مێژووی سلێمانی پێمان دەڵێت هەردەم خەبات لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستاندا بووە

مێژووی سلێمانی پێمان دەڵێت هەردەم خەبات لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستاندا بووە
هەر توێژەرێكی بەویژدان ئەگەر بە مێژووی خەباتی خەڵكی سلێمانی و دەوروبەرەكەیدا بچێتەوە، تەنیا دەگاتە ئەو راستییەی كە خەباتی بێ وچانی دانیشتووان و كەسایەتیی سیاسی و زانستی و رۆشنبیری و میرانی بابان و شێخ مەحموودی حەفید-ی مەلیكی كوردستان، لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستان و سەرفرازیدا بووە. هەر ئەو مێژووە پێمان دەڵێت: میرانی بابان كاتێك بەر لە دوو سەدە و زیاتر شاری سلێمانیان دامەزراند و وەكو پایتەختی میرنشینەكەیان دەستنیشانیانكرد، یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی ئەم دامەزراندن و گواستنەوەی پایتەختە لە قەڵاچۆلانەوە بۆ سلێمانی، ئەوە بووە كە خۆیان لە قەڵەمڕەویی دەسەڵاتدارێتی ئەوسای ئێران دووربخەنەوە، تاوەكو زیاتر و سەربەخۆتر بتوانن كاروباری حكومەتەكەی خۆیان بەڕی بكەن و خۆیان لە گێچەڵی ئەو ئێرانییانە وەدوور بگرن، ئەمەش تەواو بە مانای ئەوە دێ كە بیری سەربەخۆیی هەر زوو لە لای میرانی بابان و دامەزرێنەرانی سلێمانی چەكەرەی كردووە، كە ئەو دەمانە ئەوان فەرمانڕەوای ناوچەیەكی بەرفراوان بوون لە هەموو دەڤەرەكانی سلێمانی و دەوروبەری كە ئەو دەمانە بریتی بوون لە شارەزوور، شارباژێڕ، هەڵەبجە، هەورامان، گەرمیان، پشدەر و بیتوێن و كۆیە، تا دەگاتە رواندز لە هەندێك كاتیاندا، دیارە ئەمە بۆ خۆی سەرەتایەكی گرنگە بۆ ئەوەی لەوە بگەین كە هاونیشتمانیانی شارە حەیاتەكە و دەوروبەری بۆچی هەردەم عاشقی سەربەخۆیی كوردستان بەگشتی و باشووری كوردستان بوون و بە موو لەو ئامانجە پیرۆزە لایان نەداوە، هەر لێرەشەوە بۆمان دەردەكەوێت كە خەڵكی سلێمانی دوای رووخانی میرنشینی بابان هەردەم بە تەواوەتی و بێ گرفت ملیان بە دەوڵەتی عوسمانی توركیش نەداوە و هەمیشە لە ململانێی سەختدا بوون لەگەڵیدا و بەربەرەكانێی توندیان كردووە. هەردوو چامەكەی شاعیرانی مەزنی كورد و سلێمانی زادە، حەزرەتی نالی و كوردی، دەربڕی ناخی خەڵكی سلێمانین.
سەبارەت بە بیری سەربەخۆیی و ناڕازیبوون بە حوكمی بیانی لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێكدا بووبێت، هەر ئەو مێژووی پەروەردەیە بوو كە وایكرد جارێكی دیكە و بەشێوازێكی نوێتر بیری سەربەخۆیی لە هەناوی شێخ مەحمودی حەفید-دا چەكەرەی كردەوە، ئەوە بوو ئەو پیاوە مەزنەی نەوەی شێخ مارفی نۆدێی و حاجی كاكە ئەحمەدی شێخ كە بە رەچەڵەك و بنەماڵە پێگەیەكی باڵای ئایینی و كۆمەڵایەتییان لە كوردستاندا هەیە، جارێكی دی رابەرایەتی خەڵكی كوردستانی خستەوە ئەستۆ و لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستاندا راسان و شۆڕشی بەرپا كردەوە و بە رووی داگیركەرانی كوردستاندا وەستایەوە. ئەو زاتە لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستاندا بە رووی گەورەترین داگیركەردا راچەنی كە زۆربەی گەلانی دنیا ملیان بۆ نەوی كردبوو، ئەویش كۆلۆنیالی ئینگلیز بوو. دواتر ئەوە بوو كە شێخ مەحمود لە ساڵی 1919 سەربەخۆیی بۆ ناوچەكانی بندەستی خۆی راگەیاند و وەكو مەلیكی كوردستان خۆی بە خەڵكی ناساند و كابینەی حكومەتی راگەیاند، ئەمانە و هەموو شۆڕشەكانی شێخ مەحمود و رووبەڕووبوونەوەكانی بەرامبەر حوكمڕانانی ئەوسای ئینگلیز و حوكمی پاشایەتیی عێراق سەلمێنەری ئەوەن كە دانیشتووانی سلێمانی و دەوروبەری و رابەرانی خەڵكەكەی هەردەم بیری سەربەخۆیی لە ناخ و هەناویاندا بزر نەبووە، هەر وەكو نموونەیەكی زیندووش لە