ئەنفال .. خەون وپیلانێكی قرێژ بۆ لە ناوبردنی كورد
April 13, 2017
وتار و بیروڕا
ئەنفال و كیمیاباران و سەركوتكردن و كۆمەڵكوژییەكان. یەكێكن لەتاوانە هەرەمەزنەكانی سەدەی بیستەم، تاوانێك بوو بۆ قڕ كردن و سڕینەوەی نەتەوەیەك لەسەر خاك و نیشتیمانەكەی، بەهۆیەوە زیاتر لە 182هەزار مرۆڤی كورد كەتاوانیان تەنها بریتی بوو لەوەی كە كوردن بەدڕندانەترین شێوە لە گوللەباران كردن، زیندەبەچاڵ كردن وخاپور كردن، سوتاندن، تاڵانكردنی زیاتر لە چوار هەزار گوند و دێهاتی كوردستانی بە ئەنجامگەیاند.
ساڵی 1988 بۆ كوردستانی عێراق بە كارەساتبارترین ساڵەكانی دەیەی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دادەنرێ، كە تێیدا رژێمی سەدام حوسێن زنجیرەیەك شاڵاوی سەربازی بۆ پاكتاوكردن و راگوێزانی دژیان ئەنجام دا، گەورەترینیان شاڵاوەكانی "ئەنفال" بوو، كە رژێم لە شوبات/فێبرایەر تا ئەیلوول/ سێپتێمبەری 1988 بە 8 قۆناغ دژ بە ناوچەكانی گەرمیان و قەرەداخ و دۆڵی جافایەتی و دۆڵی بالیسان و خۆشناوەتی و بادینان ئەنجامی دان. و هەروەها رژێمی بەعسی لە ناوچووە كە لە 31/7/1983 لەدژی خەڵكی بێتاوانی بارزان لە كۆمەڵگەكانی بەحركە و قوشتەپە و هەریر بە ئەنفالكردنی 8000 مێردمنداڵ و پیاو و پیر ئەنجامیدا بە بردنیان بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق و زیندە بەچاڵكردنیان لەوێ .. ئەنفال تاوانێكی تری نامرۆڤانەیە كە رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ بۆ قڕكردن و لە ناوبردنی نەتەوەی كورد بە دڕندانەترین شێوە بەكاری هێنا تاكو ئەم گەلە لەناو ببات، كە ئەو تاوانانە ئەمڕۆ بوەتە شوناسێكی رەش و نەگریس بە مێژووی پڕ لە ستەمی رژێمی بەعس و هاوكات بووەتە بەڵگەیەكی روون و ئاشكراش بۆ زوڵم لێكراویی كوردو رەوایەتی خەباتی ئەم میللەتەش لە دوێنێ و ئەمڕۆدا نیشان دەدات لە پێناو بە دەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی.
لە 14ی نیسانی 1988 هێرشی ئەنفال كردنی كورد بە ئاستێكی ترسناك گەیشت و زۆربەی هەرە زۆری ناوچەو گوندو ئاواییەكانی كوردستانی گرتەوە، هەربۆیە لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا ئەو رۆژە بە رۆژی ئەنفالە بەدناوەكان دادەنرێت و هەموو ساڵێك لەسەر ئاستی فەرمی و جەماوەری لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات یادی سەدان هەزار مرۆڤی كورد دەكرێتەوە كەلەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە بەچەند قۆناغێك و لە زنجیرەیەك هێرشی سەربازیدا بێ سەروشوێن كراون.
ئەنفال بەتەنها پلانێك نەبوو بۆ وێران كردنی روكارێك لە روكارەكانی میللەتی كورد ، وەهەڕەشەیەك نەبوو بەتەنها روولە رەهەندیك لە رەهەندەكانی ژیانی ئابوری و كۆمەڵایەتی و كلتوری گەلی كورد بەڵكو ئەنفال نەخشەو پلانێك بوو كە رژێم بۆ سڕینەوەی مۆركی نەتەوایەتی كوردو لەناوبردنی هەموو شوێنەوارێكی كلتوری و سیاسی و ئابوری كوردستان دای رشتبوو ، وە هەوڵ دانێك بوو بۆ سڕینەوەی گشت سیماو ماكەكانی میللەتێكی ژێر دەستەو چەوساوە . ئەنفال پرۆسەیەك بوو كە رژێمی پێشووی عێراق بۆ سڕینەوەی میللەتی كورد گرتییەبەر و هەموو شتێكیشی كرد بۆ سەرگرتنی پرۆسەكە.
