ده‌ركراوه‌كان چوونه‌وه‌ به‌غدا

ده‌ركراوه‌كان چوونه‌وه‌ به‌غدا
زۆر له‌ مێژ نییه‌ و دوو مانگێك به‌ر له‌ ئێستا په‌رله‌مانتارانی كورد به‌ گشتی و په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی و گۆڕان به‌ تایبه‌تی، دوای شه‌قتڕێنێكی خه‌ستوخۆڵ و به‌ نیمچه‌ رووتی له‌ به‌غداوه‌ وه‌ك ماڵی قه‌ڵب به‌سه‌ر خاوه‌نه‌كانیاندا درانه‌وه‌، به‌ گه‌یشتنه‌وه‌یان وه‌ك ئه‌وه‌ی (ماندێلا) له‌ به‌ندیخانه‌ ده‌رچووبێ، یان بارزانی نه‌مر له‌ گه‌شته‌ تورك شكێن و فارس به‌زێن و عه‌ره‌ب تاسێنیه‌كه‌ی چۆمی (ئاراس) گه‌ڕابێته‌وه‌، له‌ كوردستان هه‌وڵی به‌ پاڵه‌وان كردنیان ده‌درا، كه‌چی هه‌ر زوو وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌ بایان دیبێ و نه‌باران به‌ كۆك و پۆشته‌یی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌غدا، من پێم وابوو خاوه‌نی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ شكسته‌كانی رابردووش په‌ندیان وه‌رنه‌گرتبێ، په‌ند له‌و نیمچه‌ رووتی و شه‌قتڕێنیه‌ی ئه‌م دواییه‌ی په‌رله‌ماتاره‌كانیان وه‌رده‌گرن و به‌ (ئه‌دیداس) به‌رگی (خاكی و كه‌تافی) سه‌ر شان نه‌بێ، هه‌رگیزا و هه‌رگیز ناگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌غدا، به‌ڵام كورد ده‌ڵێ: ئاش كه‌ فێره‌ میستن بوو هه‌ر ده‌میزێ، ئه‌وانیش كلتووره‌ و بۆیان ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ جه‌سته‌ش له‌ به‌غدا دووربن به‌ دڵ و بیروهۆش هه‌ر له‌ به‌غدان.
چوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌یان له‌ هه‌موو چوونه‌كانی رابردوویان جیاوازه‌، نه‌چوون به‌ به‌غدا بڵێن: بۆچی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور جێبه‌جێ ناكه‌ن؟
نه‌چوون به‌ مالیكی و عه‌بادی و ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌ی سه‌وز بڵێن: هه‌مووتان ره‌فتار و ره‌وشت سه‌ددامین و هه‌زار ره‌حمه‌ت له‌ كفندز.
نه‌چوون به‌ به‌غدا بڵێن: بڕینی مووچه‌ و قووتی خه‌ڵكی كوردستان بۆچی؟
نه‌چوون به‌ به‌غدا بڵێن: زه‌وتكردنی مووچه‌ و بودجه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆچی؟
نه‌چوون به‌ به‌غدا بڵێن: با حه‌شدی شه‌عبی كوردكوژی و ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی دوز و ده‌وروبه‌ری رابگرێ!
نه‌چوون به‌ به‌غدا بڵێن: چاره‌نووسی چوار پاسه‌وانه‌ رفێنراوه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمارمان پێبڵێن!
چوون به‌ به‌غدا بڵێن: هه‌ڵوێسته‌كانی بارزانی له‌سه‌ر عێراقچیه‌كان مه‌ترسین و هاتووین پێتان بڵێین: شان به‌ شانی ئێوه‌ دژی ده‌وه‌ستینه‌وه‌.
چوون به‌ به‌غدا بڵێن: یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ده‌پارێزین.
چوون به‌ به‌غدا بڵێن: دژی راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردین.
چوون به‌ به‌غدا بڵێن: سه‌د جاری تریش شه‌قتڕێنمان كه‌ن و نه‌ك به‌ نیمچه‌ رووتی، به‌ڵكو به‌ رووتوقووتی له‌ ده‌رگاوه‌ فڕێمانده‌نه‌ دره‌وه‌، به‌ كۆك و پۆشته‌یی له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ دێینه‌وه‌ ژووره‌وه‌
Top