مالیكیتان لێدیارە!!
July 19, 2016
وتار و بیروڕا
رەنگە هاتنی هەر سیاسیەكی عەرەب بۆ سلێمانی لە ئێستادا وەك نوری مالیكی پرسیار گەورە لەدوای خۆیدا بەجێ نەهێلێت, بۆ پارتە كوردیەكانیش هەرجۆرە پێشوازیەكی میوان رەنگە وەك پێشوازیەكەی مالیكی نەبێتـە جێی هەلەوەستە لەسەر كردنو پرسیار. بـــۆ؟
چونكە, كەسێك دەستی هەبێت لە بڕینی قوتی خەلكی كورد, دەستی هەبێت لە تێكدانو ئالۆزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمو بەغدا, كەسێك لە بەرامبەر كورد ئامادەبێت هێندە بە ئاسانی وشەی (دم بالدم) خوێن بەرامبەرخوێنی بێـتە سەرزار, كەسێك بە بچوكترین وشەش سەربەخۆی بۆ كورد بەڕەوا نەبینێت, دواجار كەسێك بەهۆكاری تێكچوونی باری تەندروستی مام جەڵاڵ بزانرێت.
دەبێت ببێتە جێی پرسیار كە بۆچی بەتەنها دێتە سلێمانی بەدیاری كراوی؟ وە چۆن جورئەتدەكات؟ ئێمە با لەوە گەڕێین كە ئەو دەلێت بۆ سەردانی مام جەڵال هاتوومو شۆڕش حاجیش دەلێت (رد الزیارە) یە.
هاتنی مالیكی بەدیاری كراوی بۆ سلێمانی پەیوەندی بەوە هەیە كە مالیكی پێشوترلەوە تێگەیشتووە كە سلێمانی لە ژێر هەژموونی سیاسیە نیلیو سەوزەكان لەگەڵ رێزم دەنگە بوێرەكانی خەسێندراونو كەس ناهێنە گۆ دژ بەكەسێك دەستی لە بڕینی قوتی خەلكی هەبێت, زانیویەتی لێی قبولدەكرێت, وە پشتراست بووە لەوەی كەس پێی نالێت"موچەمان جوانە...."
یان ئەوەتا هاتنی مالیكی بۆ سلیمانی پەیوەندی بەو تێگەیشتنەوە هەیە كە دەڵێت بەهاوكاری ئاشكرای حزبەكانی سلێمانی مالكی بەو سەردانەی ویستی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان لاتەریك بكات, ئیدی لەمەو دوا بیكاتە سەنتەری رووبەرووبونەوەی پرسی سەربەخۆیو دواهاتی كوردستانێكی ئازاد, كە چەند نیشانەیەك لە سەردانەكە هاوكاری وەڕاستگەڕانەی ئەو تێگەیشتنەن, وە بینیمان ژینگەی سەوزونیلی تا ئاستێكی زۆر لەبار بوو بۆئەمە.
لەكۆتایدا دەستگوشینی مالیكیو بە دوای دا راكردنی پێمان دەلێت یەكێتیەكان خەونی بە پاشدا گەڕانەوە دەبینین وە دەری خست كە یەكێـتی لەگەڵ دروشمەكانی سەربەخۆی كوردستانو خەباتی رزگاری خوازی كورد راست نین كە سەدان رۆلەی وڵاتیان لە پێناو بە كوشتدا, بۆ گۆڕانیش قسەمان لەسەری نیە, چونكە بۆئەوە دروست بوون كە ئیمڕۆ لێمان بینین.