ره‌خنەم له‌ پارتیش هه‌یه‌

ره‌خنەم له‌ پارتیش هه‌یه‌
ئاخر چۆن تیری ره‌خنه‌كانم ئاڕاسته‌ی سه‌ر دڵی پارتی نه‌كه‌م و تیربارانی نه‌كه‌م! عه‌ره‌ب به‌ عه‌ره‌بی خۆی و به‌و هه‌موو رق و كینه‌ی له‌ كوردی هه‌ڵگرتووه‌، پێشوازی له‌ وه‌فدی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆڕان ده‌كات و پشتیوانی رێككه‌وتنه‌كه‌شیان ده‌كات، كه‌چی تۆ ده‌ڵێی: به‌ جووت نایانبینم و یه‌ك به‌ یه‌ك له‌ گه‌ڵیان داده‌نیشم.
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گۆڕانخوازانیدا گوتوویه‌تی: ته‌قه‌ له‌ دوو كونسوڵگه‌ری بكه‌ن و ئه‌ندازیار و كارمه‌ندانی كۆمپانیا بیانیه‌كان بڕفێنن، خۆ دونیای خراپ نه‌كردووه‌! من دڵنیان له‌وه‌ی مه‌به‌ستی بووه‌ هه‌ولێر له‌ خه‌ڵكی بیانی پاك بكاته‌وه‌، بۆچی ده‌یده‌یه‌ دادگا؟ ئه‌وه‌نیه‌ داعش به‌ ئاشكرا خه‌ڵك ده‌سووتێنێ و نه‌یارانی سه‌ر ده‌بڕێ، ئه‌وه‌نییه‌ حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك داعش ره‌فتار ده‌كا و كورد له‌ دوزخورماتوو ئاواره‌ ده‌كا و پاسه‌وانانی سه‌رۆك كۆماریش ده‌ڕفێنێ و كه‌سیش له‌ گوڵ كاڵتریان پێناڵێ.
دوو كادیری كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ بۆمبی ده‌ستی هیڕشیان كردۆته‌ سه‌ر كه‌ناڵی رووداو و ته‌نها پێنج كارمه‌ندی ئه‌و كه‌ناڵه‌یان بریندار كردوون، چ ره‌وای هه‌قه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ت توند كردوون و ده‌ته‌وێ دادگاییان بكه‌ی، ئێ خۆ وه‌ڵڵا كارێكیان نه‌كردووه‌ پێچه‌وانه‌ی كارنامه‌ و ستراتیجیان بێت، باشه‌ كاكی پارتی چۆن واده‌بێ!!! حزبێك كار بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونی راسته‌قینه‌ی بكا و تۆش بیگری و بیده‌یه‌ دادگا، بۆیه‌ ناچارم له‌ پای ئه‌و كاره‌ دیكتاتۆریانه‌ و رێگریت له‌ خواستی ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی مه‌داكانی دیموكراسی بتده‌مه‌ به‌ر تیری ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌بارانت بكه‌م.
Top