و بڵاوکردنەوەی دادپەروەری و یەکسانی و چاکە، ڕێگای شەھیدبوونی ھەڵبژارت. ئەو پیامبەرەی کە پەرتووکی " ئاڤێستا "ی وەک سەرچاوەی جوانترین بەھا ( ئەرزش )، و نموونە بەرزەکانی مرۆڤدۆستی و ڕاستگۆیانەن، و یەکەم سەرچاوەی زۆرێک لەو چەمکانەیە کە لە ئایینەکانی وەک مەسیحیەت و یەھوودیەت، و فەلسەفەکانی ئەڵمانی وەک نیچە و فەلسەفەکانی تری جیھان و لەوانەش ئەفلاتۆن و ... ھتد، بەدی دەکرێن و دەبینرێن و دواتر زۆر فەیلەسۆف و زانای ئەورۆپی پێیەوە سەرسۆڕماو دەبن، و مێژووەیەکەی بۆ نزیکەی ( ٤٢٠٠ ) ساڵ لەمەو پێش دەگەڕێتەوە. بەڵێ و بێگۆمان ئێوەش لە بیرتان نەچووە کە ئێمەی ھەر دوو نەتەوەی میدی و پارس پەروەردەی قوتابخانەی زەردەشتین، چ لە ڕووی فەرھەنگ و داب و نەریتەکانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و چ لە ڕووی زمان. بەڵگەش ھزاران وشەی ھاوشێوەی ھەر دوو زمانەکانی ئێمەن کە لە ڕاستیدا سەرچاوەی سەرەکییان ئاڤێستای زەردەشتە، کە ھێشتان و دوای چەند ھزار ساڵ وەک خۆیان لە نێو ھەر دووی ئێمە ماون و بەکاردێن.
لە دوای میدییەکان، و ھاتنی ھەخامەنشیان، و ئەشکانیان و دواتریش ساسانیان، دەست لە نێو دەست و پێکەوە لە زلھێزە ھەرە مەزنەکانی ناوچە و سەردەم و جیھان بووین و شان بە شانی ڕۆم حۆکمڕانیێکی دادپەوەرانەی ئەم جیھانەمان دەکرد و شارستانیەت شانازی بەو سەردەمە زێڕینە دەکاتن، چونکە خۆی بە قەرزداری دڵسۆزی و زانایی و زانستپەروەری و ئاوەدانکەری و ئازادپەوەری و سیاسەتوانی و لێھاتوویی و بوێری ئێمەی ئاریایی دەزانێ. تەنانەت محەمەدی ئەمین (س) پیامبەری سامی نەژاد شانازی بەوە دەکاتن کە "لەسەردەمی شاھێکی دادپەروەر لەدایکبووە"، کە ئێمە بە ناوی نەوشێروان دەیناسین. ئەوە گەورەترین و باشترین نموونەیە.
ئەو ھەموو خەسڵەتە جوان و مرۆڤدۆستانە لە ژێر سیبەری ڕێنۆماییە بەنرخەکانی زەردەشت و خاک و وڵاتە بە پیت و بەرەکەت و دەوڵەمەندەکەی خۆمان پێگەیشتووە. ئەگەر خیانەتی ھەندێ کەس و لایەن، و گەندەڵی ( فەسادی ) ھەندێ بەناو پیاوی ئایینی و سیاسی و لەشکەری نەبۆایە، بێگۆمان تائێستاشی لەگەڵ دابێ کەس نەیدەوێرا لەو وڵاتە جوان و شێرپەروەرە نزیک ببێتەوە و داگیری بکاتن. چونکە شاھانی گەورەی وەک کۆرووشی مەزن، داریووش، ئەردەشیر، زۆر لە ئەشکەکان، و ئەردەشێری بابەکانی ساسانی، و شاھپوورەکان، و ئەنوشێروان و خسرۆەکان لە لووتکەی دەستھەڵاتدا بوون و بە لێھاتوویی و سیاسەتێکی باش ئەو وڵاتە زەبەڵاحەیان بەڕێوە دەبرد، کە سنوورەکانی خۆی لە ھندستان و چین و ئەفریقا و نزیک سیبیرییا