بزووتنەوەی رزگاری نەخوازی کوردستان .
August 29, 2016
وتار و بیروڕا
بەداخەوە، هه رکاتێک بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان شەقاوێک چووبێتە پێش، ناحەزانی دەرەکی و نەزانانی ناوخۆیی پارچەیەکیان لە لەشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان جیاکردووەتهوە و لەژێر بڕ و بیانووی نەگونجاودا بەناوی خوێندەواریی خۆیان و نەخوێندەواریی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، بەناوی کۆیلە و مەسینە هەڵگربوونی ئازادیخوازان و ئازاد و سەر بەرزبوونی نەزانان و بەناوی نەزانین لە سیاسەتکردنی ئەمان و سیاسەتزانی خۆیان و.. هەر جارە بە بیانوویەک و لە کراسێکدا بزاڤی رزگاری نەخوازی لە کوردستاندا سەری هەڵداوە.کەسیش لێیانی نەپرسیوە ئەگەر بیانووەکانتان راستن و ئێوە باشترن کوا دەستکەوتەکانتان؟!!
تەنیا دەستکەوتی باڵی رزگاری نەخوازی لە کوردستاندا و باڵی لادەر لە تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا، بڵاوکردنەوەی رق و قین و زمانی ناشرین و جنێودان بەیەکتری و شکاندنی سیمبوڵەکان و گەورەکرنی دوژمن و ناشرین کردنی خەونەکانمان و نزم کردنی پرسی سەربەخۆیی تا ئاستی دوو مووچە بووە؟!!ئەگینا، بە حیسابی بڕو بیانوو و قسە و تیورییەکانی جەماعەتی زۆنی سەوز نیلی بووایە، دەبوایە سلێمانی و دەوروبەری ئێستا لە سویسڕا خۆشتر بوایە!! ئەگەر رزگاری نەخوازی باش بوایە، دەبێت سلێمانی هیچ کەموکوڕییەکی نەبێت نە لە رووی سیاسی و نە لە رووی کۆماڵایەتی و ئابووری و ئاسایشەوە.
کاتێک گەلی کوردستان بەڕێبه رایەتی بارزانی نەمر دەستی بەخۆ رێکخستنەوە کرد و دواتر شۆڕشی ئەیلولی مەزنی هەڵگیرساند، هیچ دەوڵەتێک پشتیوانی ئێمە نەبوو و تەنانەت زۆربەی یاساکانی نێودەوڵەتیش لە دژی ماف و داخوازی کوردستانیان بوون.نەک ٢٨دەوڵەت بەڵکو سەرجەمیان لە دژی بارزانی و بزووتنەوەکەمان بوون. زۆر سەیرە کاتێک هەموو دونیا دژی ماف و ئازادی ئێمە بوون، ئێمە شۆڕشمان کردووە، ئێستا کە زەمینە لەبارە و زۆر دەوڵەتی خاوەن دەسەڵات و بەهێز ئەگەر لەگەڵ ئێمەش نەبن، لە دژی ئێمەش نین. تازە بەتازە بیانوو بێنین بۆ ئەوەی ئاستی – داواکانمان نەبەینە سەرتر.
جارێ بابەتی نامە و مەزبەتەی بیست و هەشت (٢٨) دەوڵەت و چیرۆکی راوەستانیان لە دژی سەربەخویى کوردستان هیچ بنەمایەکی نییە و زادەی خەیاڵە ئەگینا با بفەرموون ئەو نامانە بڵاوبکەنەوە، بەڵام گریمان راستیش بێت، خۆ وەک باسم کرد لە ساڵانی هەشتا و پێشتریش هەر هەموو وڵاتانی دونیا، بە کۆمۆنیست و سەرمایەدارەوە، دژی شۆڕشی ئێمە بوون ئەوانەی دەڵێن نامانەوێت دوڵەتێکی وەک سۆماڵ دروستبکەین، ئەوانەی دەڵێن سوپا و ئابووری و پەروەردە و. تاد.
یەکگرتوونین و ئامادە نین بۆ دەوڵەت، ئەوانەی دەڵێن دەوڵەتی نەتەوەیی عەیبە، ئەوانەی دەڵێن بیست و هەشت دوڵەت دژی سەربەخۆیین. ئەوانەی لە هەڕەشەی دەر و جیران دەترسن و دەمانترسێنن، ئەوانە هەموو لەوەتای هەن لەبەرەی بزووتنەوە رزگاری نەخوازی کوردستانن، هزر و بیریشمان قەت هەڵێنجاوی جڤاکی کوردستان نەبووە و نابێت گەلی کوردستان و ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان گرنگیان پێ بدات.