حەشدی شەعبی لە میلیشیا بۆ ھێزێکی نیزامی

حەشدی شەعبی لە میلیشیا بۆ ھێزێکی نیزامی
پێش تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شاری موسل ، سەرەرای ناڕەزایی دەربرینی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ، دوای گقتوگۆیێکی توند لە نێوان ھەردوو کوتلەی سوونی و شیعی (اتحاد القوی العراقیة،الکتلة الوطنیة العراقیة) و (التحالف الوطنی الشیعى) دەربارەی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی ، پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی دۆزینەوەی چوارچێوەیێکی یاسایی بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ٢٦ نەوڤێمبەری ٢٠١٦ بەبێ ڕەچاوکردنی پرێنسیپی تەوافقی سیاسی بە زۆرینەی دەنگ یاسای دەستەی حەشدی شەعبی پەسەند کرد . حەشدی شەعبی، ھێزێکی چەکدارییە کە ٦٧ گروپ دەگرێتەخۆ ، زۆرینەی ئەم گروپانە وەلائی ئایدۆلۆژییان بۆ مەرجەعییەتی ئایینی شیعی (خامەنەئی) ھەیە ، ئەم ھێزە چەکدارە لە ١٣ ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لەسەر فەتوای مەرجەعیەتی ئایینی (علی السیستانی ) دامەزرا ، دوای ئەوەی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆمەلێک شاری عێراقی داگیرکرد . بە پێ ی یاسای ئاماژەپێکراو، گروپ و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە کیانێکی یاسایی دادەنرێن کە خاوەن ئەرک و مافن ، مافی ئەوەیان ھەیە کە ناسنامەی خۆیان بپارێزن وەک ھێزێکی پالپشتی سوپای عیراقی لە ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی داعش .

- یاسای دەستەی حەشدی شەعبی :
سەرەڕای لێدوانەکانی ( حیدر العبادی – سەرۆک وەزیرانی عیراق) سەبارەت بەوەی کەوا حەشدی شەعبی ھێزێکی تایەفی نیە و نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتەکانی عیراق دەکات ،بەڵام پێکھاتەی حەشد پێچەوانەی ئەوەمان نیشان دەدات . ئینتیمای حزبی و ئایدۆلۆژی ئەم گروپانە تەنھا خزمەت بە پارتە سیاسیە شیعە مەزھەبەکان دەکەن . یاسای دەستەی حەشدی شەعبی لە (٣) ماددە پێکھاتووە، لە برگەی یەکەمی ماددە (١) دا باس لەوە دەکات کە ئەم دەستە خاوەن کەسایەتی مەعنەوییە ، واتە مافی ئەوەی ھەیە کە مومارەسەی ھەموو کاروبارێکی یاسایی بکات. لە برگەی دووەمی ھەمان ماددە دا ھاتووە : "حەشدی شەعبی پێکھاتەیێکی سەربازی سەربەخۆ دەبێت و بەشێک لە ھێزی چەکداری عێراقی دەبێت و پەیوەست دەبێت بە سەرکردەی باڵای ھێزە چەکدارەکان " . بەپێ ی ئەم ماددەیە دەستەی حەشدی شەعبی بەشێکە لە سوپای عێراقی بەڵام ئەم دەستەیە وەک موئەسەسەیێکی سەربازی تەنھا فەرمان لە سەرکردەی باڵای ھێزە چەکدارییەکان وەردەگرێت کە ئەویش ( حیدر العبادی ) یە ، لە کاتێکدا ھێزە چەکدارییەکانی عێراق لە ڕووی فەرمان وەرگرتنەوە ملکەچن بۆ سەرکردەی بالای ھێزە چەکدارەکان و وەزارەتی بەرگری عێراقی و سوپاسالاری سوپای عێراقی . لە برگەی چوارەمی ی ھەمان ماددە دا ھاتووە کە دابەشکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ھێزە لە پارێزگاکانی عێراق تەنھا لە دەسەڵاتی سەرکردەی باڵای ھێزە چەکدارییەکان سنووردار (حصر) کراوە . