ئه‌م ئیرهابه‌، مه‌ترسیداره‌ چه‌ند نموونه‌یه‌ك، راستیه‌ك ده‌سه‌لمێنن

ئه‌م ئیرهابه‌، مه‌ترسیداره‌ چه‌ند نموونه‌یه‌ك، راستیه‌ك ده‌سه‌لمێنن
له‌ 20ـی 11ـی 2016، سه‌رۆك بارزانی په‌یامێكی بۆ رای گشتی راگه‌یاند، له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه‌، شاری سلێمانی له‌ژێر ئیرهابی فكری دایه‌ و ده‌بێ ئه‌و ئیراهابه‌ فكرییه‌ی سه‌رشاری سلێمانی بشكێت.
بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رۆژانی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ی سه‌رۆك بارزانی، كۆمه‌ڵێك كاردانه‌وه‌ ده‌بینین، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌مان ئیراهابدان و به‌شێك له‌ حزبه‌كانی كوردستان و ئه‌ندامه‌كانیان نیگه‌ران بوون له‌و ده‌ربڕین و حه‌قیقه‌ته‌، ئێستا خۆیان رووبه‌ڕووی واقیعه‌كه‌ بوونه‌وه‌. به‌تایبه‌تی ئێستای یه‌كگرتووی ئیسلامی و ئه‌مینداره‌كه‌یان.
راسته‌ گرووپێك له‌ دوای دروستبوونی گۆڕان له‌ 2009ـه‌وه‌ كه‌وتنه‌ چوارچێوه‌ی حزبێكی مۆڵه‌ت پێدراو له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی نوێتر بوو بۆ په‌ره‌پێدان به‌ ئیراهابی فكری، هه‌ر كه‌س پشتگیری پرۆژه‌ و بۆچوونی ئه‌وانی نه‌كردبا، ئه‌وا له‌ رێگه‌ی میدیای فه‌رمی و سێبه‌ره‌كانیانه‌وه‌ ده‌كه‌وتنه‌ به‌ر ئه‌و ئیراهابه‌ فكرییه‌، به‌خشینی(نیشتمانبوون و نانیشتمانی) و(خیانه‌تكار و پاك)و (دزو گه‌نده‌ڵ و پاك و بێخه‌وش) به‌ پێوه‌ری خۆیان ده‌یانكێشا و ده‌یانبه‌خشیه‌وه‌. هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكیش پشتیوان بوایه‌ بۆ سه‌پاندنه‌كانیان، ئه‌وا له‌ دیدی ئه‌وان هاوبه‌شی پرۆژه‌ی چاكسازی و دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و... هتد بوو.
ئه‌وه‌نده‌ی گۆڕان و سه‌ركرده‌ و هه‌ڵسوڕاوه‌ پێنگه‌یشتووه‌كانیان كاریان بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌و ئیراهابه‌ فكرییه‌ كرد له‌ ناوخۆی حزبه‌كه‌یان و میدیاكان. هێنده‌ كاریان له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه‌ نه‌كرد دروشم بوون و ده‌نگی خه‌ڵكیان پێ به‌ده‌ستهێنا، به‌م شه‌رعیه‌ت به‌خشینه‌ به‌ ئیراهابی فكری، هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئاشتی و ژیانی خه‌ڵك و سه‌مگیری له‌ كوردستان زیاتر بوو و هیچ به‌هایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و كه‌سایه‌تی نه‌ما له‌م وڵاته‌ پریشكی ئه‌و ئیراهابه‌ نه‌كه‌وتبێ.
به‌رامبه‌ر به‌ پارتیش، ئه‌وا ئه‌م ئیرهابه‌ فكرییه‌ سه‌ریكێشا بۆ ئیرهابی جه‌سته‌یی و په‌لاماردانی باره‌گاكانی پارتی له‌ سنوری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین و گه‌رمیان و ده‌یان به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ر هه‌ن كه‌ ئه‌ندامانی ئه‌و گرووپه‌ ده‌ستان له‌ نانه‌وه‌ی پشێوییه‌كه‌ هه‌یه‌.