و ڕۆم دەدا. ھەروەھا قەھرەمان و سەرکردە لەشکەرییەکانی وەک سۆرنای ئەشکانی، ھۆرمۆز، قارۆن، ھزار سەوار، بەھمەنی جادوو، جابان، ئازاد بێە، مێھران، ڕۆستەمێ فەڕۆخزادێ ساسانی، فیرووزان، و سەدان فەرماندەی لەشکەری تا دوایین دڵۆپی خۆێنیان بەرگرییان لەو وڵاتە و نیشتمانەکرد. ئەگەر گەندەڵی کەسانی ئایینی و سیاسی و شاھزادە ھەلپەرستەکان نەبۆایە، ھەرگیز چەند عەرەب ( تازی ) ڕەش و ڕووت و برسی و پێ پەتی نەیاندەتوانی ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی وەک ساسانیان تێک بشکێنن، کە تیایدا تاکی ئاریایی بە ڕێنۆماییەکانی پیامبەری خۆیان، زەردەشت، زیاتر لە ھزاران ساڵ دەچوو خۆداوەندی یەکتا و بێ ھاوتایان دەپەرست و لە کافربوون و بتپەرێستی دوور و بێزار بوون، و پێنج نۆێژی ڕۆژانەیان دەکرد، و بڕِوای تەواویان بە ڕۆژی دوایی ( قیامەت) و ھەبوونی دۆزەخ و بەھشت، و سزا، و زۆر بیروباوەری وەک ڕاستگۆیی و دوور بوون لە دەمارگیری ( تەعەسۆب )، و خوازیاری ئازایەتی و ڕێزگرتن لە ئایین و نەتەوەکان و بیروباوەرەکانی تر دەگرت، و بەڵگەش بۆ ئەمە زۆر سەرچاوە ( مەنابعی ) دیرۆکی و کەس و زانای بەناوبانگن، کە وەک نموونە گەزنەفۆن و ھێرۆدۆت و گزانتۆس و دیڤژێنێس و ئەفلاتۆن و پلینووس و پلۆتارخۆس و ... ھتد، لە ھەموویان دیارترن. گەورەترین شایەت، ھەروەھا، فیردەوسی شاعیرە، کە باس لە قارەمانێـی ئاریاییەکانی وەک گەرشاسب، نەریمان، سام، زال، ڕۆستەم، کاوەی ئاسنگەری ھاوچەرخی فەریدوون شاە، و ... ھتد، دەکاتن وەک بەشێک لە دیرۆکی پڕ لە قارەمانێتیی ئەو نەژادە و نەتەوە جیاجیاکانی. ھەروەھا لەسەردەمی داگیرکەرانی عەرەب دا، عەرەبە شۆڤینی ناسیۆنالیستەکانی ئەو کات، وەک ئێستا، ئێمەی ئاریاییەکان و ئێمە مانانیان ( چ کورد و چ پارس وەک عەجەم و ... ھتد)، بە (مەوالی ) واتە بەندە ( عەبد)ی خۆیان و عەرەب دەزانی و بانگ دەکرد و ئەوە ببوو بە کەلتوور و فەرھەنگێکی زال بۆ ماوەی سەدان ساڵ، و چونکە ئاریاییەکان ئەوەیان پێ ناخۆش بوو و خۆیان لە کەس بەکەمتر نەدەزانی، زۆر ھەوڵیان دا تا لە دەستیان ڕزگار ببن و سەدان ڕاپەرینیان ئەنجام دا، و ھەندێکیان سەرکەوتن و ھەندێکیش زۆر دڕندانە تێکشکێنران. لە قارەمانانی بەناوبانگی ئەو قۆناغە دەتوانین ئاماژە بە ئەبوومۆسلمی خۆڕاسانی کورد نەژاد و بێھئافەرید و براز بەندێ، یوسف بەرەم، سەندبادی زەردەشتی نیشابووری، ئۆستاد سیس، مۆقنیغ، بابەکی خۆڕەمدین، مازیاری زەردەشتی، ئەفشین، و ... ھتد، کە پێکەوە و لە دژی ئەو لووتبەرزانەی کە ناوی ئیسلامیان زڕیبوو و