رووی یاساییی پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ هێز و لایەنە سیاسییەکان
July 2, 2016
وتار و بیروڕا
کاتێ کۆشش دەکەین و دەمانەوێت بونیادی کۆمەڵایەتی تۆکمە بێت و، ئاشتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی جۆش بدەین، یەکڕیزی و کۆدەنگیی نیشتمانی بەدی بێت، وا پێویست دەکات تاکی حزبی یان گرووپگەلی حزبی (مەکتەب سیاسی یان جڤات) پەنا نەبەنە بەر دەستوەردان لە بەرژەوەندییە ستراتیژییە نیشتمانییەکان، بە مانایەکی تر، نابێت رێگر بن لە رێکارەکان، ئەگەرنا وەک سیاسی و هاووڵاتی و حزب، ئازادن چ دەڵێن و چۆن دەنگ دەدەن، بە پێچەوانەوە دەبێ گەل بێتە سەر خەت، دەنا کۆمەڵگا رووبەڕووی شڵەژان و ئاژاوە دەبێ و، لەوانەیە سەر بکێشێ بۆ مەترسی خستنەسەر ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و هاریکاری و پشتیوانیی جڤاکی.
کۆمەڵگا کە دیاردەیەکی سروشتیی ماددییە پێداویستییەکانی مرۆڤ تەحەکومی بەسەردا دەکات و، پەیوەندیی بەردەوامی و رێکخراو و جێگیری هەیە، کۆمەڵگا خولیا و ئامانج و پێداویستیی گشتی کۆی دەکاتەوە و رێکی دەخات.
کاتێ پەیام باس لە ئازادی دەکات، کە سەرمایەی هەرە مەزنی مرۆڤە، ئەوا بە هیچ کلۆجێ ناکرێ، هیچ هێزێک رێگای لێ بگرێت، چونکە ئازادی دروست ناکرێت، بەڵکو هەیە و نابێ رێگای مومارەسەکردنی لێ بگیرێت، بەکارهێنان و مومارەسەکردنی ئازادیی تاک و کۆ بە شێوەیەکی بەرپرسانە، نەک ناکۆک نییە لەگەڵ خواستەکانی مرۆڤبوون و، بەرژەوەندیی گشتی، بەڵکو لە چوارچێوەی چەمکی دادپەروەری و یاسادا پیادە دەکرێت.
لەم باسەدا، پەیامی نیشتمانیی بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێم بێت، یان وەک سەرۆکی پارتێکی سیاسی، خاوەن مێژووی سیاسی و یاسایی و شۆڕشگێڕی، دەبێ بەرپرسانە و، دوور لە رق و کین تەماشای بکەین، تا مانا و دەلالەتی وەک خۆی بەرجەستە بکرێت، هەر بۆیە رووی سەرەکیی لایەنی یاسایی بەم شێوەیە دەخەینە روو:
یەکەم: پەیامێکە بۆ نیشتمان
گەل و خاکی کوردستان مێژوویەکیان لە خەبات و قوربانیدان هەیە، سەدان ساڵە کورد لە ژێر دەسەڵاتی بێگانەدا تاک و کۆمەڵ و خاک و سامانی رووبەڕووی تاوانکاری و سوتماک بووهتهوه، بارزانی دەڵێ ئیستا نیشتمان کار و ئەرکی سەرەکیمان لێ دەخوازێت، ئەویش: داوا دەکات هەموومان بۆ نیشتمان بیر بکەینەوە و بۆ پاشهڕۆژی نەوەکانمان کار بکەین، بیرکردن بۆ نیشتمان و وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی، جەوهەری کاری مێژووییی بزاڤی نیشتمانی و ئەرکی ئەمڕۆمانە، ئەمەش لە یاسادا دەگوترێت کە: کڕۆکی یاسایە و بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی هەموومانە.
دووەم: هێز و لایەنە سیاسییەکان
حزبە سیاسییەکانی کوردستان نایاساییە رێگربن لەوەی کە دژی ریفراندۆم و ئەنجامدانی بن، بە گوێرەی یاسای حزبەکان یەکێ لە ئیلتیزامە سەرەکییەکانی حزب پابەندبوونە بە مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی کوردستان، حزبەکان دەبێ نیشتمانسازی و هەنگاوەکانی بە دەوڵەتبوون لە سەرووی هەر دیت و خولیایەکی تری سیاسی، یاسایی، کۆمەڵایەتی، ئابووری ببینن.
