بزووتنەوەی گۆڕان خۆی رووت كردەوە

بزووتنەوەی گۆڕان  خۆی رووت كردەوە
كاتێك لەگەڵ برادەرانم یەكودوو دەبینین، دوای ئەحواڵ پرسین ئەو پرسیارەم لەكن ئاشنا بووە، كە: چی هەیە؟ بەڵام ئەمجارە برادەرێك بەو پرسیارە وەستاندمی، كە گوتی: چی ناخۆش هەیە؟ منیش بڕیارمدا ئەو چی ناخۆشەی بۆ باس بكەم، كە چۆن گۆڕان لە كۆنفڕانسی لەندەن خۆی رووتكردەوەو بەم كارەشی ئەندام و لایەنگران و تەواوی كۆمەڵگەی كوردستانی تووشی شۆك كرد، كە بۆ دەبێت بەرامبەر ئارامی و ئاسوودەیی كوردستان هێندە قین لەدڵ و رقئەستوور بێت.
(1)
بەهەر هۆكارێك بێت، لەساتەوەختێكی دیاریكراودا هەبوون ئومێدیان بە بزووتنەوەی گۆڕان بوو، ئەگەر دەسەڵات بگرێتەدەست «ژیانێكی باشتر» لەوەی ئێستایان بۆ فەراهەم دەكات. لە بەرامبەر ئەوەشدا هەبوون دەیانگوت: نابێ ئومێد لەسەر دروشمەكانی گۆڕان هەڵچنن، چونكە دواجار گۆڕانیش لەهەناوی كێشەو ململانێكانی كوردستان دروست بووەو بەشێكە لەهەڵەو كەموكوڕییەكان، با خۆیشی لێ بێبەری بكات. هەشبوون گرەویان لەسەر نەفەسكورتی و بێ بێنی گۆڕان دەكرد، كە لەدرێژەو مەودای ئەو ململانێیەدا دەمامكە ساختەكە فڕی دەدات و خۆی رووت دەكاتەوە، كە ئەو فریادڕەسە نییە و ناكرێ پشتی پێ ببەسترێ. كاتێك لە رێگەی گەمەكردن بە كەموكوڕییەكان و وەبەرهێنانی هەڵەكان بە قازانجی خۆی، دەرفەتی بۆ رەخسا ببێتە بەشێك لە هەردوو دەزگای یاسادانان و جێبەجێكردندا، بەڵام لەبەرئەوەی خاوەنی دروشمی بێ بەرنامە بوو، بە دروستكردنی كێشە كەوتە بادانەوەو پەلاماردانەوە. نەخاسمە كاتێك بەشێك لە دەنگدەران لێیان بادایەوەو نووسەرەكانیشی، ئەوانەی بەفریادڕەسیان دەزانی، لێی كەوتنە تەقە. لە ئەنجامدا میدیای گۆڕان، هەر چەندەكی میدیایەكی» پڕ هاوار» بێت، تازە دوای كەوتنی دەمامكە ساختەكە ناتوانێ شەقام بورووژێنێ و بەكاری بهێنێ. هەر ئەم بە قەناعەت گەیشتنەش بوو، وای لەگۆڕان كرد لەكۆنفڕانسی لەندەن بەتەواوی خۆی رووت بكاتەوە، چونكە ئومێد نەما میدیا پڕهاوارەكە «پیاوە نەخۆشەكە» جوان بكاتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە گەرمەی كێشەكانی نیشتمان بە پاساوی چارەسەری تەندروستی خۆی لە بەرپرسیارێتی دزییەوە.
