پەرلەمان چۆن كارا دەبێتەوە؟

پەرلەمان چۆن كارا دەبێتەوە؟
پرسیارێك جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان كە خۆی لە راستی بابەتەكە دەدزێتەوە, تەواوی كوردستانیان‌و گروپ‌و هێز و لایەنە سیاسیەكان وەڵامیان لادەست دەكەوێت‌و دەزانن چۆن كارا دەكرێتەوە, ئەگەر سەیری دۆخی سیاسی هەرێم بكەین لە ماوەی تێپەڕینی ساڵێك بەسەر لەكارلادانی بەرێز (یوسف موحەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان, دەبینین نا حالیبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و لاوازی ویستی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی ئاسایی كردنەوەی دۆخی پەرلەمان هۆكاری بە ئەمڕۆ گەیشتنی هەرێمە, جگە لەمەش پەیوەندی بە دوو هۆكاری ترەوە هەیە. كە وەك ستون‌وراگری وەستانی بزووتنەوەی گۆڕان چاویان لێدەكرێت.
لەوانە هۆكارێك پەیوەندی بە قۆناخی دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان هەیە, چونكە گۆڕان گەیشتۆتە ئەو بڕوایەیی كە چیتر ئەوە قبوڵ ناكرێت پەرلەمانێك كە شەرعیەتی لەگەڵ وەرگرتووە بكرێتەوە گۆرەپانی ململانێ و تەراتێنی سیاسەتی یەكتری شكاند‌و بێ بایەخ كردنی پیرۆزیەكانی وەڵات, بۆیە ناخوازێت هیچ هەنگاوێكی كردەیی بهاوێژێت بۆ تێپەڕكردنی ئەو دۆخە چەق بەستووەی كە هەیە. لە لایەكی تر روونە كە بزووتنەوەی گۆڕان لە ژینگەیەكی فەوزەوی لەدایك بووەو لەوێشەوە گەشە دەكات, بۆیە دەست درێژی كردنە سەر ئەمنیەتی شاروو شارۆچكەكان‌و هەڵكوتینە سەر بارەگاكانی لایەنە سیاسیەكان لە نێوانیشیدا پارتی‌و خوڵقاندنی كەشێكی نا ئارام بۆ ئیدامە دان بە سیاسەتی گێرە شێوێنی بزوتنەوەكەیان و دواجار خەوبینین بە دووبارە بوونەوەی پەشێویەكانی ساڵی رابردوو هۆكاری درێژەكێشانی دۆخەكە بوو.

پەرلەمان چۆن كارا دەكرێتەوە؟ زۆركات دەبیسترێت بە دانانی شوێنگرەوەی (د.یوسف موحەمەد) ئاسان دەتوانرێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە, بەڵام ئەوە دیوی دیارو یەكلابووەوەی سەر پێخستنەوەی پەرلەمانە, دیوەكەی تر كە زەروورەیتی زیاترە و دەبێت گۆڕان لێی حالی بكرێت ئەوەیە كە, سوك سەرنجدانی دام‌ودەزگا شەرعیەكانی وڵات‌و بچوككردنەوەی پانتای ئازادی سیاسی لە وڵات بە تایبەت لە سلێمانی‌و بەكارهێنانی سەرۆكی پەرلەمان بۆ گواستنەوەی نائارامی ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دی‌و بەكارهێنانی پەرلەمان بۆ ململانێی ناشەریفانەی سیاسی‌و كردنەوەی دەرگای دەست تێخستنی وڵاتان بۆ ناو هەرێم وەك پێشوتر خزمەت بە كاراكردنەوەی پەرلەمان ناكات, هەروەها بەكورتی بوونی نیەتی دووبارە بوونەوەی سەرۆكایەتیەكی هاوشێوەیی (د. یوسف) سەرپێخستنەوەی پەرلەمان دەكاتە ئەگەرێكی مەحاڵ.
بۆیە دوا چارەسەر پێداچونەوەیە بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لە داهاتوودا لەناو پەرلەمان, ئەزموونی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بوون‌و شانسی ئەوە بە گۆڕان دەدات چ وەك بزووتنەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت, چ لە ناو پەرلەمان خزمەت بەئەندام‌ و لایەنەگرانی بكات, بەدەر لەوە بێدەنگ بوون و هەر هەنگاوێكی دیكەی گۆڕان خزمەت بە كوردستان ناكات.
Top