مەیدانی شەڕ و مێزی سیاسەت

مەیدانی شەڕ و مێزی سیاسەت
گەورەترین ئاستەنگی بەردەم کورد, کورد خۆیەتی. وتەیەکی بەناوبانگی رەوشەن بەدرخان هەیە کە دەڵێت: یەکێتی کوردانم بدەنێ هەتا دەوڵەتی کوردستانتان بدەمێ. لەناو خۆی خۆمان لەسەر ئەوەی کە ئایا کوردستان وەک نیشتیمانێک بوونی هەیە و ئایا مافی سەربەخۆ بوونی هەیە، یەکگرتوو نین. لەم دواییانەدا هەندێک ریکخستنی سیاسی بەناو کوردستانی، تەنانەت تێکۆشانی نەتەوەیی کوردستانیان بۆ ئازادی و سەربەخۆی بە تۆمەتی شۆڤێنیزم و فاشیزم مەحکوم دەکەن و خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە خیانەت لە مرۆڤایەتی لە قەڵەم دەدەن.
ساڵانێکی دوور و درێژی تەمەنی کوردستانیان لە گەنگاشە کردنی ئایدۆلۆژیا و ئیسم و میسمەکانی هاوردەکراو تێپەڕبوو. لەسەر ئەم ئایدۆلۆژیانەی کە هیچ پەیوەندیان بە کوردستان و مافی کوردستانیانەوە نییە، تا یەکتر کوشتنیش چووین. ئەو هەموو لێکترازان و جیابوونەوانەی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان روویداوە و بەردەوامیشە، جگە لە ماڵوێرانی و لێک دوورکەوتنی تاکەکانی کوردستان هیچی بە دیاری بۆ کوردستان نەهێناوە. ئەوانەی بەهەر بیانوویەک لە بارزانی نەمر جیابوونەوە چییان زیاد کردە سەر خەرمانی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان؟!
ئەوانەی لە مام جەلال جیابوونەوە و گۆڕانیان دروست کرد چییان گۆڕیوە؟. جگە لە رووشانی زیاتر و بەکارهێنانی وشەی زبر و داهێنانی زیاتر بۆ یەکتر شکاندن چی لە کۆمەڵگاو لە بزاڤەکەمان زیاد بووە؟.
ئێمە دەبێ داگیرکەرانی کوردستان بکەینە ئامانج و ئەویدیمان ببێتە دوژمنانی کوردستان. ئامانجمان دەبێت سەربەخۆیی کوردستان و رزگاری گەل و نیشتیمان بێت. بەداخەوە ئێستا کوردستانیەکان هەم وەک تاک و هەم وەک گروپ و رێکخستن لەجیاتی هیز و وزەیان بۆ بەرزکردنی ورەی خۆیان و گەلەکەیان سەرف بکەن و هۆشیاری جڤاکی و نەتەوەیی بەرزبکەن، خەریکی یەکتر شکاندنن و دوژمنمان لەبیرکردووە.
ئەو شەڕ و گەنگاشەیەی ئێستا لە کوردستان دا بەڕێوەدەچێت لەبارەی سیستەمی ئیداری و سیاسی، لە راستیدا شەڕی دوای سەربەخۆییە. دەبێت ئەم ململانێ یە دوا بخرێت بۆ دوای سەربەخۆیی.
لایەنە سیاسیەکان بەشێوەیەک ئەندام و لایەنگرانی خۆیان بە گیانی رق و قین لە کەسانی دەرەوەی هزر و ئایدیای خۆیان بارگاوی دەکەن کە ئەگەر ئەم قینە لە دژی داگیرکەران بەکاربهێندرێت، رێگای رزگاری زۆر نزیکتر دەکاتەوە.
ئێمە لەبەردەم قۆناغێکی زۆر هەستیارداین. وا دیارە بەڕێوەبەرانی دونیا رێککەوتوون کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەر لەنوێ دابڕێژنەوە.
ئەوەی لەبەرچاوە بۆ کورد دوو وڵاتی داگیرکەری عێراق و سووریا – بەرەوە هەڵوەشانەوە دەچن. من پێم وایە ئەم پرۆژەیە زۆر وڵاتی دیکەش دەگرێتەوە. ئەوەی کە هەیە تەنیا مەسەلەی کاتە.
ئێمەی کورد لەسەرمانە بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو ئامادەبین. پێویستە دونیا بە وردی بزانێت داخوازی کوردستانیان چییە؟ زۆر باش و پێویستە دەنگمان یەک بێت.
کوردستانیەکان بەوە ناسراون کە شەرکەری ئازان و بەراستیش هەر واین. ئەوەتا شکۆی داعش بە دەستی ئێمە شکا. زۆر بە ئاسانی لە شەردا دەستکەوت بە دەست دێنین، لەسەر مێزی دانوستاندن و لە مەیدانی سیاسەتیشدا زۆربە سانایی لە دەستی دەدەین.
بۆ ئەوەی ئەم هاوکێشەیە بەرەواژی بکرێتەوە، ئەوەی کە ئێمە بە خوێنی پێشمەرگە و لە شەڕی داعشدا بەدەستمان هێناوە، نابێت لە ساتەوەختی لەبەریەک هەڵوەشانی عێراق و سووریا، بە بیانووی نەگونجاو لە دەستی بدەین. خەڵکی کوردستان بە بەشداری کردن لە ریفراندۆم و گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ئەوەی لە مەیدانی شەردا بە دەستی هێناوە، بە دەنگی ئەرێ هەتا هەتایی دەکات.
لەو بڕوایەدام ئەگەر هەندێک سیاستمەدار و لایەنی سیاسی بیانوو بێنن بۆ ئەنجام نەدانی ریفراندۆم، ئەوا خەڵکی سادە و تەنانەت ئەندامانیان بە گوێیان ناکەن و بۆ سەربەخۆیی بەشداری دەکەن. ئەو هێزانەی تا دوێنی دەیانگووت بارزانی بۆ موزایەدە و گوشار باسی گشتپرسی دەکات، ئەمڕۆ ئەنجامدانی گشتپرسی دەبەستنەوە بە گەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ پەرلەمان. من دڵنیام دوای ئەوەش ئاستەنگ و کێشەی دیکە دێننە پێش بۆ ئەنجام نەدانی ریفراندۆم. وەرن پێکەوە دەستکەوتەکانی شەڕی پێشمەرگە لەسەر مێزی سیاسەتیش بچەسپێنین.
Top