تاكڕه‌وی

تاكڕه‌وی
گریمان له‌ سایه‌ی رێكه‌وتننامه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان توانرا كۆتایی به‌ تاكڕه‌وی له‌ هه‌ولێرو دهۆك بهێنرێت، باشه‌ ئه‌ی چی له‌ سلێمانی بكه‌ین؟.
چۆن بتوانین رێگه‌ خۆش بكه‌ین بۆ خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت چه‌ند كه‌سێكی پارتی یان ئیسلامی یان شیوعی یان سۆسیالست...هتد له‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی سلێمانی جێگه‌یان‌ بكرێته‌وه‌‌.
چۆن بتوانین مولازمێك یان مفه‌وه‌زێك یان فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ ره‌نگێكی جیاواز له‌ یه‌كه‌ی 70 دابمه‌زرێنین.
چۆن بتوانین دڵی براده‌ره‌كانی خۆمان له‌م ده‌ڤه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌ نه‌رم بكه‌ین رێگه‌ بده‌ن مودیری قوتابخانه‌یه‌ك به‌رپرسی هۆبه‌و به‌ش و فه‌رمانگه‌یه‌ك، راگری كۆلیژێك، گرێبه‌ستێكی خزمه‌ت گوزاری شاره‌وانی دوور له‌ ته‌زكیه‌ی حزبی به‌ پێشكه‌شكردنی سیڤی دابمه‌زرێنین.
خۆ ئه‌گه‌ر بڕیار بێت شه‌ڕی تاكڕه‌وی بكرێت، ده‌بێ ئیتر هه‌ر كه‌سه‌و له‌ ماڵی خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێبكات و له‌و ده‌ڤه‌ره‌ سه‌وزه‌ش چیتر مۆنۆپۆلی بازارو بازرگانی نه‌كرێت و چیتر نایابترین زه‌وی له‌ ناو جه‌رگه‌ی شار به‌بێ به‌رامبه‌ر به‌ سه‌ر كۆمپانیا حزبیه‌كان تاپۆ نه‌كرێن. خۆ ده‌بێ له‌مه‌ودوا داهاته‌ گومرگیه‌كان شه‌فاف بن و چیتر حزب برا به‌شی له‌ گه‌ڵ حكومه‌ت نه‌كات. خۆ ده‌بێ تیجاره‌تی غازو نه‌وت له‌ ژێر چه‌پۆكی پیاوه‌ سه‌ربازیه‌كان ده‌ربهێنرێت كه‌ به‌زه‌بری لووله‌ی تفه‌نگ ناهێڵن بازرگانی كردن له‌م سێكته‌ره‌ یه‌ك هه‌ناسه‌ی بچوكیش بدات. هه‌روه‌ها خۆده‌بێ بۆ ده‌رباز بوون له‌ تاكڕه‌وی و پێشكه‌شكردنی نموونه‌یه‌كی جیاواز وه‌به‌رهێنان و بازرگانی ده‌رمان و مقاولات و ته‌نده‌رات ئازاد بكرێن.
ئه‌وكات ئێمه‌ش هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسووده‌ هه‌ڵده‌مژین و ده‌ڵێین ئۆخه‌ی له‌ به‌شێكی هه‌رێمه‌كه‌مان دونیا شامی شه‌ریفه‌. به‌ڵام گه‌ر من ماڵه‌كه‌م سه‌رتاپا یه‌ك پارچه‌ شووشه‌ بێت، بڕیارم داوه‌ قه‌ت به‌رد بارانی په‌نجه‌ره‌ی خه‌ڵك نه‌كه‌م.
Top