لەكوێ‌ تێكچوو چارەسەر لەوێیە

لەكوێ‌ تێكچوو چارەسەر لەوێیە
وەك دەزانرێت ئەمڕۆیەكی خراپی پەیوەندی نێوان هێزە سیاسیەكانی هەرێم دەرهاویشتەی سیاسەتی ناكاملی دوێنێی چەند سەركردەو هێزێكی سیاسی كوردستانە, كە بنەمای سیاسەتكردنی هێندە كورت بینانە بنیاد ناوە پێی وایە, بونیان بە نەبوونی ئەوەی دی وەدی دێت, بۆیە لەژێر هۆتافی باق‌و بریقی چەند لایەنێك‌و دەنگی لاوازی چەند لاكۆلانێك بەناوی رایی شەقام, كەوتنە شەڕێك كە پێشتربەشێك بوونە لە دۆڕاوانی شەڕی ئەم لایەنە.
تائێرە بۆ بزووتنەوەیەك كە كورت بینانە سیاسەتەكەی بنیاد نابێت بە ئاسایی دەبینم كەوتۆتە هەڵەیەكی وا زەق, بەڵام وەك دەبینرا هەمڕايي و هاندەری لایەنەكانی دیكە بۆیان گۆڕانیان ناچار بەوە كرد كە سوربێت لەسەر هەڵەكانی ‌و ئەمڕۆیی لێ‌ بەرهەمهات, تائێرە بەسیاسەتی دەبینم كە هێزێك بیەوێت شەڕی خۆی بە هێزێكی دیكە بكە, بەڵام لەم نێوەندەش لە لایەن خودی ئەو هێزانەوە تاوانێك دەرهەق بە وڵات دەبینم كە لە ئەنجامی دەست لە پشتدان‌و خۆخستنە سەر پارسەنگی گۆڕان ئەمڕۆیەكی خراپ دروست بوو.
ئەگەر لە هەلوێستی هەریەكە لە(یەكێتی- یەكگرتوو- كۆمەڵ) بڕوانین بە تایبەت دواهەمین قسەكانی بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی بەرێز (مەلابەختیار)و كەسی یەكەمی (كۆمەڵ و یەكگرتوو ) زۆر بەڕوونی دەر دەكەوێت و دانی پێدادەنێن كە هۆكاری تێكچوونی دۆخی هەرێم سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستانە و تەنها ئەو لێی بەرپرسە, چونكە ئامادەی ئەوەی تێدا نەبووە گوێ لە رای پێنج حزبی هەرێم و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكاو بەریتانیا بگرێت بۆ چارەسەكردنی كێشەكەیان بۆیە دۆخەكە بە ئەمڕۆی گەیشت.
هەركەسێك وتەكانی ئەم بەڕێزانەی بیستبێت دەبێت پرسیاری ئەوەی لا دروست بوو بێت, ئەرێ‌ كە یوسف موحەمەد هەڵەبوو چی دەبوو ئەگەر زووتر دانتان بەو راستیە بنابایە؟ ئەو هەموو كۆبوونەوەیە پێنج قۆلی‌و دوو قۆلیەتان لەچی ئەو هەموو تەرەفگیریەتان لەچی بۆچی كۆبوونەوەكانتان جۆرێك بوو تەنانەت بە (4+1) ناوتان دەبرد؟ ئەرێ‌ بە دەست لە پشتدانی تاوان بار چەندە لە تاوانەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئێوە؟ لەگەڵ ئەوەی دەبێت راستی وەڵامی ئەو پرسیارانە بە ئەرك وە ئەستۆ بگرن.
لە ئێستاشدا دووای دۆزینەوەی نەخۆشیەكەی وڵات چارەسەری ئەركی هەموو لایەكە دەبێت ئەوەش بزانرێت دۆخی ئێستای هەرێم لەكوێ‌ وە تێكچوو چارەسەرەكە لەوێ‌ بكەن.
Top