به‌شێك له‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و ئه‌ندامه‌ دیاره‌كانیان به‌هۆكاری هه‌ڵكه‌وته‌ی ململانیه‌كان له‌ جوگرافیه‌كی دیاریكراودا، بوون به‌ شوێنكه‌وتووی ئه‌و ئیراهابه‌ فكرییه‌، كه‌ ئێستا ملی خۆیانی گرتووه‌ و دڵنیان له‌وه‌ی له‌ژێر بارێكی گراندان، ئاخۆ چۆن رووبه‌ڕووی ئه‌و ئیراهابه‌ ببنه‌وه‌ رۆژێك خۆیان پشتیوانیان لێكردوه‌ و ئه‌مڕۆیش گیرۆده‌ی بوونه‌.
نموونه‌ دیاره‌كانی ئه‌مدوایه‌ی ئیراهابی فكری به‌ راستووتنێكی به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوو له‌ 27ـی تشرینی یه‌كه‌م/ 2016 پانێڵی دیداری(میری)یدا ره‌خنه‌ی له‌ یوسف محه‌مه‌د و په‌رله‌مانتاره‌كانی گۆڕأن و هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری حزبه‌كه‌ی خۆی گرت، كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی 23 حوزەیران ‌و 19 ئابی ساڵی 2015 په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ بووه‌ و قه‌یرانه‌كانی ئێستای گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستانیشی به‌سته‌وه‌ به‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌. ئه‌م راستگوتنه‌ به‌ڕێز به‌ختیاری رووبه‌ڕووی ئه‌و ئیراهابه‌ فكرییه‌ كرد، كه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌په‌یامه‌كه‌ی20ـی 11ـی 2016، داوای شكاندنی ئه‌و ئیرهابه‌ مه‌ترسیداره‌ی كردبوو. میدیاكانی گۆڕان، ته‌واوی وزه‌ی خۆیان به‌گه‌ڕخست بۆ شكاندنی كه‌سایه‌تی مه‌لا به‌ختیار و به‌لاڕێبردنی راستگوتنه‌كه‌ی. كه‌ قه‌یرانه‌ سیاسیه‌كانی ئێستا ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵه‌ و كه‌مئه‌زموونی خه‌ڵكانێكی نێو په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌.
له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی 1ـی 2017 له‌ لێدوانكیدا بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود سكرتێری حزبی سۆشیالیستی كوردستان ره‌خنه‌ی له‌ سه‌رجه‌م حزبه‌كانی كوردستان گرت، باسی له‌وه‌شكردبوو، (5) حزبه‌كه‌(پارتی و یه‌كێتی و گۆڕأن و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی) خاوه‌ن كۆمپانیای نه‌وتی و پاڵه‌وگه‌ی نه‌وتن و شه‌ریكی داهاتی نه‌وتن.
گۆڕان به‌هاوبه‌شی شوێنكه‌وتووه‌كانیان له‌ نێو یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌م ره‌خنه‌ و راستووتنه‌ی به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود پێ هه‌زم نه‌كرا و كه‌وته‌ ناو تۆڕه‌ ئیراهابه‌ فكرییه‌كه‌ و به‌ راگه‌یه‌نراو و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی نالۆژیك وه‌ڵامه‌كانیان رووبه‌ڕووی ئه‌و به‌ڕێزه‌كرده‌وه‌ و گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ ئه‌و دادگایه‌ ببه‌ن كه‌ پێشتر خۆیان بڕوایان پێ نه‌بووه‌ و له‌ گوتاری میدیاندا به‌ دادگایه‌كی حزبی یاخود بێ سه‌روه‌ری ناویان ده‌هێنا.
سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ میانی گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووس، باسی له‌ كه‌م ئه‌زموونی یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد، و كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی 23 حوزەیران‌و 19 ئابی ساڵی 2015 په‌رله‌مانی كرد كه‌ له‌ ئه‌نجامی كه‌م ئه‌زموونی كرا و نه‌ده‌بوو بكریایه‌ و هه‌ڵه‌كه‌یشی خسته‌ ئه‌ستۆی كه‌م ئه‌زموونیه‌كه‌ی یوسف. ئه‌م راستگوتنه‌ی به‌ڕێز سه‌لاحه‌ددین له‌ كاتێكدایه‌ ته‌واوی حزبه‌كانی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستانیش ئه‌و راستییه‌ دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌زموونی هه‌ندێك خه‌ڵك شایه‌نی ئه‌وه‌ پۆسته‌ گرنگانه‌ نه‌بوون پێیانبه‌خشرا، بۆیه‌ به‌رچه‌كرداری گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ی گۆڕان كه‌وتنه‌ تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه‌یش به‌ ئه‌و ئه‌مینداره‌ی تا ئه‌م دوایه‌ش هاوپه‌یمانێكی كاریگه‌ری گۆڕان بوون. به‌ڵام كاتێك راستیه‌ك ده‌رده‌خه‌ن، ئیتر ئه‌و مه‌نهه‌جه‌ توندڕۆییه‌ و ره‌تكردنه‌وه‌ و سه‌پاندنه‌ی گۆڕان هیچ ده‌رفه‌تێك ناهێڵته‌وه‌ و دان به‌ راستیه‌كه‌ بنێ، به‌ڵكو په‌نا ده‌باته‌وه‌به‌ر ئیرهابی فكری و پشت له‌و مێژووه‌ ده‌كات كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان هاوپه‌یمان بوونه‌ و پێكه‌وه‌ كار و پرۆژه‌ی هاوبه‌شیان هه‌بووه‌.
نموونه‌یه‌ك كه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ حزبی گۆڕان زۆرترین ئه‌و كه‌سانه‌یان له‌ خۆگرتووه‌ و په‌روه‌رده‌ كردووه‌، توانایه‌كی باشیان له‌ ئیرهابی فكری و شكاندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كان و په‌لاماردان و تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ قێزه‌ونه‌ بوو كردیانه‌ سه‌ر هه‌ڵسوڕاو و په‌رله‌مانتارێكی پێشووی خۆیان له‌ په‌رله‌مانی عێراق، سه‌ردار عه‌بدوڵڵا، 7ی كانوونی یەكەم/ ديسه‌مبه‌ری 2016 لە گەشتی شیكاری كەناڵی KNNی زمانحاڵی گۆڕان، كە تایبەت بوو بە بودجەی گشتی عێراق و پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە و پشتیوانی گۆڕان ویه‌كێتی و كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌و پرۆژه‌ی شیعه‌كان به‌ راشكاوانه‌ هه‌ڵه‌كانی راگه‌یاند و گوتی:(وه‌رنه‌وه‌ و واز له‌ دابه‌شكردنى كوردستان بهێنن. پڕۆژه‌يه‌ك هه‌يه‌ بۆ جياكردنه‌وه‌ى سلێمانى و لكاندنى به‌ به‌غداوه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌شگونجا به‌ وڵاتێكى ديكه‌وه، ئه‌م سياسه‌ته‌ پێويسته‌ وازى لێ بهێنرێت‌، ته‌ريق بنه‌وه‌ له‌و باوكه‌ى ئێواره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ پاره‌ى نييه‌ شير بۆ منداڵه‌كه‌ى بكڕێت، با واز له‌ دووبه‌ره‌كى بهێنن.). ئیتر راستگوتنه‌كه‌ی سه‌ردار عه‌بدوڵڵا، بووه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی باش بۆ هاوسه‌نگه‌ره‌كانی خۆی تا كه‌سایه‌تی ناوبراو له‌كه‌دار بكه‌ن و تۆمه‌تی گه‌وره‌ و بێبنه‌مایشی بده‌نه‌ پاڵ و ناشیرینی بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌، پێشچاوبخرێته‌وه‌، دیسان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و هۆشدارییه‌ی سه‌رۆك بارزانییه‌، كه‌ حزبه‌كان له‌ رێگه‌ی میدیا و كادیره‌كانیه‌وه‌، رێگه‌ نه‌دات له‌ته‌شه‌نه‌كردنی ئیرهابی فكری و توانای یه‌كتر قبوڵكردن فراوانتر بكه‌ن و رێگه‌نه‌ده‌ن ئه‌و جۆره‌ په‌روه‌رده‌یه‌ زاڵ بێت و زیان به‌ ئاشتی و سه‌قامگیری و په‌یوه‌ندی حزبه‌كان بگه‌یه‌نێ.



Top