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە سوپاسالار و وەزارەتی بەرگری عێراقی وەک موئەسەسەیەکی سەربازی نیشتمانی ناتوانن فەرمان بۆ حەشدی شەعبی دەربکەن وە لە ھەمان کاتدا دەسەلاتی جێگیرکردنی ئەم ھێزەیان لە پارێزگاکانی عێراق دا نیە، بەڵکو ئەمە لە دەسەڵاتی (حیدر العبادی) دایە ، واتە حەشد وەک سوپایێکی فەرمی لەژێر دەسەڵاتی سەرکردایەتی پارتە سیاسیە شیعیەکان دایە و لەلایەن ئەوانیشەوە پاڵپشتی دەکرێت ، ھەروەک چۆن لە قۆناغی گفتوگۆکردن لەسەر یاساکە لە پەرلەمان روویدا، کاتێک کوتلەی ( التحالف الوطنی الشیعی) زۆر توندانە پێداگیریان لەسەر پەسەندکردنی ئەم یاساییە کرد ، لەبەر ئەوەی حەشد دەسەلاتی ئەم پارتانە دەپارێزێت ،جگە مەلەش ئەم پارتە سیاسیە شیعیانە دەتوانن سوود لە جەماوەرێتی حەشد وەربگرن و ھەر لەئێستاوە وەک کارتێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عیراق بەکاریان بھێنن ، کە ئەمەش جارێکی تر دەبێتە ھۆی پەراوێز خستنی سوونە لە پرۆسەی سیاسی ، بۆیە چاوەروانکراوە کە پەسەند کردنی ئەم یاسایە سەرەتایێک بێت بۆ کۆتایی ھێنان بە فیکرەی بونیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنی لە عێراق .
- حەشدی شەعبی وەک گرەنتیێک بۆ ئایندەی ئێران :
ئێران دوای ئازادکردنی عێراق لە سالی ٢٠٠٣ دا ، لە رێگای چەندین سیناریۆیی سیاسی توانی سیاسەتی عێراق لە بەرژەوەندی خۆی دابرێژێت، بە تایبەت دوای ھاتنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و لە پێناو بەھێزترکردنی دەسەلاتی خۆی ، دوای فەتوای سیستانی و دامەزراندنی حەشدی شەعبی ئێران بەشێکی تری لە ئەجێندای سیاسیی خۆی جێ بە جێ کرد لە عێراق . بەشی زۆرینەی ئەو دەستەیە ئەو گروپانەن کە لە ڕووی ئایدۆلۆژی و دارایی و تەنزیمی یەوە راستەوخۆ پەیوەستن بە ئێران ەوە ، لەوانە ( منظمة بدر،کتائب حزب اللە،عصائب اھل الحق ،سرایا السلام ، لواء الخوراسان ،.... ) . ھەر لە دوای ھاتنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ عێراق، ئێران ھاریکاری تەواوی حەشدی شەعبی کردووە لە ڕووی لۆجستی و راھێنان و پێدانی زانیاری یەوە،تەنانەت سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانی عێراق وەک ( حیدر العبادی ،نوری مالکی،خالد العبیدی) لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکان ڕۆلی ئێران بەرز دەنرخێنن لە ھاریکاری سوپای عێراقی و شکست ھێنانی دەسەڵاتی داعش لە عێراق ، کە ئەمەش بۆتە ھۆی بەھێزبوونی پەیوەندی شیعە مەزھەبەکان لە ھەردوو وڵات ، ھەر بۆیەش باشترین رێگاچارە بۆ پاراستنی ئەم