ئەنفال پڕۆسەیەكی بەدناوی بەعسیەكان بوو، ئامانجی قڕكردنی بنەچەی كورد و سوتانی خاكی كوردستان و هەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووری و لاوازكردن و نەهێشتنی كەلتووری رەسەنی كورد بوو. ئەنفال بە گەورەترین و ترسناكترین هەڵمەتی لەناوبردنی گەلی كورد لە مێژوودا دەژمێردرێت، بە شێوەیەكی دڕاندنە و بەدەر لە هەموو یاسا و بنەماكانی مرۆڤایەتی، لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لە ساڵی 1988 ئەنجام درابوو. بەهۆی ئەو دڕندایەتیەی كە لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفالدا دژ بە گەلی كورد بەكارهاتبوو، وشەی ئەنفال لە فەرهەنگی كوردی و لە لایەن خەڵكەوە بۆ سیاسەتی بەعس لە تۆقاندن و بێسەرو شوێنكردن و وێرانكردنی كوردستان لە هەموو قۆناغەكانی جەنگدا بەكاردێت.
ئەنفال بەرنامە و پیلانێكی داڕێژراوی دامودەزگاكانی حكوومەتی بەعس بوو، بۆ لەناو بردنی بەرگری كورد لە كوردستانی عێراق، لە ماوەی 22-23ی شوبات تا 6ی ئەیلوولی 1988. ئەنفال هەشت پەلاماری دیاریكراو بۆ سەر چەند شوێنێكی دیاریكراوی كوردستان لە ماوەیەكی دیاریكراو بوو، بە سوود وەرگرتن لە كەرەستەی كیمیایی و بۆمبەبارانی زۆر سەخت پێش هێڕشی لەشكری بە ژمارەیەكی یەكجار زۆر و سووتاندن و وێرانكردنی هەر شتێك كە دەكەوتە بەردەستیان.
رژێمی بەعسی عێراق بەمەبەستی قڕكردنی كوردو سڕینەوەی بوون و مۆركی كوردایەتی بە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە كۆمەڵە هێرشێكی سەربازی دەست پێكرد كە بەزۆری ناوچە گوندنشینەكانی كوردستانی گرتەوە كە هەمیشە بڕبڕەی پشتی ژێرخانی ئابوری كوردستان و شۆڕشەكانی كوردستان بوون، ئەوەش بریتی بوو لە جێبەجێكردنی ستراتیژێكی سەربازی فراوانتر جگە لە جینۆساید كردنی كورد بۆ تێكدانی ژینگەو سروشتی كوردستان و لاواز كردنی كۆمەڵگەی كوردو شێواندنی كەسایەتی مرۆڤی كورد بووەو شەڕێكی نامرۆییانەو توندوتیژوو نەخشە بۆ كێشراو بوو لە دژی داب و نەریت و بەهاو ئاكارو مانا نەتەوەیی و مرۆدوستییەكان و هەمو ئەو بەها پیرۆزانەی كوردە كە دەرەنجامی هەزاران ساڵ خەبات و ژیان بووە ،لەسەر خاكی خۆی هێرشی بەدناوی ئەنفالەكان تەنیا بێ سەرو شۆێن كردن و قەتلوعامكردنی 182هەزار هاولاتی مەدەنی كورد نەبوو بەڵكو تاڵان كردنی سەروماڵ و موڵك و سامانی ئەو هەزارن هاولاتییانە بوو كە لە سەر خاكی خۆیان دەژیان، جیاكردنەوی ئافرەت و منداڵ و گەنج و پیرەكان شێوازێكی تر بوو كەلە دژی ئەنفال كراوەكان ئەنجام درا ئەو چەند كەسەی لەدەست مەرگی ئەنفالە بەدناوەكان رزگاریان بوو باس لەو دەكەن كە بەچاوی خۆیان دیویانە ئەنفال چییەكان چۆن مندال و ئافرەت و پیاوەكانیان لە چاڵی گەورە ناوەو لە چەند لایەكەوە گووللە بارانیان كردوون و دواتر بە شۆفڵ خۆڵ بەسەر تەرمەكانیاندا كراوە و زۆرجار زیندە بە چاڵیشیان كردوون.
هەرچەندە تاوانی ئەنفال بۆتە زامێكی قوڵ و پڕ لەئازار بۆ گەلی كورد و بۆتە پەڵەیەكی رەشیش بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، بەڵام خوێنی ئەو سەدو هەشتاو دووهەزار مرۆڤەی كورد لە منداڵ و لاو و پیر هاوشان لەگەڵ خوێنی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری بوونە هەوێنی هاتنەدی ئەمرۆی ئازادی و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێنانە كایەی ژیانێكی سەربەست و سەرفراز.