عێراقیان به مالیكیه‌وه ده‌وێ
January 25, 2017
وتار و بیروڕا
نوری مالیكی له ماوه‌ی حكومڕانی به‌شێوه‌یه‌كی رژد كاری بۆ چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دیكتاتۆریه‌ت كرد. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی به‌ها و ئاوڕدانه‌وه نه‌بوو لای خۆی و هاوڕاكانیان مه‌بده‌ئی شه‌راكه‌تی هاوبه‌ش و رێزگرتن له ئیراده و بڕیاری پێكهاته‌كانی عێراق بوو. به‌تایبه‌تیتر كورد. له‌و پێناوه‌شدا هه‌موو ئه‌و رێگایانه‌ی گرته‌به‌ر تا سه‌رجه‌م ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ش جێبه‌جێ نه‌كرێ له‌نێوان شیعه و كورد واژووكرابوون. كه به‌شێك بوون له ستراتیژیه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ردنی عێراق.
له‌پێش لابردنی له حوكمڕانی عێراق مالیكی هه‌ڕه‌شه‌كانی زیاتر كرد بۆ سه‌ر كورد، له ساڵی 2008 هێزی دژی كورد له خانه‌قین جوڵأند و ویستی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه به‌بۆچوونی ئه‌و مه‌ترسیه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و رێگر ده‌بێ بۆ مه‌یلی دیكتاتۆریه‌تی ئه‌و بخزێنێته ناو شه‌ڕێكی تائیفیه‌وه، سه‌رئه‌نجام نه‌یتوانی، هێزێكی له كه‌ركووك به‌ناوی(دیجله) جێگیركرد بۆ هه‌مان مه‌به‌ست. وه‌ك وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌كش به‌شێك له هاوپه‌یمانه كورده‌كانی پاڵپشت بوون بۆ پێداگیرییه‌كه‌ی مالیكی له جێگیركردنی ئه‌و هێزه له كه‌ركووك. به‌مه‌ش خولیاكه‌ی مالیكی رانه‌وه‌ستا، ئه‌مجاره به راوێژی هه‌ندێك به‌رپرسی كورد(هاوپه‌یمانه دڵسۆزه‌كانی مالیكی) بودجه وموچه‌ی هه‌رێمی كوردستان به بڕیاری ئه‌و مالیكه بڕا، راده‌ستكردنی به‌شێكی زۆری عێراق و سوپاكه‌ی به داعش‌یش درێژكراوه‌ی ئه‌و خه‌ونه‌ی بوو تا عێراقی دوای خۆی جیاواز و وێران بێت. كه ئێستایش راده‌ی دڵسۆزی هه‌ندێك لایه‌نی كوردی بۆ كرده‌وه‌كانی ئه‌و پیاوه به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر خواستی نه‌ته‌وه‌یی كورد(سه‌ربه‌خۆیی).
له زاری ئه‌و كوردانه‌ی په‌رۆشن بۆ نوری مالیكی، جۆرێك په‌لاماردانی نامه‌ردانه و شێواندن ده‌ستی پێكردوه بۆ ئه‌و بۆچوونانه‌ی سه‌رۆك مسعود بارزانی سه‌رۆكی كوردستان، هه‌میشه رای وا بووه(گه‌لانی عێراق به‌ده‌ستی مالیكی تووشی نه‌هامه‌تی بووه و باجی ئه‌و سیاسه‌ته‌كانی ده‌دات و له لێوار رووخاندنی نزیك كرده‌وه). ئه‌م راستیه‌یان ئاوه‌ژوو كرد بۆ ركابه‌ریه‌كی(كاسێتی).!
له نوێترین هه‌ڵوێستی سه‌رۆك بارزانی له‌و دیمانه‌ی رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌وسه‌تدا، له ئه‌نجامی پێداگیری پرسیاری رۆژنامه‌نوسه‌كه، گه‌ڕانه‌وه‌ی مالیكی بۆ سه‌ر حوكم، به‌راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هیچ شتێك وه‌ڵامێكی شایسته‌یه تا ته‌واوی ئه‌و لایه‌نانه‌ی پێداگیری له‌سه‌ر عێراقێك به بوونی مالیكیه‌وه ده‌كه‌ن راستی ئه‌وه بزانن دانوستاندن به ئاشتیانه و جیابوونه‌وه به ته‌فهوم كۆتایی دێ. نه‌ك ئه‌و گۆڕینه‌ی بووه‌ته بابه‌تی په‌لاماردان و به‌لاڕێبردنه‌ی هه‌ندێك خه‌ڵك، كه جیابوونه‌وه‌ی له عێراق په‌یوه‌سته به نوری مالیكیه‌وه، چونكه ده‌ستهه‌ڵگرتن له پرسی سه‌ربه‌خۆیی له بڕوای سه‌رۆك بارزانی و گه‌لی كورد نییه و ئه‌مه مافێكه قوربانی بۆ دراوه، هه‌رگیز ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ش له ده‌ست نادرێن، گونجاو ده‌بن له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ راگه‌یاندنی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ.