تەنها بە لۆژیكی دروست و هەماهەنگیی نێوانمان كوردستان دەگاتە كەناری ئارام
March 15, 2017
وتار و بیروڕا
لە ئێستادا چاوی هەموو دونیا لەسەر دواهەناسەكانی داعش و ئاوابوونی تارمایی تیرۆرە، ئەوەش بە واتای ئەوەیە كە گۆڕانكاری چارەنووسساز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و دەوروپشتمان بەتایبەتی بەڕێوەیە، چونكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزەكانی جیهانیش جۆرێك لە دابەشبوونی نوێیان پێوە دیارەو هەر هێزەو لە خەمی ئەوەدایە زورترین سوود و دەستكەوت و غەنیمەی جەنگی لە كۆتابوونی داعشدا بۆ خۆی ببات، لێرەوە زۆر گرنگە بۆ هەموو هێزە كوردی و كوردستانییەكان كە هەموو جیاوازی ئایدیاو ناسازییەكانیان لە پێناو ئامانجە گەورەكەی كوردا كە سەربەخۆییە وەلا بنێن. بۆیە دەبێت هەمووان تەباو یەكدەنگ بن بۆ گەیشتن بەو ستراتیجەو هیچ لایەك نەبێتە پردی پەڕینەوە بۆ زلهێزانی ناوچەكەو وەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی تەماعكاری ئەو زلهێزانە لەسەرخاك و ئاوی كوردان.
هەموو تاكێكی وشیاری كورد ئەوە باش دەزانێت، كە داگیركەرانی كوردستان هەر ناوو ڕەنگ و دەنگێكیان هەبێت، هەرگیز چاویان بە بوونی قەوارەی هەرێمی كوردستاندا هەڵنەهاتووەو هەڵیش نایەت، بەوانەشی كە خۆیان وەكو دۆستی كورد نیشان داوە، چونكە: لەهونەری سیاسەتدا بەرژەوەندی هەمیشەیی ڕۆڵ دەگێڕێت، نەك دۆستایەتی هەمیشەیی، لە كاتێكدا هیچ كام لەوانە دەستەواژەی دۆست بۆ كورد لەگەڵیاندا نایەتەوە، كەواتە ئێمەی كورد چ وەكو تاك و چ وەك نەتەوەو هێزە سیاسییەكان ئەگەر بۆ خۆمان لەخەمی خۆماندا نەبین، بێگومان هیچ كام لەو زلهێزانەی جیهان و ناوچەكە بۆ چركەساتێكیش تەنانەت ئەگەر بۆ موجامەلەش بێت، چاویان بۆمان تەڕ نابێت، ئەگەر بێتو بەرژەوەندییەكی خۆیان لە چاوتەڕكردنەوە چنگ نەكەوێت. بۆیە زۆر گرنگە هێزەكانی سەر گۆڕەپانی سەرتاسەری كوردستان لەوە گەیشتبن كە قەوارەكەی باشووری كوردستان بەهەموو كەموكورتییەكانیشیەوە تاكە بەرهەمی بەفەرمی ناسراوی خۆێنی شەهیدانی پارچەكانی كوردستانەو موڵكی هەرتاكێكی كوردە لە هەرشوێنێكی ئەم جیهانە بێت، هاوكات هەموو ئەو ئاریشەو تەنگەشانەی لە شنگاڵ و شوێنەكانی تری هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێم دروست دەبن، دەراویشتەی بەكۆتابوونی داعش و ئەو مەبەستانەیە كەداعشی لە پێناودا دروستكراوە، كە بێگومان ئەجینداگەلی فرەی لە پشتەوەیە، هەموو زلهێزەكانیش بەبێ جیاوازی بەرماڵی خۆیان تێهاویشتوە، بەیەكدادانی هێزە كوردییەكانیش بێگومان دەستی هێزە ناوچەییەكان و نەیارانی كوردی لەپشتەوەیەو بۆ ئەوەیە ئەم قەوارەیە فەرمییەش بەرەو لەناوچوون بەرن، چونكە بەئاكام نەگەیشتنی ئەم قەوارەیە، واتە نەگەیشتنی هەموو كوردە بە خەونی لەمێژینەو ڕەوای خۆی، دەستوورو یاساكانی كۆماری عێراقیش بەڕاشكاوی دانی بەو قەوارەیەدا ناوە.
