كوده‌تاكه‌ی 23ی حوزه‌یرانی ساڵی رابردوو درێژه‌ی هه‌یه‌

كوده‌تاكه‌ی 23ی حوزه‌یرانی ساڵی رابردوو درێژه‌ی هه‌یه‌
دوای ئه‌وه‌ی كوده‌تاكه‌ی 23ی حوزه‌یرانی ساڵی رابردوو له‌ قۆناغی دووه‌م و له‌ 19ی ئابی هه‌مان ساڵدا شكستی پێهێنرا، كوده‌تاچیه‌كان بۆ سه‌ركه‌وتنی كوده‌تاكه‌یان و گه‌یشتن به‌ مه‌رامی كوده‌تاخوازیان، قۆناغی سێیه‌می كوده‌تاكه‌یان گواسته‌وه‌ سه‌ر شه‌قام و له‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی كوده‌تاچیه‌كان لێی باڵاده‌ست بوون، په‌لاماری بنكه‌ و باره‌گاكانی حزبی كوده‌تا لێكراو درا، حزبی كوده‌تا لێكراویش بۆ به‌رگری كردن له‌ به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ریه‌ مێژووییه‌كان و شكست پێهێنانی كوده‌تاكه‌ و له‌ گۆڕنانی خه‌ونی كوده‌تاچیه‌كان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و رێگه‌ گرتن له‌ تێكدانی ئارامی و ئاسایشی خه‌ڵكی كوردستان، سه‌رۆكی به‌ناو په‌رله‌مان و له‌ راستیدا كاراكته‌ری به‌كارهێنراوی كوده‌تاكه‌یان له‌ هه‌ولێری پایته‌خت وه‌ده‌رنا،
كوده‌تاچیه‌كان په‌ندیان له‌ سێ شكستی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی كوده‌تاكه‌یان وه‌رنه‌گرت و له‌ قۆناغی چواره‌مدا په‌نایان بۆ مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان و وتاری توندوتیژی داعش ئاسای ئه‌و مه‌لا و ئیمامانه‌ برد كه‌ له‌ رووی سیاسی و حزبییه‌وه‌ سه‌ر به‌خۆیانن، ئه‌و قۆناغه‌ش نه‌یگه‌یاندنه‌ ئامانجه‌كانیان و شكستیان پێهێنرا، كوده‌تاچیه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك مه‌ست و سه‌رگه‌رمی كوده‌تا ببوون، به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان و له‌ قۆناغی پێنجه‌مدا په‌نایان برده‌ به‌ر كاری تیرۆریستی و كه‌ناڵی رووداویان به‌ ئامانج گرت، دوای گرتنی تیرۆریسته‌كه‌ و دان پێدانای تاوانه‌كه‌ و ئاشكرا بوونی حزبه‌كه‌ی پشتی كوده‌تاكه‌ش، هه‌موو لایه‌نه‌كانی به‌شدار بووی زنجیره‌ كوده‌تاكه‌، به‌ درووشمی هه‌موومان كۆمه‌ڵی ئیسلامین كه‌وتنه‌ هه‌وڵی دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ كردنی كاره‌ تیرۆریستیه‌كه‌ و به‌رگری كردن له‌ تیرۆریست و ده‌ست و حزبه‌كه‌ی پشت تیرۆریسته‌كه‌،
هێشتا قۆناغی پێنجه‌می كودتاكه‌یان پینه ‌و په‌ڕۆ نه‌كردبوو، بۆ به‌ لاڕێدا بردنی كاره‌ تیرۆریستیه‌كه‌ و پاك ده‌رخستنی حزبه‌كه‌ی پشت تیرۆریسته‌كه‌، شه‌وێك پێش جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز قۆناغی شه‌شه‌می كوده‌تاكه‌یان ده‌ست پێكرد، له‌م قۆناغه‌دا چه‌ند چه‌كدارێك به‌ پێی نه‌خشه‌و پیلانێكی پێشوه‌خته‌ و له‌ دره‌نگانی شه‌ودا په‌لاماری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانیان دا.
ئه‌وه‌ی بۆته‌ جێگای پرسیار و مایه‌ی خه‌می خه‌ڵك، ماوه‌ی ساڵێكه‌ كوده‌تاچیه‌كان بێ گوێگرتن له‌ داواكانی خه‌ڵك و له‌به‌رچاو گرتنی دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ست كردن به‌ هه‌ستیاری قۆناغه‌كه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن پرسی كورد و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بخه‌نه‌ ژێر گوشار و به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار په‌لكێش بكه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئومێده‌كانی له‌سه‌ر هه‌ڵچنیون، ئه‌و هیزه‌ نه‌ته‌وه‌یی و كوردپه‌روه‌ره‌یه‌ كه‌ هه‌م له‌ رووی كوده‌تاچیان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و هه‌میش له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیان هه‌یه‌ داوای گشتپرسی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌نگ و بڕیاری گه‌ل ده‌كات، ئه‌وه‌ش پرسی كورد و خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی خستۆته‌ دووڕیانی دوو ئیراده‌ی دژ به‌یه‌ك، كه‌ ئیراده‌ی حزبی و خواستی كوده‌تاچێتی و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و خواستی گه‌لن، لێره‌دا پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا گه‌ل خۆی راده‌ستی ئیراده‌ حزبی و خواستی كوده‌تاچیه‌كان ده‌كات؟ یان سنوورێكیان بۆ داده‌نێ و ئیراده‌ حزبی و خواستی كوده‌تاچیه‌كان دێنێته‌وه‌ ناو ئیراده‌ و بڕیاری گه‌ل
Top