ده‌ڵێن پارتی به‌ ته‌نیایه‌

ده‌ڵێن پارتی به‌ ته‌نیایه‌
زۆر جاران له‌ هه‌ندێ میدیای حزبی و سێبه‌ر و هه‌ڵسووڕاو و داسووڕاو و بانگخوازی سیاسی، گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بم كه‌ ده‌ڵێن: پارتی به‌ ته‌نیایه‌ و چوار حزبی یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو هاوڕان، راسته‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ پێیان سپێردراوه‌ و ده‌بێ به‌ چاك و خراپ دژایه‌تی پارتی بكه‌ن، بۆ یه‌كێتی و یه‌كگرتووش دابه‌شبوونێك هه‌یه‌ و بۆ دژایه‌تی پارتی وه‌ك گۆڕان و كۆمه‌ڵ خۆیان ساخ نه‌كردۆته‌وه‌ و له‌ ناڵ و له‌ بزماریش ده‌ده‌ن، به‌ڵام من پارتی له‌وه‌ش به‌ ته‌نیا تر ده‌بینم كه‌ ئه‌و میدیا و هه‌ڵسووڕاو و داسووڕاو و بانگخوازه‌ سیاسیانه‌ ده‌یبینن، چونكه‌ جیا له‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و نیوه‌ به‌ نیوه‌ی یه‌كێتی و یه‌كگرتوو، په‌كه‌كه‌ و ئێران و عێراق و سوریا و داعش و حه‌شدی شه‌عبیش وه‌ك گۆڕان و كۆمه‌ڵ دژایه‌تی پارتی ده‌كه‌ن، له‌وه‌شدا ده‌بێ بپرسین بۆچی و له‌ پێناو چیدا پارتی ئاوا خۆی پیاوخراپ كردووه‌؟
له‌ راستیدا ئه‌وانه‌ هیچیان دژی پارتی نین وه‌ك حزب، دژی ئه‌و په‌یامه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ن كه‌ سه‌رۆك بارزانی به‌ پارتی هه‌ڵگرتووه‌، دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردین و سه‌رۆك بارزانیش رابه‌ر و سه‌ركاروانی ئه‌و ره‌وته‌یه‌ كه‌ ئه‌وانی ته‌نگاو كردووه‌، ئێ وه‌ڵڵا ناهه‌قیان نییه‌، ئه‌وان ده‌ڵێن: به‌ڵێ بۆ درێژه‌دان به‌ ژێرده‌سته‌یی كورد و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوه‌شی به‌غدای عرووبه‌، سه‌رۆك بارزانیش ده‌ڵێ: به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوه‌شی كوردایه‌تی.
Top