كەواتە: ئەگەر هەر هێزێكی سەربازی و سیاسی سەرتاسەری كوردستان كاتێك خۆی وا وێنادەكات پەرۆشی پاراستنی سنووری باشووری كوردستان و خەڵكی كوردە بە ئێزیدی و هەر پێكهاتەو ئایینزایەكی ترەوە، دەبێت ئەو ڕاستییەی لەبەر چاو بێت كە هەر هەڵەیەك لەو ناوچە هەستیارانەدا بەزیانی زۆر گەورە لەسەر دۆزی كورد دەكەوێتەوە، كە ئیدی بەهیچ شێوەیەك جارێكی دی قەرەبوو نابێتەوە، بەرهەمەكەشی بێ هێچ گومانێك دەچێتە گیرفانی ئەوانەی هەردەم بەئاواتی لەناوچوونی قەوارەی كوردی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی كوردەوە بوون، بە كوردی كرمانجی، پەلكێشكردنی نەیارانی كوردە بۆ گۆڕەپانی خاكی ئازادكراومان.
لێرەوە وەك نموونە: بوونی هێزەكانی سەربازیی (پەكەكە) لە دەڤەرێكی هەستیاری وەكو شنگال بۆ خۆی مایەی سەرئێشەی زۆرە بۆ دامودەزگاكانی حكومەتی باشوور و قەوارەی ئیداری و سیاسی حكومەتی هەرێم، چ جای ئەوەی ئەو هێزە سەربازییە جموجووڵی سەربازی ئەنجام بدات و هەوڵی ئەوە بدات كە كانتۆن و قەوارەی ئیداری و سیاسی لەناوچانە دروست بكات. بێگومان هەموو هەوڵێكی لەو جۆرە لە ژێر هەر پاساو و بیانوویەك بێت، یان بۆی بتاشرێت؛ هیچ ئاكامێكی پۆزەتیفی نابێت، بێجگە لەوەی پاساو و پاس دەداتە دەستی هەر سێ حكومەتی توركیا و ئێران و عێراق، بۆ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی و سیاسیی لەو ناوچانە، دواجاریش لەدەستچوونی هەتاهەتایی ئەو دەڤەرانەی لێدەكەوێتەوە.
كەواتە سیاسەتكردن بۆ خۆی هونەرو زانست و هەڵوێستە، نەك قسەی زل و دروشمی باق بریق. ئەركی هەموو لایەنە كوردی و كوردستانییەكانیشە سەر بەهەر پارچەیەك بن، پارێزگاری لە سنوورەكانی باشووری كوردستان بكەن؛ بەڵام بە لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی وەزارەتی پیشمەرگەو حكومەتی هەرێم، لەهەمان كاتیشدا هەر دەستێوەردانێكی تۆبزی و زۆرەملێ لەلایەن هەر هێزێكی كوردستانییەوە لە هەرێمی كوردستانی باشوور خاوەنەكەی مەبەستی بێت، یان مەبەستی نەبێت، دەچێتە قاڵبی خیانەتی نیشتمانییەوە، چونكە ئاكامی زۆر خراپ و ناجۆری بۆ باشووری كوردستان بەتایبەتی و هەموو كوردستان بەگشتی لێدەكەوێتەوە، هاوكات دەبێتە هۆكاری بەفیڕۆدانی خۆێنی سەدان هەزار شەهیدو ئەنفالكراو وێرانبوونی دەیان هەزار گوندو خانووماڵ كە بەدرێژایی مێژوو خەبات لەپێناوی ئازادیدا داومانەتە قوربانی.
هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت: كە چیتر دەرفەتی ئەوەمان نەماوە گرفتە شەخسی و دەروونییەكانی خۆمان بكەینە ئەجیندای سیاسی و بەخەڵكی بەشمەینەت و خاكی كوردستانی بفرۆشینەوە، بەڵكو كاتی ئەوەیە لۆژیكی دروست بخەینەگەڕو هەنگاوی دروست بەرەو سەربەخۆێی كوردستان بنێین، بە سوودوەرگرتن لەم دەرفەتە زێڕینەی هاتۆتەئاراوە، گەر لەدەستیشمان بچێت، ئۆباڵی زیاتر لە ملی ئەوانەیە كە خوێندنەوەی دروستیان بۆ هەلومەجە سیاسی و نێودەوڵەتییەكە نییە، دواجاریش ئەو گوتەیەی: كە گوایە نییەتیان باش بووە، هیچ دادیان نادات، چونكە مێژوو بەزەیی بەكەسدا نایەتەوە.
*سەرۆكی ئەنجومەنی بزافی ئاشتیی ناوخۆیی لە سلێمانی