(2)
سووكایەتیكردن بە رۆڵی پێشمەرگە، كە رۆژانە لەپێناو دیاریكردن و پاراستنی سنووری كوردستان قوربانی دەدات، بەمانای ئیفلاسبوونی سیاسیی گۆڕان دێت، چونكە پێشمەرگە نەك بەتەنێ جێگەی رێزی گەلی كوردستانە، بەڵكو بە قارەمانێتییەكانی بەرامبەر رێكخراوێكی توندڕۆی گۆی زەوی بووەتە هێزێكی كاراو ناسراوی جیهانیش، با «پێشمەرگە، پێشمەرگەی حزبیش» بێت، بەڵام بەتەنێ پارێزگاری لە ئەندام و كادیرانی حزبێكی دیاریكراو ناكات، بەڵكو بێ جیاوازی هەمووان دەپارێزێ. دیسان هەڕەشە ئاشكراكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە دەسەڵاتێك، كە بەدەنگی گەل هاتووە، كاتێك دەڵێ: «ئەم دەسەڵاتە ئیللا بە بی كەی سی و ئاڕ پێ جی دەڕوات»، یا داواكردنی دامەزراندنی دەزگای تیرۆركردن، كە دەڵێ: «كاكە گیان دە كەسی وەك من بنێرەوە، بەخوا كێت ئەوێ بۆتی دەكوژم»، پێشوازیكردنێكی گەرم لەم داواكارییە، یا لە دواداهێناندا رۆژنامەنووس و نووسەرە تەلقین دراوەكانی داواكردنی ئەنجامدانی «كودەتایە». ئایا جگە لە ئیفلاسبوون هیچ مانایەكی دیكەی هەیە؟ بۆیە بەو برادەرەم دەڵێم، دەبێ لەوە ناخۆشتر چی بێت، كە تێكدەری ئاسایش و ئاسوودەیی خەڵكی، خۆی وەك قوربانی نمایش بكات؟! بە مانایەكی دیكە قووڵایی قەیرانی بزووتنەوەی گۆڕان لەو جێگۆڕكێكردنە بەبەرنامەدایە، كە بە رێنوێنی و سەرپەرشتی خودی رێكخەرەوە لە میدیاكانەوە بانگەشەی بۆ دەكرێت.
(3)
خودی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەناخەوە هەست بە تێكشكان دەكات، چونكە ئەوەی بۆ درێژەدان بە تێكشانی كەسایەتی كورد لەدەستی هات، كردی. تەنانەت لەپێناو جوانكردنی پیاوە نەخۆشەكە، راگەیاندكارو نووسەران و پەرلەمانتارانی كردووە بە گوتەبێژی خەڵكی و لەبری ئەوان دەدوێن و قسەدەكەن، ئەوەتە بە زمانی گەنجی كوردستان دەڵێن: «هەزار خۆزگەم بە زەمانی سەدام» ئەمە بیركردنەوەو قسەی ئەو گەنجەی (نەوەی راپەڕین) نییە، چونكە نە سەدام دەناسێ، نە ئاگاشی لە تاوانەكانیەتی، بەڵكو قسەی ئەو سیاسەتمەدارە تێكشكاوانەیە، كە سەرباری سوودمەندبوونیان لەو ئازادی و سەقامگیرییەی لەكوردستان هەیە، بەڵام هەر خۆیان بە بچووك و كەم دەزانن بەرامبەر دوژمن. بۆیە داوا لە بوق لێدەرانیان دەكەن هێرشی ناڕەوا بكەنە سەر سەركردە خەباتگێرەكانی كورد، كە هەموو هەوڵیان تەفروتوناكردنی ئەو دیوارە دەروونییە بووە، كە دوژمنان لەبەردەم ویستی گەلی كوردستان هەڵیانچنیوە، واتە هەوڵ و خەباتیان گەیاندنی كوردستانە بەو ئاست و پێگەیەی كە پێویستە پێی بگات.
(4)
داننانی دەسەڵات بەهەڵەو كەموكوڕییەكانی بەو مانایە دێت، كە ئەو دەسەڵاتە بەجددی كار بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانی دەكات، نەك بە مانای ئیفلاسی سیاسی، وەك ئەوەی بوق لێدەرانی بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵكو توخمێكی گرینگی بەردەوامبوون و زیاتر بەرەو پێشبردنە. بە كورتی و بە پوختی دوای ئەوەی ئەو تێكشكاوانە بینییان كۆمەڵگەی كوردستانی كۆمەڵگەیەكی زیندووەو چاوی لەئایندە بڕیوەو دوای دروشمە ناكارەكانیان ناكەون. بۆیە رێكخەرەكەیان لەدواقۆناغی تەمەنیدا بەمەبەستی تۆڵەكردنەوە لەجەماوەر داوای بڵاوكردنەوەی تیرۆرو كودەتا و بێ رووتكردنی ئەو ئازادییە دەكات، كە بەخوێن وەدەستهاتووە. هەر لەم سۆنگەیەو سەردەرنەكردن لەبەرنامەی دیزاینكردنەوەی ناوچەكەو خۆ بەكەمزانی و لەناخەوە تێكشكانی بەرامبەر بێگانەوە، بەلایەوە نەنگییە هێزێكی كوردستان ببێتە ژمارەیەكی قورسی هاوكێشەكان، نەك ئەوەی بوق لێدەرانی پێی دەڵێن: «پاڵدانەوە لە ئامێزی هێزە ئیقلیمییەكان»!

Top