مالیكی بەكاریان دەهێنێ

مالیكی بەكاریان دەهێنێ
سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق پێشنیارەكەی چەند سەركردەیەكی یەكێتی بۆ بڕینی بودجەی هەرێم قبوڵ كرد. لە ڕاستیدا مالیكی ئەو كارەی بۆیە كرد چونكە بارودۆخی كوردستان لەڕووی ئابوورییەوە گەشەیەكی زۆری كردبوو. كوردستان پێشكەوتووتر بوو لە عێراق، مالیكی ویستی لەم ڕێگە یە كۆتایی بە بووژانەوەی كوردستان بهێنێت. چەند سەركردە یەكەتییەكەش بۆیە ئەو پێشنیارەیان دا بە مالكی چونكە پێیانوابوو سەركەوتنی سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆی هەرێم سەركەوتنی پارتییە. ئەگەر خەڵك برسی بكرێت ئەوە لەدژی پارتی و بارزانی ڕادەپەڕن.
هەر ئەو گرووپە ئێستا پێیانوایە وەك فریادڕەسی خەڵك دەتوانن بودجە بۆ كوردستان بگەڕێننەوە بەڵام لەبەرانبەر كۆنتڕۆڵی نەوتی كەركووك لە لایەن عێراقەوە.
لەونێوانەدا ئەوەی قازانجی كردووە عێراقە، بودجەكەی كوردستانی بڕیوە و نەوتی كەركوكیش دەخاتە ژێر ڕكێفی خۆی. كارەساتیش ئەوەیە هەردوو پێشنیارەكە بۆ پەڕوباڵكردنی هەرێم لە لایەن چەند كوردێكەوە دراوە... ئەگەر ئەوە ناپاكی و گەمژەیی نەبێ چ ناوێكی تری بۆ دائەنرێت؟
مالیكی بەشێك لە سیاسییە كوردەكانی بەغدا بۆ بەرژەوەندیی خۆی و دژایەتیكردنی عەبادی بەكار دەهێنێ. ئەم پیاوە لەبنەڕەتدا بڕوای بە مافی بەرانبەر نییە. بۆیە شوورەییە سەر بە دەرگای كەسێك بنێن كە كارنامەكەی پڕە لە دژایەتیكردنی كوردستان:
1. دروستكردنی هێزی دیجلە بۆ دابڕاندنی كەركووك
2. جووڵاندنی هێز بۆ قەرەتەپە و جەبارە و خانقین بۆ دەركردنی پێشمەرگە
3. نەناردنی چەك و پارەی پێشمەرگە كە ئیتفاقی لەسەر كرابوو لە نێوان ئەمەریكا و عێراق و كوردستان.
4. پێشێلكردنی دەستوور و دروستكردنی بەربەست بۆ ماددەی 140
5. دڵنیاكردنەوەی عەلی غێدان فەرماندەی هێزی زەمینی عێراق كە داوای كردبوو ئەمری پێ بكات كە لە ماوەی دوو ساعەت هەولێر بگرێت مالیكی لە وەڵامدا گوتبووی سەبرتان هەبێ با ئێف 16ـكانمان بگات كارەكەتان واتە گرتنی هەولێر ئاسانتر دەبێ.
6. بڕینی بودجەی خەڵكی كوردستان و شیری منداڵی كورد كە تاوانێكە لە تاوانی علی حسن مجید كەمتر نییە. مالیكی كیمیایی نەبوو و ئەگەر هەیبا بەكاری دەهێنا.
7. كەمكردنەوەی ڕێژەی كورد لەناو سوپای عێراقیدا
8. دژایەتیكردنی كورد لە چالاكییە دیپلۆماسیەكانیدا. لە هەموو سەردانێكی كاری كردووە كە دژایەتی هەرێم بكات و دەوڵەتان ناچار بكات لەگەڵ هەرێم مامەڵەی سیاسی و دیپلۆماسیان نەبێت.
9. وەرگرتنەوەی سەلاحیات لە وەزیرەكان و فەرماندە سەربازییەكان هەر بۆخۆی لە نووسینگەكەی خۆی دەستی بەسەر حكوومەتە تەوافوقییەكەدا گرتبوو.
10. بەكارهێنانی وشەی خوێن لەبەرانبەر خوێن لە كاتی كوژرانی عەرەبێك بەدەست ئەفسەرێكی كورد لە بەغدا.
11. سەركوتكردنی خۆپێشاندان و كوشتنی خۆپێشاندەرە سووننەكان كە خۆی بووە هۆی سەرهەڵدانی دووبارەی تیرۆر.
12. دروستكردنی سوپایەك كە تەنیا ئینتمای بۆ یەك شەخس هەبوو نەك نیشتیمان.
13. قووڵكردنەوەی تاییفەگەری و تیرۆر و گەندەڵی
و دەیان پێشێلكاریی تر
مالیكی ئەو چەند كوردە بەكار دەهێنێ بۆ ململانێی سیاسیی لەگەڵ هەرێم و حكوومەتی عێراق. چەند كوردەكەیش وادەزانن مالكی بەكار دەهێنن بۆ مەرامی حزبیی خۆیان لە كوردستان.
هاوكێشەكە متەوازن نییە، لە هاوكێشەكەدا مالیكی براوەیە و چەند كوردەكەیش تەنیا وێنە یادگارییەكەیان بۆ دەمێنێتەوە.
Top