دەستخۆشی!

دەستخۆشی!
كارەسات و بەدبەختییەكی گەورەیە لە نێو هەر گەل و وڵاتێكدا، حەشیمەتگەلێك هەبێ بە دوای سیاسەتی كەسانێك بكەون كە لە هەموو ژیانیاندا، بەرژەوەندی و حەز و خولیای شەڕەنگێزانەی خۆیان لە مەزنیی نەتەوەو نیشتمان بە گەورەتر و گرینگتر زانیوە، كەسانێك لەوەتەی تێكەڵاوی سیاسەتی كوردی بوون، مێژوویان تژییە لە ناكۆكی، دووبەرەكی، فریوودەرو زاخاودانی شەڕەبەردەوامەكان. ئەوانە لە نێو تەمومژی سیاسەتی بەلاڕیدابردن و هەڵبەزودابەزدا خۆیان لێ ون بووە، نە نەتەوەیان خۆش دەوێ نەنیشتمان، ڕقیان لە هەموو كەسێكە و تەنانەت لە خۆیشیان، زۆربەی لایەنەكانی ژیانی كاراكتەرانی ئەم چیرۆكە بریتین: لە زوعف و لاوازی و خۆبەبچووکزانی، بۆیە هیچ هەستێكیشیان بۆ بەرپرسیارێتی وڵات نییە. ئەو ئایدیایەی بەرنامەی ئەوانی لە سەر دیزاین كراوە، بەتاڵە لە فەلسەفەی مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی و پێكەوەژیان و یەكتر قەبووڵكردن، تەنها بریتییە لە زهنیەتێكی تاریک و تاکڕۆیی . كولتووری جنێودان و توندوتیژی و هاتوهاواری ئیعلامی، گەورەترین شاباشی سەروەریی ئەوانن! ئامانجی هەرە سەرەكییان لە ژیاندا، سەنگەرلیدانە دژی هاوڕێکانیان و دواتر ڕاكردنە لە ژیان و سیاسەت و حزبایەتی .. ئەمە پەتایەكی ترسناكە و یەخەی گرتوون، بەڵام هیچ كارێك ناكەن بۆ چارەسەربوون و ڕزگاربوون لەم نەخۆشییە، بەڵكو دەیانەوێ شێرپەنجەئاسا بیگوازنەوە نێو شادەمارەكانی نوخبە جیاوازەكانی كۆمەڵگە و گەرای هەتاهەتایی بۆ وێرانكردن و داڕزاندنی بەهاكانی گەل و نیشتمان دابنێن. ئەوانە هەمیشە پەنا دەبەنە بەر ئەو پەڕپووتانەی دوور لە بەهای مەزنی مرۆڤەکان و دوور لە بڕوا و سەربەرزیی و خاكەڕای نیشتمان پەروردە كراون. پەنا دەبەنە بەر گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕۆژنامەكارە سووك و هەرزانەكان و دژ بە هەموو ڕەمز و بەها پیرۆزییەكانی وڵات هانیان دەدەن، بۆ داهینانی نویترین جنێو، دەستخۆشیان لێ دەكەن، ڕێگای وێرانكردن وشکاندنی شکۆی ئینسانی کوردییان بۆ نیشانە دەكەن، پێیان وایە سیاسیگەلیک و ڕۆشنبیریک لە وڵاتدا هەڵنەکەوتووە، ئەوانەی هەشن وەک دەروێش لە کن ئەوان خۆیان ناونووس کردووە!
ئەو جۆرە کاراکتەرە وەختێک تەنگاویش بوو فەشەلی خۆی بە هەڵاتن و ئیفلاسی فكری و سیاسی ڕادەگەیەنێت، دوای ڕاکردن و گەڕانەوەشی، دراماكە هەر بە گرێی زاخاودانی شەڕەبەردەوامەكان كۆتایی دێنێ!
Top