ئەمجارە بە قسەی سەرۆك بكەن

ئەمجارە بە قسەی سەرۆك بكەن
كوردستان بە قەیرانی دارایی و ململانێی حزبەكاندا تێدەپەڕێت، لەو نێوەدا خەریكە ململانێی حزبی بە قۆستنەوەی باری ئێستای كوردستان، مەسەلە گرنگەكانمان لەبیر دەباتەوە، لە جیاتی ئەوەی هەموولایەك بەدوای چارەسەری ئەو قەیرانەدا بگەڕێن و لەو گۆڕانكارییەی لە ناوچەكەدا بەڕێوەیە وردببنەوە، خەریكی یەكترشكاندنن، ئەمە چ بەڵایەكە یەخەی كوردستانی گرتووە.
ئەگەر حزبەكان دەیانەوێ لەگەڵ خەڵكی كوردستان راستگۆبن، تاكە رێگە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و قسەكردن لە چارەنووسی كوردستان پێكەوەدانیشتن و گفتوگۆیەكی جدیە، باشترین زەمینەش هەوڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە كە رێگە بۆ كۆدەنگی نیشتمانی خۆش دەكات، سەرۆك بارزانی رۆژی 23 ی حوزەیرانی 2016 پەیامێكی گرنگی راگەیاند، جارێكی دی داوای لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد، كۆبوونەوەیەك بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو بكەن، سەرۆك بارزانی چەندان هەوڵیدیكەی لەو شێوەی هەبووە، بەڵام ململانێی حزبی رێگربووە، دیارترین كۆبوونەوەش رۆژی 18/5/2015 بوو كە نەخشەرێگەیەكی باش بوو، بەڵام حزبەكان خۆیان لێ بێدەنگ كرد.
سەرۆك بارزانی دەڵێ:" بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی". ئاماژەكانی ئەو پەیامەی سەرۆك بارزانی پێمان دەڵێ كوردستان لەبەردەم دووڕیانێكدایە، یان چارەنووس مسۆگەر بكەین، یان ئەوەتا پرسە چارەنووسسازەكان بكەینە قوربانیی ململانێی نێوخۆیی و ئەو دەرفەتەی ئەمجارە بۆ گەلەكەمان هاتۆتەدی لە دەستی بدەین، ئەمەش بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە، هەقە هەموولایەك شانی بداتەبەر، دەكرێ ناكۆكییەكان و گردبوونەوە لە یەكتری بۆ قۆناغێكی دی هەڵبگیرێن و ئەمجارە بە قسەی سەرۆك بكەن، بۆئەوەی كۆدەنگی نیشتمانی بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو و چۆنیەتی دەستپێكردنی یەك بەیەكی ئەو هەنگاوانە دروست ببێت، هەقە هەموولایەك درك بەوە بكەن، كوردستان پێویستیی بە یەكدەنگی بەرامبەر ئەو رووداوانە هەیە كە بەڕێوەن، ئەمەش بەوە دەكرێ لایەنەكان دان بەخۆیاندا بگرن و هەر بە دوای پشكی حزبەوە نەبن، ئەمڕۆ پێویستیمان بە یەك بەرە و یەك جەمسەر هەیە نەك چەند جەمسەر و تەوەرێك، ئەگەر كوردستان لەو تاقیكردنەوەیە دەرچوو، ئەوكات پشكی هەموو لایەك پشكێكی گرنگ و مێژوویی دەبێت، ئەویش پشكی بەشداریكردن لە پاراستنی شكۆی گەل و نەتەوە و وەدیهێنانی مافی چارەنووسە، تۆبڵێی هیچ هێز و لایەنێك هەبێت، خۆی لەو پشكە بێبەش بكات؟
Top