هیچ گه‌لێك له‌ ده‌وڵه‌تبووندا زه‌ره‌ری نه‌كردووه‌

هیچ گه‌لێك له‌ ده‌وڵه‌تبووندا زه‌ره‌ری نه‌كردووه‌
له‌كاتێكدا له‌ هه‌ر سێ ئاستی ناوخۆ، ئیقلیمی و ده‌ره‌كیه‌وه‌، پرسی پێكهێنان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان باسوخواسێكی گه‌رمه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی كوردستانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ست تێكه‌ڵاوی پرسگه‌لێك ده‌كرێ و هه‌ڵوێستێكی روون به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسه‌ نابیندرێ، كه‌ راستییه‌كه‌ی‌ رێگه‌ له‌خۆ هه‌ورازتر و ركتركردن به‌ولاوه‌ هیچی مانایه‌كی دیكه‌ی‌ نییه‌.
گه‌لی كوردستان له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی سنووری جوگرافیا، هاوبه‌شی سیاسی، سه‌ربازی و ئابوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆربه‌ی رێگاكانی تاقیكردۆته‌وه، به‌ڵام بێ ئه‌نجام ‌بوونه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ تاقی بكاته‌وه‌ پرسی جودابوونه‌وه‌یه‌، كه‌ مافێكی ره‌وای خۆیه‌تی.
كاتێك به‌ره‌ی (هه‌ڵوێست‌ ناروونه‌كان)‌ بۆچوونی خۆیان به‌ شه‌ته‌كدان به‌ هه‌ندێ بیانووه‌ ده‌خه‌نه‌‌ڕوو، تێده‌گه‌ی نایانه‌وێ گه‌لی كوردستان به‌م كۆتاییه‌ بگات، كه‌ كۆتایش نییه‌، به‌ڵكو له‌دوای ئه‌مه‌وه‌ كاركردنی راسته‌قینه‌ ده‌ست پێده‌كات. له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ، كه‌ وه‌ك گه‌لێك سه‌ربه‌خۆ نه‌بیت، ده‌ست و ویسته‌كانیشت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و گه‌شه‌پێدانی زیاتر كراوه‌ نابێت، واته‌ به‌رده‌وام مه‌حكومی جێبه‌جێكردنی ویست و نیاز و ئیملای خه‌ڵكی دیكه‌ی‌.
له‌م پرسه‌دا،گه‌لێك، كه‌ له‌ پراكتیزه‌كردنی مافه‌كانیدا دواكه‌وتووه‌، نابێ هیچ بیانوویه‌ك قابیلی قبوڵ و جێی مشتومڕ بێت‌. له‌به‌ر یه‌ك هۆی ساده‌ی زه‌ق: له‌ مێژووی دامه‌زراندن و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تدا، هیچ ده‌وڵه‌تێك به‌ كامل موكه‌مه‌لیه‌وه‌ دانه‌مه‌زراوه‌، به‌ڵكو له‌ درێژه‌ی پرۆسێسه‌كه‌دا به‌پێی راستییه‌ جوگرافی و مێژوویی و توانا مادی و به‌شه‌ریه‌كان و پێویستیه‌كانیه‌وه‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی ته‌واو كردووه‌.
به‌ مانایه‌كی دیكه‌، دوای تاقیكردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی رێگاكان، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تۆ(گه‌لی كوردستان) خۆت وه‌ك ده‌وڵه‌ت بناسێنی بۆئه‌وه‌ی ده‌ستكراوه‌ بیت بۆ چاره‌سه‌ركردنیان.
وه‌ك راستیه‌كیش، ده‌وڵه‌ت ناتوانێ هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵكو هێزێكی سه‌ربار ده‌دات و كارئاسانی زیاتر ده‌كات بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنیان. بۆیه‌ ناكرێ گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێ، كه‌ ئایا ده‌وڵه‌ت چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كات یا ناكات؟ چونكه‌ گره‌وێكی راست نییه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا پرسیارێكی جێ گومانه‌.
واته‌ ئه‌م پرسیاره‌ نه‌ ئه‌ركی لایه‌نه‌كانه‌ نه‌ ئه‌ركی راگه‌یاندنه‌، له‌به‌ر یه‌ك راستیی زۆر زه‌ق، كه‌ پێویسته‌ له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا( هه‌مووان) ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بێت، هیچ گه‌لێك له‌ ده‌وڵه‌تبووندا زیانی نه‌كردووه‌ و په‌شیمان نه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵكو له‌پێناو باشتركردنی ژیان و گوزه‌ران و پاراستنی هاووڵاتیانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یدا سه‌ربه‌ست ده‌بێت له‌ دامه‌زراندنی هاوپه‌یمانی و رێككه‌وتنی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دیكه‌دا‌. به‌و مانایه‌ی‌ كاتێك گه‌لێك سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست ده‌هێنێ و ده‌بێته‌ خاوه‌نی ئیراده‌كان، كێشه‌كان له‌ كورترین رێگا و ئاسانتر چاره‌سه‌ر ده‌بن له‌وه‌ی به‌شێك بێت له‌ ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌، نه‌خاسمه‌‌ ئه‌زمونێكی دورودرێژیشی له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت.
Top