لە ژێر سیبەری ئەو ناوە خۆیان مەلاس دابوو و بەپێچەوانەی بنەماکانی ئەو ئایینە گەورەترین ستەم و زۆردارییان لە ئاریاییەکان دەکرد، و لەم پێناوەشدا ئەو قارەمانانە تا دواین دڵۆپی خۆینیان جەنگان و برگرییان لە نیشتمان و ئایینی زەردەشتی و بەھا جوانەکانی کرد و ھەندێ:یان دەستێکی باڵایان لە وەرچەرخانی مێژوو دا ھەبوو، بۆ نموونە ئەبوو مۆسلم کە ئەمەویەکانیان لە نێو برد تا جیھانیان لە زۆرداری ئەوان قۆرتال بکاتن، بەڵام عەباسییەکان، پاش ھاتنە سەردەستھەڵات لە ترسی ئەوەی کە ئەوان دەستێکی باڵایان لە نێو ولاتە ئاریاییەکان ھەبوو بە شێوەیکی ناشرین و فرێودەرانە گرتیان و شەھیدیان کرد. لە کاتێکدا کە کەم کەس بە ئەندازەی ئێمەی ئاریایی خزمەتی ئەو ئایینە و بەھا جوان و مرۆڤاتیەکانی کردووە و بۆ بڵاوکردنی زۆر قۆربانیمان داوە. ھاتنی ئاریاییەکانیش بۆ نێو ڕیزی ئەو ئایینە نەک لە ترس بووە، بەڵکۆ بەھۆی ئەوەی کە زۆر لە بنەماکانی بۆ ھزاران ساڵ دەچوو لە نێو زەردەشتی دا ھەبوو و لەگەڵ یەکتری و ناخ و سایکۆلۆژیا ( ڕەوانی ) کورد و پارسەکان دەگۆنجا، بۆیە ئەوان " فەوج فەوج " ھاتنە نێو ڕیزەکانی و بوون بە مۆسڵمان. کەچی ھەندێ لەو بەناو مۆسڵمانە، کە لە ڕاستیدا دژی ئیسلام و پیامبەرەکەشی بوون، زۆر کاری ناشیاو و نەشرینییان لەگەڵ دا کردین.
بەڵێ ئێمە ئاریایی و کورد و پارسەکان، خاوەن ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییەین کە بە برایەتی و شان بە شانی یەکتر چەندین ھزار ساڵ لە خۆشی و ناخۆش و نەھامەتیەکان دا تێپەڕ کرد. ئێمە پێکەوە لە نەورۆز و شۆڕشی کاوەی ئاسنگەر، و جەژنی شەشەمی فەرڤەردین و ڕۆژی لەدایکبوونی زەردەشت، و جەژنەکانی مێھر و تیر و ... ھتد، پێکەوە ھەڵدەپەڕین و شاھی و شادیمان دەکرد، و بە ھاتنی داگیرکەرانی مەقدوونی و عەرەبەکان پێکەوە و شان بە شانی یەکتر بەرگریمان لەو نیشتمانە نازدارە کرد و زۆر قارەمانەتیمان نۆاند و زۆر سەختی و نەھامەتی و بەدبەختیمان چێشت. لە یەکێک لە جەنگەکانی سەرەتای ھاتنی ( تازییەکان) جەنگاوەرانی ئاریایی بۆ ئەوەی تووشی ترس نەبن و لە گۆڕەپانی جەنگ ڕانەکەن، بە زنجیری ئاسنی دەست و قاچەکانی خۆیان بە یەکتری بەستبوو و بە ھاتنی عەرەبەکان تا دڵۆپی دوایی بەرگریان کرد و خۆیان پێ شەرم بوو ھەڵبێن و وڵات بۆ دوژمنان ئاوەڵا بکەن. ئەوە ئێمەی ئاریایین قارەمانانی جەنگەکان. ھەتاوەکو ئێستاکەشی لەگەڵ دابێ دەنگە ڕەسەنکانی سەتار و حۆمێیرا و گۆگووش و داریووش و ھایدێ و مۆعینێ ئەسفەھانی و شاھڕۆخ و ئێ بی و مارتیکی ئەرمەنی و فروھەر و .... ھتد، و ئەکتەرانی وەک بەھەمنێ وسووق، و میری و ... ھتد، لە نێو گوێ و بیبیلەی چاومان گەمە دەکەن. کەچی ئەمڕۆ، وڵاتە جوانەکەی ئێوە، ئێران، کەوتووتە ژێردەستی کۆمەڵێک مەلا ( ئاخووند) و سەیدی بە ڕەچەڵەک عەرەبی تازی، کە بە ناوی ئایینەوە دەستیان بەسەر وڵاتەکەتان داگرتووە و سامان و پارە و پۆڵی ئێوە و منداڵانتان، کە مافی خۆتانە خەرجی خۆشگۆزەرانی و خزمەتگۆزارییە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتتان بکرێت، ھەم تەخشان و پەخشان دەکرێتن، و ھەم لەو ململانێ و کێشمەکێشانە خەرج دەکرێت کە ھیچ پەیوەندی بە ئاریایی نەژادەکانی ئێرانەوە نیە. ئەمڕۆ مەلیۆنەھا پارە لە دروستکردنی چەکێک خەرج دەکرێت کە ناوی بۆمبی ئەتۆمییە و بۆ مەبەستی دژایەتیکردنی دەوڵەتی فەرمیی ئیسرائیل ڕێکدەخرێتن. دەوڵەت و میللەتی ئیسرائیل نەک تەنھا ھیچ لگەڵ ئاریاییەکان نیە و دوژمنی ئێمە نین، بەڵکۆ ئەوان لە سەردەمی ھەخامەنشیان و بەھۆی ئەوەی کە کۆرووشی مەزن ئەوانی لە زۆرداران قۆرتال کردبووی ( نەجاتی دابوون)، کۆرووشیان بە مەسیح و عیسی (س) دەزانی، و زۆر ڕێزیان لە پاشا و ئارییاییەکان دەگرت، چونکە ھێشتان عیسی (س) لەدایکنەببوو و نەببوو پیامبەر.
ئەی ئێرانیە ئارییەکان پێویستە ئەوە باش بزانن و بیرتان نەچێ کە ئەوەی دەستھەڵاتدارانی ئێرانی ئێستا دەکەن بەشێکە لەو ململانێ دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی، کە عەرەبەکان لە چەند ھزار ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ جوولەکە و مەسیحیەکان ھەیانە و پەیوەندی ھەیە بە بەرژەوەندییەکانی ھەر یەکە لەو لایەنانە بۆ بەدەستھێنانی دەرفەتی زیاتر و باشتر بۆ زاڵبوون و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و بازرگانی ئەو کات، ھاوشێوەی ئەوەی کە وڵاتانی پێشکەوتووی جیھانی ئەمڕۆ و جیھانی سەرمایەداری و ئەورۆپییەکان و چین و ژاپۆن و ... ھتد، دەکەن و ئەو بیرۆکەیەی چەندین ھزار ساڵ پێش ئێستا لە ڕێگەی فەرھەنگ و کەلتووری عەرەبییەوە ھاتووتە نێو مێشکی حۆکمڕانە عەرەبەکانی ئێستای وڵاتتان. ئەو کات عەرەبەکان لە ناوچەیەکی زۆر ھەژار و بیابانی و وۆشک و بی َئاو و ئالف دەژیان و بۆ قووت و نانی ڕۆژانە بەردەوام لە جەنگکردن لەگەڵ یەکتری و جوولەکە و مەسیحییەکان بوون، لە کاتێکدا کە ئێمەی ئاریاییەکان لە وڵاتێکی کشتوکاڵی و شاخاوی و بە پیت دەژیاین و کێشەی وامان نەبوو، و بەپێچەوانەوە خەڵک و دوژمنان ئەو کات و ئێستاش بە بەردەوامی ھەڕەشەی لە ئێمە دەکردن و تا وڵاتمان بۆ خۆیان داگیر بکەن.
