كۆتایی داعش، كۆتایی یه‌كپارچه‌ییه‌

كۆتایی داعش، كۆتایی یه‌كپارچه‌ییه‌
یه‌كپارچه‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی له‌ عێراق، تا پێش هاتنی داعش، ئاسان ده‌گوترا و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرا به‌تایبه‌تی له‌ نێوان پێكهاته‌كانی عه‌ره‌بی شیعه‌، عه‌ره‌بی سووننه‌، كورد و توركمان و مه‌سیحیه‌كان، ئه‌گه‌رچی كورد له‌ سایه‌ی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی باس ده‌كرا، رووبه‌ڕووی زۆر له‌و ته‌حه‌دیانه‌ بووه‌ مه‌رامی ملكه‌چ كردنی كوردی تێدا بوو. به‌ڵام ئێستا ئاماژه‌ كردن به‌یه‌كپارچه‌یی عێراق و پێكه‌وه‌ژیان، ته‌نیا له‌و دێرانه‌ ده‌گوترێن كه‌ باس له‌ كۆتاییهێنانی ده‌كرێ و كه‌متر پێداگیری له‌سه‌ر گرنگی مانه‌وه‌ی ده‌كرێ، ته‌نیا ئه‌وانه‌ نه‌بێ ویستی ده‌سه‌ڵاتێكی تاكڕه‌ویی ناوه‌ندگه‌رایی به‌سه‌ر هه‌موو عێراقدا بسه‌پێنن، ئه‌مه‌شیان له‌ ئێستادا زه‌حمه‌ترین ئه‌گه‌ره‌، چونكه‌ ئاڕاسته‌ی رووداوه‌كان له‌گه‌ڵ هاتنی گرووپی تیرۆریستی داعش، واقیعه‌كه‌ی به‌وشێوه‌یه‌ گۆڕی ئێستا له‌ ئارادایه‌.
یه‌كپارچه‌یی عێراق، پابه‌ندبوو به‌ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و ده‌ستوره‌ی زیاتر له‌ 80%ی عێراقیه‌كان ده‌نگیان پێدابوو، ئه‌گه‌رچی به‌شێك له‌ سووننه‌كان ده‌نگیان پێ نه‌دا، ئێستا سووننه‌كان زیاتر له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌یانه‌وێ ئه‌و یه‌كپارچه‌ییه‌ی له‌ دیباجه‌ی ده‌ستوری پێشێلكراوی عێراق هه‌یه‌ نه‌مێنێ. واقیعی ئه‌زموونی سیاسی عێراقی دوای سه‌ددام حوسێن، به‌ پرۆسه‌یه‌كی هێواش ئه‌و بڕوایه‌ی بۆ سووننه‌كان په‌یدا كرد، خه‌ونی یه‌كپارچه‌یی و ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ ده‌ست له‌لایه‌ن سووننه‌وه‌ ئه‌گه‌رێكی دووره‌. ئه‌مه‌یش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر هه‌ندێك له‌ سوونه‌كان هێنا له‌ هاتنی داعشدا بكه‌ونه‌ به‌شێكیان بكه‌ونه‌ به‌ره‌ی تیرۆر و ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریسته‌ به‌ فریادڕه‌سی خۆیان بزانن.
له‌ 2008ه‌وه‌ زیاتر جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی بێ ئومێد بوو له‌وه‌ی ئه‌م عێراقه‌ بتوانێ له‌ سایه‌ی یه‌كپارچه‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی سیمای وڵاتبوونی بپارێزێ. ئه‌ویش هێنانی سوپا بوو بۆ خانه‌قین و سه‌عدییه‌ و جه‌له‌ولا له‌لایه‌ن مالكیه‌وه‌. رووداوه‌كانی دوای ئه‌م مه‌ترسیه‌، دروستكردنی هێزی سه‌ربازی له‌ كه‌ركووك(دیجله‌) و پشتكردن له‌ رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كان، روئیایی سه‌رۆك بارزانی زیاتر بوو بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ عێراق، به‌ڵام كه‌مترین ده‌رفه‌ت هه‌بوون وه‌ك له‌وه‌ ئێستا بۆ كورد هاتۆته‌ پێش.
مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك ناوه‌نده‌كانی ستراتیژی و لێكۆڵینه‌وه‌ و میدیا جیهانیه‌كان به‌ كاره‌كته‌رێكی سیاسی سه‌ره‌كی وه‌سفی ده‌كه‌ن به‌وه‌ی راشكاوانه‌ له‌باره‌ی عێراقه‌وه‌ ده‌وێ و شرۆڤه‌ ده‌كات، هه‌فته‌ی رابردوو، به‌ رۆیته‌رزی وتووه‌: فیدراڵیزم سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو بۆ عێراق، كۆنفیدراڵی یا جیابوونه‌وه‌یه‌كی ته‌واو په‌یڕه‌و بكرێت گونجاوتره‌. هه‌مان بۆچوون پێشتریش به‌ستبووه شه‌ڕی ئازادكردنی مووسڵ.
ئه‌م بۆچوونه‌ی به‌ڕێز راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌و دۆخه‌یه‌ پرۆسه‌ی ئازادكردنی موسڵ ده‌ستپێده‌كات، ئازادكردنی ئه‌و شاره‌یش و كۆتایی داعش و كۆتایی عێراقی یه‌كپارچه‌ییه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش، جۆره‌ ده‌نگێكی جیاواز هه‌ست پێ بكرێ، ئاساییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی بایه‌خی زیاتر بوو، دوای ئه‌و بۆچوونه‌ی به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی به‌شێك له‌ شیعه‌كان، زۆربه‌ی سووننه‌كان، پشتیوانی خۆیان ده‌ربڕی، له‌وه‌ش گرنگتر له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش بووه‌ پرسێكی گرنگ.
له‌گه‌ڵ ئه‌م دركاندنه‌ راشكاوییه‌ی به‌ڕێز مه‌سروور بارزانیدا، په‌یامێكی گرنگتر له‌ سه‌رۆك بارزانیه‌وه‌ راگه‌یه‌نرا، وه‌ك له‌جه‌وهه‌ری په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم لە زووترین كاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و هەنگاوی یەكەم ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆی ڕاشكاوانە و برایانە.
لێره‌ به‌ به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو په‌یامه‌، كه‌ كۆتایی داعش و ئازادكردنی مووسڵ كۆتایی عێراقی یه‌كپارچه‌یه‌،(مه‌سروور بارزانی) و له‌ پێشه‌كی په‌یامی(سه‌رۆك بارزانی)یشدا ئاماژه‌ كردن بۆ قۆناغێكی نوێی له‌ ناوچه‌كه‌، ده‌لاله‌تی گرنگ و به‌رچاوڕوونن،‌ كۆتایی داعش نزیكه‌، ئازادكردنی موسڵ به‌ستراوه‌ به‌م پرسه‌وه‌.
جیا له‌م دوو په‌یامه‌، ئاماژه‌ی دیكه‌ هه‌ن بۆ كۆتاییهێنان به‌یه‌كپارچه‌یی عێراق دوای كۆتاییهێنان به‌ گرووپی تیرۆریستی داعش، به‌تایبه‌تی هێزه‌ سووننیه‌كان پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ بۆچوونیان دیاره‌، دوای داعش بیر له‌ شێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه‌، له‌مه‌شیان زیاتر بایه‌خی ناوه‌نده‌ گرنگه‌كانی جیهانییه‌ به‌ پرسی دابه‌شبوونی عێراق بۆ سێ به‌ش. به‌ڵام هه‌مووی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ كۆتایی داعش.
قۆناغێكی نوێیشه‌ بۆ عێراقیه‌كان له‌ دوو بابه‌تی گرنگ ده‌ربازیان ده‌بێ، كۆتایی دێ به‌ دڕه‌نده‌تریش گرووپی تیرۆریستی داعش، به‌شێك له‌و وڵاته‌ به‌ناو(یه‌كپارچه‌ی)ی پێشووی وێران كرد، به‌ڕۆیشتنیشی عێراقێكی سێ پارچه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و ئیتر پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زبیه‌كان ده‌بن به‌ دراوسێ، كه‌ كورد خوازیاری دراوسێیبوونێكی باشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو پارچه‌كه‌ی دیكه‌.

Top