دوو باڵه‌كه‌ی ناو پارتی

دوو باڵه‌كه‌ی ناو پارتی
پیاوه‌ بچوكه‌كان به‌رده‌وام خۆیان به‌ گه‌وره‌ ده‌بینن و خه‌یاڵی گه‌وره‌ش ده‌كه‌ن، خه‌یاڵیك كه‌ ده‌یانگه‌یه‌نێته‌ لوتكه‌ی ئاواته‌كانیان و ترۆپكی مه‌ستبوون، كورته‌بنه‌ سیاسیه‌كانیش نه‌خشه‌ بۆ پرۆژه‌یه‌ك ده‌كێشن كه‌ له‌ ئه‌قڵ و هێز و توانای ئه‌وان به‌ده‌ره‌ و خۆزگه‌كانیان به‌ محاڵ ده‌سپێرن، نه‌یارانی پارتی و ئه‌وانه‌ی هۆگری دژایه‌تی خانه‌واده‌ی بارزانی نه‌مر كراون، له‌و بچوك و كورته‌بنه‌ سیاسیانه‌ن كه‌ دوای بێ ئومێد بوون له‌ ده‌یان پرۆژه‌ی ئاژاوه‌گێڕی و تاقی كردنه‌وه‌ی زینجیره‌یه‌ك پیلانی شكستخواردوو،هێشتا په‌ندیان له‌ شكسته‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه‌ و ده‌یانه‌وێ جارێكیتر له‌ خه‌ڵوه‌تگای خه‌یاڵه‌وه‌ ئامانجكانیان به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌تا دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستیان له‌ بنی هه‌نبانه‌ی ئاژاوه‌گێڕی و پیلانسازی ده‌رچووه‌، خۆزگه‌كانیان به‌ محاڵ ده‌سپێرن و حه‌ز و خولیای سه‌كه‌وتن و گه‌یشتن به‌ ئاواته‌كانیان له‌سه‌ر خه‌یاڵی ناكۆكی و بوونی دوو باڵی ناو پارتی هه‌ڵده‌چنن
نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری چیرۆكه‌ خه‌یاڵئامێزه‌كه كه‌ نه‌یاره‌ شكستخواردووه‌كانی پارتین، چرۆكه‌كه‌یان به‌م شێوه‌یه‌ به‌سه‌ر زنجیره‌یه‌ك رووداوی یه‌ك له‌ دوای یه‌كدا دابه‌ش كردووه‌.
پارتی دوو باڵه‌..
باڵی نێچیرڤان بارزانی و باڵی مه‌سرور بارزانی..
دوای سه‌رۆك بارزانی ئه‌و دوو باڵه‌ پارتی به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن..
ئه‌و دابه‌شكاریه‌ پارتی لاواز ده‌كات..
دوا به‌شی چیرۆكه‌كه‌یان وا هێناوه‌ كه‌ دابه‌شكاریه‌كه‌ پارتی به‌ شێوه‌یه‌ك لاواز ده‌كات توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاژاوه‌گێڕی و پیلانه‌كانی ئه‌وانی نامێنێت، ئه‌وكات به‌و حه‌ز و خولیایه‌ ده‌گه‌ن كه‌ زه‌مه‌نێكه‌ كاری بۆ ده‌كه‌ن و حه‌سره‌تی له‌ دوا هه‌ڵده‌كێشن.
به‌رزی تای خه‌یاڵی سیاسی نووسه‌ر گه‌یشتۆته‌ ئاستی وڕێنه‌ كردن و هۆگر بوون به‌ داهاتوو و له‌بیر كردنی مێژوو، ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌یان له‌بیر خۆیان بردۆته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك و له‌به‌رده‌م راگه‌یاندنه‌كان گوتی: كوڕی من و كوڕی ئیدریس وا په‌روه‌رده‌ نه‌كراون ته‌قه‌ له‌ كوڕی ئیدریس بكرێ و كوڕی من خۆی به‌به‌ر نه‌دا، یان ته‌قه‌ له‌ كوڕی ئیدریس بكرێ و كوڕی من خۆی نه‌داته‌ به‌ر، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌زموون و شكست و سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌ گشتی و رێبازی بارزانی نه‌مر به‌ تایبه‌تی، هه‌موو نێچیرڤان و مه‌سرور بارزانیه‌كانی فێر كردوون كه‌ سه‌ركه‌وتن له‌ هێز دایه‌ و هێزیش له‌ پاراستنی یه‌كێتی و ته‌بایی و برایه‌تی دایه‌، بۆیه‌ ناكرێ هیچ كامێك له‌ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی، یان نێچیرڤان بارزانی مه‌سرور بارزانیه‌كانی تریش نه‌خشه‌ بۆ شكستی خۆیان و سه‌ركه‌وتنی نه‌یار و دوژمنه‌كانیان بكێشن.
خه‌یاڵباز و مه‌ستبووه‌كان بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و رێز گرتنی یه‌كتری ناو ماڵباتی بارزانی نه‌مر، حه‌ز و خولیای سیاسی خۆیان ده‌كه‌ن به‌ بیرۆكه‌ی نووسینی چیرۆكی دوو باڵی ناو پارتی، ‌من له‌ رووی به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌م به‌ ئه‌قڵی مودمین بووی ئه‌وان و په‌رۆشیم بۆیان پێان ده‌ڵێم: كه‌س به‌ خه‌یاڵ نه‌بووه‌ به‌ ماڵ، ئێوه‌ش به‌و چیرۆكه‌ی داتان رشتووه ناگه‌ن به‌ هیچ، هه‌ر وه‌ك ئاژاوه‌گێڕی و پیلانه‌كانتان له‌ رابردوودا نه‌یان ده‌یاندن به‌ هیچ.‌
ئه‌وه‌ی له‌و‌ چیرۆكه‌ درووستكراو و خه‌یاڵاویه‌دا ده‌خوێنرێته‌وه‌، به‌رده‌وام بوونی نووسه‌ره‌ له‌سه‌ر ئه‌و نێته‌ خراپ و شه‌ڕانگێزیه‌ی كه‌ له‌ رابردوودا تووشی خه‌تا و خیانه‌تی نیشتیمانیشی كردووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ خه‌ڵكی كوردستان و حزب و لایه‌نه‌ كوردپه‌روه‌ر و نیشتیمانیه‌كان ده‌خوازێ، پێش به‌و نێته‌ خراپه‌كاره‌ بگرن و رێگه‌ نه‌ده‌ن خراپه‌كاران وه‌ك رابردوو سواری پشتی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ببنه‌وه‌ و، جارێكیتر لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی تاڵی ناوه‌ڕاست و كۆتاكانی ساڵانی شه‌ستی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ به‌رگی تر و به‌ ناوی تر هه‌ڵده‌نه‌وه‌.
Top