سێیەم: بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی
گەلان لە کەش و ژینگەی تایبەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی پرس و خواستە نیشتمانییە رەواکانیان پەرە پێدەدەن و کاتی گونجاو دیاریی دەکەن. لە چوارچێوەی یاسادا، شوێن و کاتی گونجاو مانای یاسایی هەیە، بڕوا ناکەم دوو کەس ناکۆک بن لەوەی کە لە ئێستادا لەبارترین ژینگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە کە گەلی کوردستان پێناسەی خۆی بکاتەوە و، ویستی خۆی بۆ ئەندامبوون لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دووپات بکاتەوە، ئەمەش هاوڕایە لەگەڵ ئەرکە کوردستانییەکان و خەباتی رەوامان و رێساکانی یاسای گشتیی نێودەوڵەتی.
چوارەم: ململانێی ناوخۆیی
لەبەرئەوەی هەمیشە ململانێ ناوخۆییەکان پێناسە و گوتاری جیاوازیان هەیە، کە زیاتر بەرژەوەندی و گرووپبەندی ناوخۆیی لە رووی ئایدیا و مەبەستەوە، لە کاتێکی دیاریکراودا تەحەکومی بەسەردا دەکات و، هەندێ جار ئیمتیدادی دەرەکی – نەیاری بۆ دروست دەبێت، لەژێر هەر پەردەیەکی یاسایی و سیاسیدا بن، نابێت ببنە پاساو و رێگر بن لە بەردەم ئەداکردنی ئەرکە نیشتمانییەکان، بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی هەموو دامەزراوە و حزبێکەوهیه، هەر بۆیە نابێ بۆچوونی جیاواز (کەسی و حزبی) رێگر بن لە دەرفەتی ئەنجامدانی کاری نیشتمانی. واتا، ئەگەر تێگەیشتوویی و پێگەیشتووییمان هەبێت، دەبێ روانگا سیاسییە هەنوکەیی و دیتە جیاوازەکان نەبنە رێگر لە ئەرکە نیشتمانییەکان، ململانێ هەموو جار نە یاسایی و نە ئاساییە، لە بەرانبەر پرسە چارەنووسسازەکان، هیچ جەدوایەکی قانوونی نییە. هەر بۆیە بارزانی دەڵێت: نابێ ئەم مقۆمقۆیە ببنە رێگر لە بەردەم ئاوات و ئامانجی کوردستانیاندا.
پێنجەم: گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا
پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی نیشتمانی، بێگومان بە گفتوگۆ دەست پێدەکات نەک بە موفاجەئات، دەبێ بەغدا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بزانن کە کوردستان بەرەو ریفراندۆمی نیشتمانی هەنگاو دەنێت، راگەیاندنی ئەم پرسە بەم ئاراستەیەدا هەنگاوێکی یاساییە، ئەمە پرسی خستنەڕوو خۆپێناسەکردنە، ئەنجامدانی ریفراندۆمیش پرسی مومارەسەکردنە، نەک هەر نایاسایی نییە، بەڵکو هەنگاوی دروست دەبێت ئاوا بێت.
شەشەم: بانگهێشت و پەیامی ئاشتیانە
بانگهێشتی بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان ئاشتیانە و دیموکراسیانەیە، مەرام و مەبەستی نیەتپاکییە، بارزانی دەڵێ: لایەنە سیاسییەکان هاوکار و هەماهەنگ دەبن بۆ میللەت، دوژمنی یەکتر نین، زێد و خەباتێکیان هەیە، ئەمجارەش خوانی نیشتمان کۆمان دەکاتەوە، سفرەی ئۆباڵی مێژوویی کۆمان دەکاتەوە، کاتێ باس بێتە نێوان سەر پرسە چارەنووسسازەکان ئەوا لە حاڵەتی بوونی بڕیاری گەل و سەروەریی گەلدا، دامەزراوە دەستوورییەکان (سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەت و دەستە) تەنها میکانیزم دەخەنە روو، ئەگەر بڕیار بێت بێ ریفراندۆم یەکسەر بڕیاری سەربەخۆیی بدرێت، ئەم بڕیارە یاساییترە بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی باشووری کوردستان کە پەرلەمان بڕیار بدات، ئەوکات سەرۆکی نیشتمان لە پەرلەمان پەیام رادەگەیێنێ و پەرلەمانیش پێشوازی لێ دەکات، واتا هەردوو دەستەڵاتی یاسادانان و راپەڕاندن هەماهەنگیی دەکەن، لە پەیامی بارزانیدا ئەرکی ریفراندۆم لای وەکیل نییە، بەڵکو خاوەنشکۆ خۆی دێتە سەر سندووق و بڕیاردان، ئەویش دەنگی هاونیشتمانییە. لایەکی تر، پەیامی بارزانی ئاشتییانەیە و دیموکراسیانەیە بۆ گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ بەغدادا، ئەم ئەرکەش پەرلەمان نایکات بێگومان وەفدی رێگەپێدراوی دەستەڵاتی راپەڕاندن دەیکات.
