ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی چیتر رازی نابن عێراق بەحوكمێكی مەركەزی و تائیفی بەڕێوەبچێت
November 15, 2016
وتار و بیروڕا
ئەم سەركەوتنە دەستكەوتێكی زۆر گەورەیەو وەرچەرخانێكیشە بۆ دۆزی رەوای گەلی كوردستان ئەوەتا وا خەریكە رۆژە سەختەكانی شەڕی رووبەرووبوونەوە بەرەو كۆتایی دەچێت و لە جاران زیاتر پێشمەرگەو سەركردایەتی سیاسی كوردستان ناوبانگی هەیەو لە ئەرزی واقیعیشدا بوونێكی سەربازی بەهێزو بەتوانا هەیە و لە سەرجەم پرۆسەكاندا هاوپەیمانەكان پشتی بێ دەبەستن هەروەكو چۆن لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بەبێ پێشمەرگە موومكین نەبوو سوپای عێراق و هاوپەیمانەكان وا بەخێرایی ئەو پێشڕەوییانە بكەن. هەرێمی كوردستان ئێستا گەرچی بەدەست چەند قەیرانێكی دارایی و ئابووری گیرۆدە بووە، بەڵام لە ناوەندە جیهانییەكاندا زۆر بەهێزترە بەراورد بە قۆناغی دوای ئازادكردنی عێراق و رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 تەنانەت لە داهاتوودا وەكو كارتێكی سیاسی ئەم دەستكەوتە بۆ سەرجەم نەتەوەكانی كوردستان دەتوانرێت بەكار بهێنرێت.
لە دوای كۆتاییهاتنی پرۆسە سەربازییەكان و ئاوابوونی خۆری دەوڵەتی داعش دووبارە سەرجەم ئەو حزب و هێزە سیاسییانەی كە بڕوایان بە دیموكراسی و مافی مرۆڤ هەیە لەسەر مێزی دانوستانەكان گفتوگۆكانیان چڕ دەكەنەوە كە ناكرێت بەهەمان هاوكێشەو بۆچوونە كۆنەكانی دیالۆگ لەسەر عێراقی نوێ بكرێت، چونكە بەشی هەرە زۆری ئەو هێزانەی لەعێراقدا هەن هێزێكن بیری تائیفیان بەسەردا زاڵە زۆرجاریش هەموویان دژ بەمافە رەواكانی گەلی كورد بیری شۆڤێنیان هەیە، لە مەشدا حوكمڕانی ئیسلامی شیعە وەكو هێزێكی ناوچەكە هەژموونی بەسەر عێراقدا هەیە كە بەردەوام دژی بەرژەوەندی ئەو هێزانەیە كە دۆستن لەگەڵ كۆمەڵگەی پێشكەوتووی نێودەوڵەتی بەتایبەتی دۆستی وڵاتانی ئەوروپاو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هەربۆیە كۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو هێزانەی لایەنگری ئەو وڵاتەن ویستی ئەوەیان هەیە بەهاوشێوەی سوریاو باشووری لوبنان و یەمەن و هەژموونگەریی خۆیان بەسەر دۆخەكەدا زاڵ بكەن و ناوچەیەكی هیلالی تائیفەگەریی بۆ خۆیان دروست بكەن.
كورستانیەكانیش كە چەند نەتەوەو ئاین و ئاینزا لەكوردستاندا پێكدەهێنن ئەوەیان بەروونی بۆ دەركەوت كە تەنیا هێزو لایەنێك دەتوانێت مافی ئەوان بپارێزێت و بەرگرییان لێبكات و بەئازادانە مافە نەتەوەیی و ئاینیەكانیان پەیڕەو بكەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی هەرێمە ئەمەش لایەنی ئیجابییە بۆ ئێمەی كورد كە ناكرێت جارێكی دیكە ناوچەكانی كریستیان و كوردانی كاكەیی و ئێزیدی و شەبەك و توركمان لەدەشتی نەینەوا بلكێنرێنەوە بەو عێراقەی كۆمەڵكوژیانی كردووە، بەڵكو لەناو هەرێمی كوردستاندا ئەوانیش شێوازێكی فیدراڵی و خۆبەڕێوەبردنیان بۆ دابین بكرێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئاڵوگۆركردنی دەسەڵات لەنێوان دیموكراتەكان بۆ كۆمارییەكان، راستە ئەو وڵاتە سیستەمێكی ستراتیژی جێگیری هەیە كە گوزارشت لە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵاتەكەیان دەكات و گۆڕینی سەرۆك و حزبەكان كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە لەناو هێڵە گشتییەكاندا هەندێك سیاسەت گۆڕانكاری بەسەردا نایەت بەتایبەتی ئەگەربەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژ بەیەك نەبن، بۆ نموونە بەردەوامبوونی سیاسەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی یا پاڵپشتی و هاوكاری نەتەوەو ئایین و ئایینزاكانی دیكەی كوردستان یا پیادەكردنی دیموكراتی و رێزگرتن لەمافی مرۆڤ، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژایەتیكردنی تیرۆر و توندوتیژی لە پێشەوەی ستراتیژییەتەكانیانە دواتر بوارەكانی سیستەمی دیموكراتی و رێزگرتن لەكەمە نەتەوەو ئاینەكان و مافی مرۆڤ دێت، واڵاكردنی دەروازەكان بەرووی ئاوارەو پەناهەندەو لێقەوماوان و رێزگرتن لە ئاینەكان بەتایبەتی كریستیانەكان و كاكەیی و ئێزیدی و دووركەوتنەوە لە تۆڵەسەندنەوە دەرهەق بەعەرەبی سوننە ئەمانە خاڵی جوان و پۆزەتیڤن پێویستە زەق بكرێنەوەو پەرەیان پێبدرێت.