ساڵی 1932 دا كاتێك راپەڕینی بەر دەركی سەرای سلێمانی لەلایەن خەڵكی سڤیلی بێ چەكی ئەم شارە قوربانیدەرەوە ئەنجام درا و نزیكەی بیست شەهید و دەیان برینداری لێكەوتەوە، لەو راپەڕینەدا كە بە (شەڕی بەر دەركی سەرای سلێمانی) ناوبانگی دەركردووە، ئەویش بە هەمان شێوە لە پێناوی وەدیهێنانی سەربەخۆییدا بووە بۆ باشووری كوردستان، چونكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوسای ناسراو بە (عصبە الامم) و حكومەتی پاشایەتی عێراق هیچكام لە بەڵێنەكانی خۆیان كە دابوویان لە كۆنگرەی سیڤەردا سەبارەت بە سەربەخۆیی باشووری كوردستان كە ئەو كات بە (ویلایەتی موصل) دەناسرا، نەهێنایەدی و دواجاریش هەر لە سۆنگەی ئەو راپەڕینەوە شێخ مەحمود لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لە پیرانەوە خۆی كۆكردەوە و جارێكی تر بە هێزێكی زۆری پێشمەرگە و چەكدارەوە لەگەڵ بەشێكی زۆر لە سەرۆك خێڵەكان بەرەو باشوور هاتەوە و سەر لە نوێ شۆڕشی بەرپا كردەوە و خۆی هاوكارەكانی یاداشتێكیان دایە ئینگلیزەكان و حوكمڕانانی پاشایەتی عێراق كە بەندە گرنگەكانی ئەو یاداشتە بریتیبوون لە:
1. دامەزراندنی وڵاتێكی كوردی لە زاخۆوە تا پشتی خانەقین و هیچ عەرەبێك (نە سەرباز نە سڤیل) لەم شوێنانەدا نەمێنن.
2. ئەم ناوچەیە واتە: كوردستان لە ژێر چاودێری حكومەتی بەریتانیادا بێت تاوەكو كۆمەڵی ئەقوام (عصبە الامم) بڕیارێكی لەسەر دەدات.
3. ئازادكردنی ئەو كەسانەی بە هۆی شەڕی بەر دەركی سەراوە گیراون و دوور خراونەتەوە، بگەڕێندرێنەوە شوێنی خۆیان.
4. هەر ئەفسەر و فەرمانبەرێكی كورد لە وڵاتی عەرەبستاندا هەیە بنێردرێتەوە بۆ كوردستان .
ئەگەر جارێكی دی بە وردی چاو بە مێژووی شاری هەڵمەت و قوربانی و هەموو دەڤەرەكانیدا بخشێنینەوە، ئەوە دەبینین كە خەڵكی سلێمانی باشترین پشتیوانییان لە كۆماری كوردستانی سەربەخۆ لە مەهاباد كردووە و هەردەم راستەوخۆ پێوەندیی بەهێز هەبووە لە نێوان كەسایەتییە سیاسی و نیشتمانپەروەرەكانی سلێمانی و كارەكتەرەكانی حوكمڕانی لە كۆماری كوردستاندا. هەر دەرنجامی ئەو پێوەندییانە و هەژموونی كۆمار بوو، كە بۆ یەكەم جار لە شارە حەیاتەكە یەكگرتنی هەردوو حیزبی هیوا و رزگاری و گروپەكانی تر رویدا و بۆ یەكەم جار پارتی دیموكراتی كورد راگەیەندرا، وەكو پارتێكی ناسیۆنالیستی كوردی كە خەبات بكات لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستاندا، و هاوكات سەرانی ئەم پارتە سیاسییە نوێیە دیسانەوە هەر لەسلێمانییەوە بارزانیی نەمریان وەكو سەرۆكی پارتەكە راگەیاند. لێرەوە جێگەی خۆیەتی باسی ئەوەش بكرێت رۆژانێك كە مەلا مستەفای بارزانی لە سەرەتای چلەكانی سەدەی رابردوودا لەم شارە دەستبەسەر و دوورخراوە، كەسایەتی و دانیشتووانی سلێمانی هەردەم خۆشەویستییان بۆ ئەو نیشان داوە و هاوكاریی بارزانی و هاوڕێكانیان كردووە و پێوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵیاندا بەستووە، هەر ئەوانیش بوون هاریكاریان كرد بۆ دەربازبوون لە دەستبەسەری و دەستپێكردنەوەی شۆڕش لە دەڤەری بارزان، هەر ئەو پێوەندییە گەرمە و خۆشەویستییەی كە بۆ بارزانی هەیانبوو، وای لە خەڵكی كوردپەروەری ئەم شارە كردبوو كە لە سەردەمی حوكمڕانی یەكەمی بەعس و تاوانباری گەورە زەعیم سدیق-ی گۆڕبەگۆڕ و كوشتار و رەشبگرییەكانی ئەو دڕندەیەدا، خەڵكی شەرەفمەندی سلێمانی لە ژێر هیچ ئەشكەنجە و ئازارێكدا ئامادە نەبوون بچووكترین سووكایەتی بە بارزانی بكەن، تەنانەت هەندێكیان مردنیان هەڵبژارد و نەیانهێشت دوژمنە دڵڕەقەكان هەست بەچێژی خۆشی سووكایەتیكردن بە بارزانی بكەن، كە ئەو كات سەركردە و سومبولی خۆڕاگری و بەرخودانی نەتەوەی كورد بوو.
