بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا قابیلی قبوڵ نییە

بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا قابیلی قبوڵ نییە
لە چەند ساڵی رابردوودا، چەندان جار فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بە بیانووی جۆراوجۆر کوردستانی بۆردوومان کردووە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چەندان جار رەوەند و کۆچەرەکان بوونەتە قوربانی، ھەموو جارێکیش جگە لە وێرانکاری، زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بەر خەڵکی سیڤیل دەکەوێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا، ئیدارەی شنگال چەندان جار ھۆشدارییان بە پەکەکە داوە لەوەی کە ئەگەر ھێزەکانی لە شنگال نەکشێنێتەوە، ئەگەری ھێرشی تورکیا بۆ سەر شنگال و دووبارە دروستبوونەوەی ئاڵۆزی لە ناوچەکە دروست دەبێتەوە، بەڵام پەکەکە ھێزەکانی ھەر نەکشاندەوە، بۆیە بۆجارێکی دیکە بەمەبەستی بۆردوومانکردنی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە سەعات ٢:٠٠ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ٢٥-٤-٢٠١٧، فڕۆکە جەنگییەکان، گوندەکانی (کەسکێ، بارێ، کەرسێ)یان لە چیای شنگال بۆردومان کرد و سەروەری خاکی ھەرێمی کوردستانیشیان پێشێلکرد، بەھۆیەوە پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و نۆی دیکە برینداربوون.
لێدوانی رێدوور خەلیل گوتەبێژی پەکەکە(٢٠) شەرڤانی پەکەکە کوژراون و (١٨)ی دیکە بریندارن. لە کاتێکدا تورکیا رایگەیاند کە ھێرشەکە دژی گروپە تیرۆرستەکان بووە، بەڵام لە واقیعدا بارەگایەکی پێشمەرکەش پێکراوە، بۆیە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزراەتی پێشمەرگە لە راگەیاندنی ناڕەزاییدا ھێڕشەکە پرۆتستۆ دەکات و دەڵێت""بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا قابیلی قبوڵ نییە." گومانی تێدا نییە کە مانەوەی پەکەکە لە شنگال مەترسیە بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە، چونکە کێشە و گرفتیان بۆ خەڵکی ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان ناوەتەوە، ئیتر کاتی ئەوەیە، پەکەکە ھێَزەکانی لە چیای شنگال و دەوروبەری بکشێنێتەوە و چیتر نەبنە مایە ناسەقامگیری و قووڵتربوونی کێشەکان و رێگە بدەن ژیان بۆ خەڵکی ناوچەکە بگەڕێتەوەو دەستی ئاوەدانی حکومەتی کوردستان بگاتە شارۆچکەی شنگال و دەوروبەری. شنگال و دەوروبەری بەشێکن لە خاکی کوردستان و ماوەیەکە پەکەکە ھێزێکی زۆری ھێناوەتە ناوچەکە، ئەو کێشە و گرفتانە ھەمووی بەھۆی بوونی پەکەکەیە لە ناوچەکە، پەکەکە وەکو ھێزێک لە ساڵی (١٩٧٨) وەک پارتێکی مارکسی-لینینی دروست بوو، بە بەشداربوونی تەنیا ٢٣ ئەندام کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست. ناوی پەکەکە لە لایەن فەرھاد کورتاییەوە پێشنیار کرا. پەکەکە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، بە کاری سیاسی دەستی پێ کرد بەڵام لە ساڵی ١٩٨٤ بووە ڕێکخراوێکی چەکداری، بۆ زۆرکردنی ئەندامانی ھەموو رێگەیەکی گرتووەتە بەر، سڵی لە گرتنەبەری ھیچ ھۆکارێک نەکردووەتەوە ھەر لە فڕاندنی منداڵ و لاوانی کورد و ھەڵخەڵەتاندن و بە کوشت دانیان, ئێستاش پاش دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکیان، باڵەکانی پەکەکە دووچاری قەیرانێکی سەرکردایەتی بوونە و ھەر باڵە و لەناوچەو دەڤەرێکدا بە ناوێک و ئەجنداێک و سیاسەتێکی نا سەنتراڵیستی خزمەتی ئەجیندای جراوجۆری وڵاتان دەکەن لە دەڤەرەکەدا و بوونەتە کۆسپ لە رێگەی یەکگرتن و ھەماھەنگی نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان.

Top