خاڵێكی دیكەی گرنگ مەسەلەی پەیوەندییەكانی سەركردایەتی كوردستان بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی یە لەگەڵ هەردوو لایەنی دیموكراتییەكان و كۆمارییەكان لەئەمەریكا بگرە لەگەڵ زۆربەی حزب و سەرۆك و سەركردایەتیەكانی هاوپەیمانەكان و تەنانەت وڵاتانی كەنداو و دەوروبەر بە توركیاو كۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە، ئەمەش دیبلۆماسیەتێكی سەركەوتووە كە هیچ كام لە سەركردەكانی دیكەی عێراقی نەیانتوانیوە بەو شێوە سەركەوتووە مامەڵە بكەن، چونكە كێشەی كورد كێشەیەكی نەتەوەییەو نابێت تێكەڵ بە بواری مەزهەبی و ئاینی بكرێت، بەڵكو بەئاراستەی مافە نەتەوەییەكانی كوردو كوردستانییەكان و مافە كەلتوورییەكان ببرێت، ئەوەتا كۆمارییەكان ڕاوبۆچوونیان بەرامبەر خەڵكی كوردستان و پێشمەرگەو سەرۆكەكەی باشە، ئەمەش خاڵێكی باشە بۆ گەیاندنی داواكارییەكانمان، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە 2003 ەوە بەپراكتیكی بۆ گەلی كوردستان دەركەوت كە سەرەڕای هەماهەنگییەكانی بەڕێزان جەنابی بارزانی و مام جەلال كەچی ئەوان رۆژ لە دوای رۆژ پێگەی كوردیان لە بەغدا لەق كردوو بەڕادەیەك لە سەردەمی مالیكی وایلێهات سوپای تائیفی عێراقیان بەرەو هەرێمی كوردستان جوڵاندوو گەمارۆیەكی ئابووری سەختیان بەسەر خەڵكی كوردستان سەپاند ئەمە ئاماژەیەكی ترسناك بوو ئەزموون و پەندو وانەیەكیشە بۆ قۆناغی داهاتوو كە عێراقێكی دیموكرات و فرە نەتەوە كە پێكهاتووە لە دوو پێكهاتەی سەرەكی عەرەب و كورد بوونی نەماوە ، هەروەكو چۆن متمانە لەنێوان كوردستان و عێراقدا نەماوە هەرواش لە داهاتوودا زەحمەتە بتوانرێت ئەو خاكەی كە بەخوێنی شەهید ئازادكراوەو گەڕایەوە باوەشی نیشتمان زەحمەتە لای ئەو تاقم و گروپ و هێزە تائیفیانە جێگای قبوڵكردن بێت، ئەوان پێشتر شێوازی فیدراڵیان پێ قبوڵ نەكرا ئێستا پێویستە بۆ ئەوەی متمانە بگەڕێتەوەو بارگرژی روونەدات پێویستە شێوازی دیكەی حوكمڕانی بدۆزینەوە ئایا نیمچە سەربەخۆیی بێت یا كۆنفیدراڵی بێت یا مامەڵەكردنی دوو دەوڵەتی جیا لەناو چوارچێوەی عێراقدا بێت گرنگ ئەوەیە نەگەڕێینەوە بۆ ئەزموونە تاڵەكانی رابردوو، چونكە بەهۆی لێكترازانی عەرەبی سوننەو شیعە و ئەو زیانە گەورەیەی بەر عەرەبی سوننە كەوتووە و لە ژمارەی كوژران و ئاوارەبوون و وێرانبوونی شارەكانیان مومكین نییە جارێكی دی ئەو عێراقەی پێشوو بەو شێوازەی جاران پۆلێن بكرێتەوە، چونكە عەرەبی سوننە باش دەزانن فێڵی مالیكی بوو داعش دروست بێت و دواتر واقیعەكە بەپێی خواستی مالیكی و لایەنگرانی بقۆزرێتەوەو ملیارەها دۆلار بدزرێت و سەدان گروپی تائیفی پڕ چەك بكرێت.
راستە ئێستا خودی سەرۆك وەزیران عەبادی تێگەیشتووترە لە مالیكی، بەڵام ئەویش لەژێر فشارو پاڵەپەستۆیەكی توندی مالیكی و حزبە تائیفی و هەژموونگەرییەكانی ئێراندایە، لەبەرامبەریش دا عەرەبی سوننە مافیانە بەو شێوازە حوكمڕانیەی شیعە رازی نابن ئالێرەدا هاوپەیمانەكان بەتایبەتی ئەمەریكا ناچار بگەڕێت بەدوای شێوازی نوێی حوكمڕانی كە هەموو ئاراستەكان بۆ سێ هەرێمی فیدراڵی دەچن بەتایبەتی لەناو ژمارەیەك لەناو هێزە شیعەكانیشدا وەكو لەبەسراو دەوروبەری دەبینرێت ، هەرچۆنێك بێت حوكمی مەركەزی عێراق بەسەرچوو لەمەشدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمەریكا پشتگیری ئەم بۆچوونە دەكات، كۆمارییەكان رازی نابن 5000 سەربازی وڵاتەكەیان كوژرابێت و ملیارەها دۆلاریان خەرج كردبێت كەچی بەو شێوەیە پشێوی و هەژموونگەرایی ئێران لەعێراقدا بوونی هەبێت و دیكتاتۆرێكی دیكە لەبری سەدام حوسێن بەشێوازێكی تائیفی و خراپتر حوكمی ئەم وڵاتە بكات تەنانەت وڵاتانی دیكە وەكو توركیاو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی كە سوننەن پاڵپشتی ئەو بۆچوونە دەكەن.
*مامۆستای زانكۆی سلێمانی