بەڵێ ئەی پارسیان ! ئەو سەرکردە و ڕێبەرانەتان، جگە لەوانەی سەرەوە، کێشمەکێش و ململانێیەکی بێ واتا و بێ ڕامان ( بێ مەعنا ) لەگەڵ دوژمنە وەھابیەکانی خۆیان لە بنەماڵەی پاشایەتی سعۆدییە و ھەژمارێک لە زانا و پیاوانی ئایینی سۆننە لە جیھاندا، ھەیانە، و بەشێکن لە بەردەوامیدان بە ململانێ و جەنگە خوێناوییەکەی باڵی شێعە و سۆننە، کە بە درێژایی مێژووی ھزار و چار سەد ساڵەی ڕابردوو و بە تایبەت سەردەمی خوێنڕژانی سەفەوی و عۆسمانی، گەورەترین زیانی ڕۆحی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و مرۆڤی و گیانی و سیاسی و فەرھەنگی و ئایینی و جەستەییان لە میللەتانی ئاری نەژاد و بە تایبەت پارس و ئازەر و ئەرمەن و کوردەکان دا و مەلیۆنەھا کوژراو و برینداری لە دوای خۆی بە جێھێشت. تەنھا و تەنھا بۆ ئەوەی عەرەبە ناسیۆنالیست و دەمارگیر و فاشیست لێیان ڕازی بن و ئافەرینێکی ( خشک و خالی ) پێیان بلێن، و ئەو ھەموو قۆربانییەی لێکەوتەوە. لە بنەڕەتدا ھیچ بنەمایەکی بۆ نیە و بە قەولی مامۆستای خۆشەیستم، خۆالێخۆشبوو عەلی مەحموودی دەیگۆت :" یک مشت اراجیف و تروھات! "، زیاتر نیە و ھیچ پەیوەندی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە نیە.
بەلێ برا پارسە ئارییەکان، ئەو دەستەھڵاتدارانە، ئێستاش بە ھەمان ئەقلیەت و بیرکردنەوەیە، دەستیان لە ھەموو کێشە و گیر و گرفت و پرۆژە تیرۆریستیەکانی ناوچە و جیھانەوە ھەیە و بە مەلیارھا پارە بۆ ئەو گرووپ و تاخم و دەستە تیرۆریستیانە خەرجی دەکاتن، و بە قەولی ئێمە " لە کیستەی خەلیفە دەبەخشن!" بەو تیرۆریستانە و میللەتەکەی خۆشی، کە ئێوە لە نێو خوودی ئێرانن و بە چاوی خۆتان دەبینن، کە بەدەست ھەژاری و نەداری و ھزاران کێشەی ترەوە دەناڵێنێ. تەنانەت ھەر لەو پرۆژە دوژمنکارییەی خۆیان دا، دژی زۆر نەتەوەی تری ئاریایی کار دەکەن. بۆ نموونە سیستان و بەلووچستان، لانەی فەریدوون شاە و شێرە منداڵەکانی، واتە سام و زال و ڕۆستەمی پاڵەوان، بە بیانۆی مەزھەبەوە، لە ژێر ئابلۆقەی ئابووری و فەرھەنگی و سیاسی دایە. ھەمان ئەوە بە برا ئەرمەنە مەسیحی ئارییەکان و کوردەکان دەکەن.
بەڵێ ! ئەوەتا کوردەکان، برا ڕەسەنەکانی پارسە ئاریاییەکان، ئەمڕۆ پاش ھزار ساڵ لە ژێر دەستی و تێپەڕاندنی ڕۆژگارێکی سەخت و دژوار و ناخۆش، و دیتن و بەسەرھاتنی ھزاران کارەسات و تاوانی وەک حەلەبچە و شوین بزرکردنی و ھزاران ڕۆڵەی بارزانی، و کێمیابارانکردنی زۆر شوێنی کوردستان، و وێران و خاپوورکردنی زیاتر لە چوار ھزار گۆند و شار، و سەدان ھزار شەھید و بریندار و پەککەفتەی جەستەیی و دەروونی، بە نیازن بۆ خۆیان ڕیفراندۆمێک بکەن و دەوڵەتێکی سەربخۆ ڕابگەینن، و ب تایبەت کە ھەمیشە ھەڕەشەی دوژمنانی ھاوشێوەی داعشیان، سێبەری ڕەش و تارماییەکەی لەسەر سەری ئێمە دەسوڕێتن، و ئەگەر گیانفیدایی و قارەمانێتیی پێشمەرگەی خۆنەویستی کوردستان، بە ھەموو پارچەکانیەوە و بەرسەرپەرشتی فەرماندەی گشتی کاک مەسعوود بارزانی و زۆر فەرماندەی تری گشت پارچەکان نەبوایە، دوور نیە تاوان و کارەساتی زۆر گەورەتر لەوانەی کە ڕوویان داوە، بەرپا ببانە.