نموونەیەكی زیندووتری عەشقی سەربەخۆیی لەلای خەڵكی سلێمانی ئەوە بوو كاتێك باڵی مەكتەبی سیاسیی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان بە لاڕێدا رۆیشتن و لە ئامانجەكانی دروستبونی پارتەكەیان لایان دا –لە نیوەی دووەمی شەستەكانی سەدەی رابردوودا- خەڵكی سلێمانی بە تەواوەتی پشتیان لەو باڵە كرد، راستیی پشتتێكردنەكەش بە باشی لە 11ی ئازاری 1970دا دەركەوت كە هەر بە دەرچوونی بەیانەكە تێكڕا خەڵكی شار و دەوروبەری بە تانە و تەشەر لەو باڵە رژانە سەر شەقام و كۆڵانەكان.
بە درێژایی حوكمڕانی حزبی بەعسی گوڕبەگۆر و سەدامی دیكتاتۆری لەناوچوو سلێمانی زیاد لە شارەكانی دیكەی كوردستان نموونەی بەرخۆدان و رووبەڕووبوونەوەی ستەمی دیكتاتۆری بووە، تەنانەت بەعسییەكان ناویان لێنابوو «شارە سەختەكە» و پیلانیان داڕشتبوو لە نزیكترین دەرەفەتدا لەسەر نەخشە بیسڕنەوەو خەڵكەكەی بەش بەش و پەرتەوازە بكەن. ئەوكات خەڵكی ئەم شارە هەردەم سەرقافڵەی پێشمەرگایەتی بوون لە هەر دوو شۆڕشی گوڵان و شۆڕی نۆیدا لە نێو هەر دوو حزبی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبە شۆڕشگێڕەكانی دیكەدا، قوربانی و شەهیدی ئەم شارە چ لە پێشمەرگایەتی و چ لە زیندانەكانی داگیركەراندا سەرقافڵەی زیندانی و شەهیدانی كوردستان بوون. كەواتە ئەمانەی باسكران كە بۆ خۆیان مشتێكن لە خەروارێك ئەوە بە باشی رووندەكاتەوە كە خەڵكی سلێمانی هەموو ئەو دەڤەرانەی لەسەر سلێمانی هەژمار دەكرێن، لە پێناوی سەربەخۆییدا ژیلەمۆی شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی خەڵكی بەشەرەفی كوردستان بوون و هەرواش دەمێنن، بۆیە هیچ كەس و هێز و لایەنێكی سەر گۆڕەپانی خەباتی كوردایەتی مافی ئەوەی نییە، بە ناوی ئەوانەوە پرسی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان رەتبكاتەوە. لەهەمان كاتدا خەڵكی ئەم شارە و هەموو دەڤەرەكانی دەوروبەری بایی ئەوەندە خەبات و خوێنیان داوە كە ببێتە مایەی سەربەخۆیی سەرتاسەری كوردستان، نەك تەنیا باشووری كوردستان. ئەمە چ جای ئەوەی تێكڕای خەڵكی كوردستانیش هەر دەڤەر و بە قەدەر خۆی و زیاتریش لە خەبات و قوربانیدان درێغییان نەكردووە.
بۆیە جێی خۆیەتی هەموو هێز و لایەنەكان ئەوە بزانن كە بەم هەموو خەبات و قوربانییە زۆر و زەوەندەیەی خەڵكی سلێمانی و دەوروبەری پێشكەش بە كوردستانیان كردووە، لەهیچ كەس و هێزو لایەنێك قبووڵ ناكەن بە ناوی ئەوانەوە سازش لەسەر مافە سروشتییەكانی خەڵك و خاكی كوردستان بكرێت، یان سنوور بخرێتە نیوان پارێزگا و شارەكانی باشوورەوە. مێژووی ئەم شارە هەردەم ئەوەی سەلماندووە كە پشتگیری لە هەر كەس و لایەنیك دەكەن، تاوەكو ئەو جێیەی مافە سروشتی و نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان پارێزراو بێت، هاوكاتیش پشت دەكەنە هەر كەس و هێز و لایەنێك كە بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە بجووڵێتەوە و خواستە نەتەوەیی و میللییەكانی خەڵكی كوردستان لە بیر بكات. بۆیە بە بێ دوودڵی سلێمانی و دانیشتووانەكەی هەردەم پارێزەری بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستانی باشوور و هەموو كوردستانن.
*مامۆستای زانكۆی سلێمانی
Top