پەیوەندییە دامەزراندنی دەستەی حەشدی شەعبی بوو . زۆر لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە بەفەرمی ناساندنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پێ ی یاسا دووبارە کردنەوی ھەمان ئەزموونی دامەزراندنی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە عێراق ، کاتێک کە بە فەرمی راستەوخۆ دوای سەرکەوتنی شۆرشی ئیسلامی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆرش ئەم سوپایەی دامەزراند. پلانی ئێران لەوە فروانترە کە تەنھا لە رێگای بەژداریکردن و دەسەڵات دان بە پارتە سیاسیە شیعە مەزھەبەکان دەست بخاتە ناوکاروباری سیاسیەوە لە عێراق ، بەڵکو بۆ پاراستنی دەسکەوت و برەو دان بە ئایدۆلۆژیای ( التشیع) دامەزراندنی سوپای چەکداری ھاوشێوەی سوپای پاسداران باشترین ئەگەرە بۆ جێ بە جێ کردنی فیکرەی ھەناردەکردنی شۆرش بۆ وڵاتانی دراوسێ ، بە ھەمان شێوە ھەروەک چۆن لە ساڵانی ھەشتاکان ئێران رۆلێکی بەھێزی ھەبوو لە دامەزراندنی حزب اللە لوبنانی و لە ھەمان کاتدا ھاریکاری سیاسی ،سەربازی ،دارایی و لۆجستی پێشکەش بە شیعەکانی لوبنان کرد بەبیانووی بەرەنگاربوونەوە و شەرکردن دژ بە ئیسرائیل . ئەمەش ئەوە دەردەخات کە شێوازی ھاریکاری سەبازی ئێران بۆ حەشدی شەعبی ھەمان ئەزموونی ھاریکاری حزب اللە ی لوبنانی یە.
ھەقیقەتێکی نکۆل لێنەکراوە کە حەشدی شەعبی بەنیسبەت ئێران، ھێزێکە خزمەت بە شیعە دەکات وەک مەزھەب و کاردەکات بۆ بەھێزترکردنی دەسەڵاتی پارتە سیاسیە شیعە مەزھەبەکان، بەبێ رەچاوکردنی نەتەوە ، ئەمە ئەجێندایەکی درێژ خایەنی ئێرانە بۆ بەھێزترکردنی ھاوپەیمانێتی شیعەکان ھەر بۆیەش ئەگەری ئەوە ھەیە کە ئێران لە داھاتوو لە رێگای ئەم پلانەی جم و جۆڵی سیاسی خۆی بەھێزتر بکات لە سوریا ،ھەریەک لە (محمد علی جەعفەری-سەرکردەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران) و (احمد الاسدی- وتەبێژی فەرمی حەشدی شەعبی ) لە دوایین لێدوانەکانیان ئەم ئەجێندایە پشت ڕاست دەکەنەوە و ئامادەگی حەشدی شەعبی بۆ ھاریکاری رژێمی بەشار ئەسەد دووپات دەکەنەوە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا دوای کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شاری موسل . حەشدی شەعبی لە باودۆخێکی نا ئاسا یی، بە فەتوای مەرجەعیەتێکی ئایینی-مەزھەبی دامەزرا ،بە فەرمی ناساندنی ئەم ملیشیا چەکدارانە بە پێ ی یاسا لەسەر ئاستی ناوخۆیی خزمەت بە پێکھاتەیەکی دیاریکراو دەگەیەنێت لە عێراق و لەسەر ئاستی دەرەکی یش دا خزمەت بە ئەجێندا سیاسیەکانی ئێران دەگەیەنێت ،بۆیە ساڵانی داھاتوو ئەوە دەسەلمێنن کە بە ھۆی ئینتمای حزبی و ئایدۆلۆژی حەشدی شەعبی و پاڵپشتی دەسەلاتدارانی شیعە دەستەی حەشدی شەعبی دەبێتە بەھێزترین ھێزی سەربازی ، لە ھەمان کاتدا رۆلێکی کارا دەگێرێت لە گۆرەپانی سیاسی عێراقی دا .
Top