ئەوە لە کاتێک دا کە زۆربەی وڵاتانی جیھان بەوپەڕی شانازییەوە ھاوکاری کردووین و بە ئاشکرا یان نەئاشکرا ھاوڕان لەگەڵ دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە کوردستانیە. بەڵام بە پێەوانەی ھەموو ئەو وڵاتانە بەربەستی ھەرە مەزن و ڕێگری سەرەکیی ئەو خەونە چەند ھزار ساڵەیەی کورد و کوردستانیان، نەک ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەورۆپا تورکە تۆرانیەکان و عەرەبەکانن، بەڵکۆ پارس و ئێرانی ئیسلامییە، کە لە دوو لایەوە لەگەڵ ئێمە کوردستانی ڕاست نیە: لە لایەک وەک ئیسلامی، کە ئیسلامی ڕاستین ھەرگیز ئەو مافەی لە میللەتان نەسەندووە، و لەلایەکی ترەوە وەک ئاریایبوون، کە تیایدا نەتەوەیک ھانەژادی خۆی و بە بیانۆ و مەھانە و ھەنجەتی ناڕەوا، لەو دەوڵەتە بێبەش بکاتن. ئەو حۆکمڕانە ستەمکارە بۆ ئەو مەبەستە خراپەی خۆی ھەموو ڕێگاکانی نادروست و ناڕەوای گرتووتە پێش و ھەر چییەکی لەدەست دێ دژی دەکاتن. لە کاتێکدا کە ئێمە لە ھەموو کەسێک زیاتر لەوان نزیکین، و ئەگەر خەڵکی یەک ھەنگاو لێمان ھاتووتە پێش دەبوایە ئەوان سەد ھەنگاویان بۆ لایی ئێمە بھاوێشتبایە. ئێمە دەتوانین دوو دراوسێ و برای ھاونەژادی باش و بەھێز و پشتەوانی یەکتر بین. ئەوان لە پێناو خەڵکی بێگانە دەستەکانی ئێمە دەشکێنن، ئەو دەستانەی کە بۆ یارمەتی وەرگرتن ئاراستەیان کرابوون.
بۆیەش ئێوەی پارسە ئاریاییەکان دەتوانن لە دژی ئەو بیرۆکەیە پیس و پۆخەڵە ھاوکاری برا کوردەکانتان بن و لە ڕێگەی فشارخستنە سەر دەستھەڵاتدارانی جمھوری ئیسلامی نەچاریان بکەن کە دان بە مافی ڕەوای ئەو نەتەوە ماندووە بنێتن، و بڕوای بەو برایەتییە ھەبێ و بزانیتن کە ئێمە بەپێچەوانەی ھەر کەس و لایەنێک، و لە سایەی ئەزموونێکی دوور و درێژی ناخۆشی خۆمان و ھەستکردن و بە ئەرکی بەرپرسیارەتی مێژوویی ڕێزی زیاتر لە برا و وڵاتە ئاریاییەکەی ئێوە بگرین، و دراوسێیەکی باش بین بۆ ئێوەی برا، و ببین بە ھەوێنی ئاشتی و ئازادی و ئارامی و ئاسوودەیی ناوچەکە، و بەختەوەری وڵاتانی خۆمان.
ئەی ئارییەکانی برا و دۆست و درواسێ ! ئێمە چاوەڕێی ھیمەتی ئێوەین، و با فەرموودەی زەردەشتی پیامبەرمان لە یادتان نەچێ: " گۆتاری باش، کرداری باش، و ھزر و بیرکردنەوەی چاک "، چونکە زانست و مێژوو و ئەزموون پیشانی داوە ئەم فەرمایشتە گەورەترین و بەھێزترین وبنەمای سەرکەوتن و بڕوابەخۆبوون و بەختەوەری تاک و کۆمەڵگا و نەتەوەکانە. وەرن وەک پیامبەرتان فەرمانتان پێدەکاتن: چاک بن. دەوڵەتی کوردستان بۆ برا ئارییەکانتانە نەک کەسی تر.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top