هەروەها، شۆڤەی یاساییی ئەنجوومەنی شوڕا کە جەخت دەکات لە بەردەوامیی دامەزراوەیەکی دەستووری وەک سەرۆکایەتیی هەرێم، شەرعیبوون و نەبوونی لەسەر ئەوە نەوەستاوە کە ئایا ئەم حزب یان ئەو بەو شرۆڤەیە رازین یان نا، ئەگەر بڕیار بێت یاسا سەروەر بێت. ئەمەش ئەو رەواییە ناسڕێتەوە کە بارزانی دەڵێ: با هەموومان بەیەکەوە کار بکەین.
حەوتەم: رۆژی داواکاری و راگەیاندنی پەیام
ئەگەرچی بارزانی لە ٣/٧/٢٠١٤ داوای لە پەرلەمان کرد کە یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی دەربکات و دیراسەی ئەوە بکرێ کە رۆژێک بۆ ریفراندۆم دیاری بکرێت، پەرلەمان ئەرکی خۆی بەجێ نەهێنا و، کارەکەی بە نیوەچڵی بەجێهێشت، زیاتر لە ساڵێک تێپەڕی و دیراسەی ئەم پرسەی نەکرد، لە ٢٣ی حوزەیران بە پێیچەوانەی یاسا و بڕیاری پەرلەمان و کۆدەنگی و هەماهەنگیی دەستەڵاتەکان، پەرلەمان خەریکی بڕیار و کاری بەلاڕێدابردنی حزبی بوو، لە بارێکی وادا، زۆر جوان و بیرهێنانەوەیەکی زۆر باش و بەجێیە کە بگوترێ لە جیاتی کاری نایاسایی، با کاری نیشتمانی ئەنجام بدەین.
هەشتەم: بەهای یاسا و بەهای سیاسەت
لە یاسادا دەڵێین، بەهای یاسا بە بەهای سیاسیی دیاریکراو مەحکومە، سیاسەت و رەهەندەکانی رەهینی بارودۆخن، بەهای دەقی یاسایش لەو بارودۆخەدا مانای راستەقینەی خۆی وەردەگرێ.
زانای فەرەنسی جۆرج بێردۆ دەڵێ: دەقی یاسایی بە هۆی ئەوەی بەهای هەیە خۆی فەرز ناکات، بەڵکو بەهۆی ئەوەی ناوەندێکی ژینگەیی کارکردنی هەیە کە قهبووڵیەتی دەقەکانی حوکمی بکات، بەهای دەبێ، ئەگەر ئەو ناوەندی ژینگەی کارە رەتی کردەوە، ئەوا جێکەوتی نامێنێ.
کەواتا بە کوردی، بەهای یاساییی پەیامی سەرۆک، بەهایەکی زیندووە لە ژینگەی کارکردنی کوردستانیدا، ئەگەرنا سیاسەت و کارەکتەری حزبی رۆژ!! لێبگەڕێت، ئەوا جاڕی کارکردن بۆ ریفراندۆم بەهای یاسایی خۆی هەیە کە لە ناوەندی سیاسیی کۆمەڵی کوردستانیدا خۆی دەبینێتەوە و قهبووڵکراویشە.
وێنەکانی مێژوو، خەبات و قوربانیدان، ئەوەمان لێ دەخوازن کە لە دنیایەکی "ناسیاسی"دا، لە بەهای یاسایی کارکردنی نیشتمانی کەم نەکەینەوە، بەم شێوەیەش، وەک مامۆستا ئەبوبەکر کاروانی گوتی: پێویستە لایەنە سیاسییەکان وەڵامی ئەرێنیی بانگەوازی بارزانی بدەنەوە.