بۆ بەرزکردنی بەھای مرۆڤ پێداچوون بە دیرۆک باشترینە ( فەلسەفەی مێژوو و ژیان )

بۆ بەرزکردنی بەھای مرۆڤ پێداچوون بە دیرۆک باشترینە ( فەلسەفەی مێژوو و ژیان )
کە ساتێک، ھەرچەندە بە پەلەش بێ، بە لاپەڕەکانی مێژوو دا تێپەڕ ببینەوە، ڕاستییەکی گەورە و نھێنییەکەی زۆر کەسی وەک بابا تاھیری ھەمەدانی و مەلای جزیری و ھزاران سۆفی دیتر، بۆ مرۆڤ ئاشکرا دەبێ، کە بۆچی و چۆن دەستیان لەم جیھانە و شتەمەکەکانی شووشتووە و ڕێگایەکیان ھەڵبژاردووە کە خەڵکانیتر نەیانکرد و نایکەن. ئەو لاپەڕانە پڕن لە ناوی ھزاران پیامبەر و پاشا و شاە و مەلیک و خەلیفە و قەیسەر و تزار و زانا و فەیلەسۆف و سەرداری لەشکەری و دەوڵەمەند و فیرعەون و سۆڵتان و سەرباز و وەزیر و شوان و گاوان و ھەژار و نەدار و ھزاران جۆری تری مرۆڤ، کە بە لایەنی کەمەوە، لە بیست ھزار ساڵی ڕابردوو و تا ئێستا ھاتوون و ڕۆیشتوون و مردوون و یان کوژراون، جا چی بە بوون و دەوڵەمەندی بێ یان بە ھەژاری و نەداری. ئەوەیان زۆر گرنگ نیە، سەرەڕای ئەوەی زۆر لە ھەبووەکان لەسەر پشت و بە شان و بالی خەلک وەدەستیان کەوتووە. گرنگ ئەوەیە ئەوان ئێستا نین و نەماون و مردوون، چییان جێھێشت تەنیا ناوێکی باش یان خراپ نەبێ؟! زۆرێک لەوان بە جۆرەھا ڕەفتاری ناشیاو بوون بە ئەگەری لەناوچوونی ھزاران کەس، و یان نەداری و ھەژاری و ماڵوێرانیی ھزاران کەس، و بەڵکۆ مردنیان لە برسان و زۆر ئازاریتر. ھەشە بۆوەتە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی سەدان ڕەفتاری ناوازە و دوور لە بەھا جوانەکانی مرۆڤایەتی. زۆریشیان بۆ ماوەی سەدان ساڵ ھۆکاری زۆر ئازار و ئەشکەنجە و نەخۆشی دەروونی و کۆمەڵایەتی و خێزانی مرۆڤەکانی ئەم گەردوونە. زۆرێکیان بەھاکانی ئایینی، مرۆڤی، ڕەوشتی، پەروەردەیی، و ... ھتد، کۆمە ڵگاکانیان شێواند، تەنھا و تەنھا لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان. گەندەڵی ئابووری، ڕەوشتی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی، پەروەردەیی، کەلتووری بەرھەمی ھەرە جوانی ئەو مێنتالیتە نەشرینەی ئەوان بووە، بەڵام لە کۆتایی دا چییان دەستکەوت و بە چی و کۆێ گەیشتن؟ تەنھا چاڵێک و چەند تاشە بەردێک و خۆڵ لە دەوروبەری و تەک خۆی، و ئەو پارە و پۆڵ و پلە و پایەی کە لە خەڵکیان سەندووە و بەھۆیەوە ژیانی ئەوان و خۆیانی پێ تاڵ کردوو و ویژدانی خۆیان خراپ کرد، و ھزاران کەس نابوود بوون، و کاتێک ئەو سامانە دەگاتە دەستی کەس و منداڵانیان ئیتر بەزەییان پێدا ناھێتن و تەخشان و پەخشانی دەکەن. ھەموو ئەوە لەژێر چەتر و سێبەری بیرۆکە و بنەمایەک کراوە و ئەویش " بە ھیچ و کەم زانینی مرۆڤە وەک جوانترین و گرانبەھاترین بەھا"، و ئەگەر لە سیستەمی بەھایی ھەژمارێک لەو ھەموو زۆردارە " مرۆڤ " بەرزترین بەھا دەبوو، بێگۆمان، ئەوان بە ویژدانێکی زیندوو و ڕوویەکی سپی دەمردن. *بسپۆرێ زانستێن پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتییا پەروەردە/ زانینگەھا زاخۆ
Top